گیراوێكی سیدنایە:لەناو هەموو پاسەوانی گرتوخانەكەدا یەك كەسی میهرەبان بوو ئەویش كورد بوو

:: AM:11:54:29/04/2026 ‌
كەسێك بەناوی حەمدی حەریری لە گرتوخانەی سیدنایەی سەردەمی بەشار ئەسەد دا گیراوە، لەگفتوگۆیەكدا بۆ كەناڵی فەرمی سووریا دەیگێڕێتەوە كە یەك كەس لەناو هەموو ئەو پاسەوانانەی گرتوخانەكە میهرەبان بوو، ئەویش كورد بوو.

حەمدی باسی لەوە كردووە كە ماوەیەكی زۆر لەو گرتوخانەدا بووە، پڕ بووە لەخەڵكی جۆراوجۆر، گرتوخانەكە شوێنی كوشتن و ئەزیەتدان و وێران كردنی مرۆڤ بووە.

حەریری دەڵێت، ئەوەی سەیر بوو لەناو هەموو ئەو جەلادانەدا كەسێكی میهرەبان هەبوو، كە ئازاری هیچ گیراوێكی نەدەدا.

لەدرێژەی گێڕانەوەكەی گیراوەكەدا، دەڵێت ئەو كەسە بەرپرسیارێتیشی هەبوو، بەڵام بۆ مێژوو هەموو گیراوەكانی ناو گرتوخانەكە حەزیان دەكرد بەردەوام ئەو لەوێ بێت تا ئازاریان نەدرێت.

بەپێی قسەی حەمدی ئەو كەسە كوردێك بوو ناوی عزەدین بوو،  دەڵێت  ئەگەر خوا رەحمی  بەكەسێ  كردایە یان دۆعای دایك و باوكی كاری بۆ كردایە  ئەو گیراوە بەر  عزەدین دەكەوت. 

دەڵێ عزەدین وەك ئەوانی تر  لێ ئەداین، بەڵام نەی دەهیشت ئازارت پێ بگات،  لەو كاتەدا دەمان گووت: ئەگەر بەر بووین حەقە پەیكەرێك  بۆ عزەدین دروست كرێت .

گیراوەكەی سیدنایە دەیگرێڕێتەوە كە لەدۆخی نائومێدی و ئازاردا  دەمانگوت: هێشتا دنیا مرۆڤی چاكی تێدایە، لە عزەدینەوە دەمان زانی  دنیا خێری تیاماوە.

سیدنایە گرتووخانەیەكی سەربازییە لە نزیك دیمەشقی پایتەختی سووریا و دوای دروستكردنی لە ساڵی 1987 كرایەوە، ئەو گرتووخانەیە چەندان تایبەتمەندیی هەبووە بۆ ئازاردانی گیراوان.

سیدنایە بۆ گرتنی هەزاران گیراوی مەدەنی و دژە حكوومەتی بەعس و سیاسی بەكار دەهێنرا. بە نهێنیترین و دڕندەترین گرتوخانە ناو دەبرێت و دەكەوێتە نزیك شارۆشكەی سیدنایە كە نزیكەی 30 كیلۆمەتر لە باكوری دیمەشق دوورە، سەرەتا بە یەكەی مەشقی سەربازی دادەنرا، بەڵام دواتر بۆ هەزاران گیراوی مەدەنی و دژە حكوومەت و گیراوی سیاسی بەكار هێنرا.

بەدناوترین گرتوخانەی ڕژێمی ئەسەد بوو و بە سیمبولی ئەشكەنجەدان و دەستدرێژیی سێكسی و لەسێدارەدانی بەكۆمەڵە ناسرابوو.

ڕوانگەی مافەكانی مرۆڤی سووریا لە مانگی كانوونی دووەمی 2021، مەزەندەی كرد لە سەرەتای هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆی سووریاوە، 30 هەزار گیراو بەهۆی ئەشكەنجەدان و خراپ مامەڵەكردن و لەسێدارەدانی بەكۆمەڵ لەلایەن ڕژێمی ئەسەدەوە بەشێوەیەكی دڕندانە كوژرابن، لە كاتێكدا ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە مانگی شوباتی 2017دا، مەزەندەی كرد لە نێوان مانگی ئەیلوولی 2011 و كانوونی یەكەمی 2015 لە نێوان 5000 بۆ 13000 كەس لە سیدنایە بەشێوەیەكی دڕندانە لە سێدارە دراون.

لە 15ی ئایاری 2017، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا حكوومەتی سووریای تۆمەتبار كرد بە بەكارهێنانی ئامێری سووتاندن بۆ شاردنەوەی ئەو كوشتارانەی كە لە زینداندا ڕوویان داوە، هەروەها شاردنەوەی بەڵگەكان بۆ دادگاییكردنی تاوانەكانی جەنگ لەسەر بنەمای وێنەی مانگە دەستكردەكان.

بەگوێرەی خەمڵاندنەكانی كۆمەڵەی گیراوەكانی سیدنایە، لە ساڵی 2011 تا 2020 نزیكەی 30 هەزار كەس چوونەتە زیندانەوە كە تەنیا حەوت هەزار كەسیان ئازاد كراون، ئەوانی تر یان بە نایاسایی كوژراون یان بێسەروشوێن بوون.



وشە - سۆران عەزیز