هۆكاری سەردانی زەیدی بۆ كوردستان چییە؟

:: PM:01:26:01/05/2026 ‌
ئەمڕۆ هەینی یەکی ئایاری 2026، سەرچاوەیەکی سیاسیی ئاگادار لە جووڵەکانی عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراوی عێراق، ئاشکرای کرد کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا زەیدی سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات. ئامانج لەم سەردانە دیدارە لەگەڵ سەرکردە کوردەکان بۆ تاوتوێکردنی نەخشەی شایستەکانیان لە حكوومەتی نوێدا، ئەوەش پێش ئەوەی دۆسیەی هێزە سوننەکان بباتە پێشەوە و چاوی بە محەمەد حلبووسی سەرۆکی حزبی تەقەدووم بکەوێت.

ئەو سەرچاوەیە بۆ ئاژانسی شەفەق نیوزی ڕوون کردووەتەوە، سەردانەکەی زەیدی لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەبێت، تێیدا تاوتوێی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغدا و هەولێر دەکرێت، بە جۆرێک کە لەگەڵ بەرنامەی حكوومەتی نوێدا بگونجێت.

ئەم سەردانە چاوەڕوانکراوە دوای ئەوە دێت کە سەرکردە کوردەکان پشتگیریی خۆیان بۆ ڕاسپاردنی زەیدی بەمەبەستی پێکهێنانی حكوومەتی نوێی فیدراڵی ڕاگەیاند.

سەرچاوەکە زیاتر گوتی، دوای ئەوە زەیدی چاوی بە سەرکردە سوننەکان دەکەوێت کە یەکێکیان محەمەد حلبووسی سەرۆکی حزبی تەقەدوومە. مەبەست لەم دیدارە هەمان شتە، بەتایبەت کە حلبووسی ئاستی داواکارییەکانی حزبەکەی بۆ کابینەی حكوومەت بەرز کردووەتەوە، ئەمەش مشتومڕی لە ناوەندە سیاسییەکاندا دروست کردووە، بەتایبەت کە دۆسیەی وەزارەتە سوننەکان پێی ناوەتە قۆناغی دانوستانی ڕاستەوخۆوە.

بە گوتەی سەرچاوەکە، چارەسەرکردنی دۆسیەی پشکەکان بەپێی ئەو شایستانە دەبێت کە بۆ هەر پێکهاتەیەک پەسەند کراوە، ئەویش بەپێی نەریتی سیاسی و قەبارەی نوێنەرایەتی لە پەرلەمان، بەو مەرجەی لایەنە سیاسییە کاراکان ڕۆڵیان لە سەرخستنی حكوومەتەکەی زەیدی و تێپەڕاندنی لە ئەنجوومەنی نوێنەراندا هەبێت.

ئاماژەی بەوەش دا، چوارچێوەی هاوئاهەنگی لیژنەیەکی تایبەتی پێکهێناوە بۆ چاودێریکردنی دابەشکردنی پۆستە وەزارییەکان و ناوی کاندیدەکان، ئەویش بە هاوئاهەنگی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو، بۆ ئەوەی ڕێگری بکرێت لەوەی ناکۆکی لەسەر وەزارەتەکان ببێتە گرێیەک و لەدایکبوونی حكوومەت دوا بخات.

ئەم جووڵانە هاوکاتن لەگەڵ ئەو گفتوگۆیانەی لەناو هێزە سیاسییەکاندا دەکرێن سەبارەت بە نەخشەی سەرەتاییی دابەشکردنی پۆستە وەزارییەکان. زانیارییەکان لە ناوەندەکانی دانوستانەوە ئاماژە بەوە دەدەن کە هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتیی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەر، بەرەو ئەوە دەچێت پێنج وەزارەت بەدەست بهێنێت کە یەکێکیان سیادییە، لە کاتێکدا هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا وەزارەتی نەوت و وەزارەتێکی تری خزمەتگوزاری وەردەگرێت، لە بەرانبەردا پشکی بزووتنەوەی سادقوون بە سەرۆکایەتیی قەیس خەزعەلی بەرز دەبێتەوە بۆ دوو وەزارەت و پۆستی جێگری سەرۆک وەزیران.

سەبارەت بە پشکی سوننەش، دانوستانەکان لەسەر ئەوەن کە حزبی تەقەدووم بە سەرۆکایەتیی حلبووسی وەزارەتی خوێندنی باڵا وەربگرێت، لە کاتێکدا وەزارەتی بەرگری لە چوارچێوەی پشکی هاوپەیمانیی عەزم بە سەرۆکایەتیی موسەنا سامەڕائی خراوەتە ڕوو، ئەمەش فۆرمولەیەکە کە هێشتا جێی مشتومڕە لە ناو ماڵی سوننە و لەگەڵ ئەو هێزە شیعەیانەی سەرپەرشتیی پرۆسەی پێکهێنانی حكوومەت دەکەن.

لە بەرانبەردا پێشبینی دەکرێت وەزارەتەکانی دەرەوە و داد بدرێن بە پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کاتێکدا باس لەوە دەکرێت وەزارەتەکانی ژینگە و ڕۆشنبیری لە چوارچێوەی پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا بن. ئەمەش لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنێکی بەرفراوانتردایە کە بەشداریکردنی کورد لە حكوومەتی نوێدا دەبەستێتەوە بە بەڵێنی ڕوون سەبارەت بە دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی لەگەڵ بەغدا.

جووڵەکانی زەیدی چەند سەعاتێک دوای ئەوە دێت کە لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکاوە پیرۆزبایی لێ کرا بەبۆنەی بەفەرمی ڕاسپاردنی بۆ پێکهێنانی حكوومەت، هەروەها بانگهێشتێکی ئاراستە کرد بۆ سەردانیکردنی واشنتن دوای تەواوکردنی کابینەکەی. لە پێوەندییەکەدا هەردوولا باسیان لە پێوەندییە ستراتیجییەکانی نێوان عێراق و ئەمەریکا و ڕێیەکانی بەهێزکردنی هاوئاهەنگی و سەقامگیریی ناوچەکە کرد.

پێشتر چوارچێوەی هاوئاهەنگی ڕێککەوتبوو لەسەر ئەوەی دەسەڵاتێکی فراوانتر بدات بە زەیدی بۆ هەڵبژاردنی کابینەی وەزارییەکەی، ئەمەش دوای ئەوەی بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران کاندید کرا بەهۆی کشانەوەی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەر و نووری مالیکی سەرۆک وەزیرانی پێشووتر لە کێبڕکێی ئەو پۆستە. ئەم هەنگاوە دەرگای کردەوە بۆ ڕێککەوتنێک لەناو ماڵی شیعەدا بەمەبەستی کۆتاییهێنان بە چەقبەستوویی سیاسی و خێراترکردنی پێکهێنانی حكوومەتی داهاتوو.


وشە - پۆڵا مەحموود