حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ رێكخستنەوەی كەرتی بانكی، بڕیاری دامەزراندنی بانكی نیشتمانیی داوە، ئەو بانكە دەبێتە دەروازەیەك بۆ بووژاندنەوەی ئابووری هەرێمی كوردستان.
ئەمڕۆ شەموو دووی ئایار، بەپێی ئەو زانیارییانەی "وشە" دەستی كەوتووە و تێیدا هاتووە، كاروباری بانكی نیشتمان بەرەو تەواوبوونە، ئێستە باڵەخانەكەی تەواو بووە و فەرمانبەریشی بۆ دابین كراوە.
ئەوەیش زانراوە، 400 فەرمانبەری ئەو شوێنە ئێستە ئامادەن، تەنیا چەند وردەكاریی ماوە بەمنزیكانە تەواو دەكرێن و هیچ كێشەیەكی نییە و دوای كردنەوەی، خزمەتێكی گەورە بە فەرمانبەران و هاووڵاتییان دەكات.
بانكی نیشتمان پڕۆژەیەكی ستراتیجیی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستانە، بەشێكە لە پرۆسەی بە دیجیتاڵیكردنی حكوومەت، سیستمی بەڕێوەبردنی هەمووی ئەلیكترۆنی دەبێت دەبێتە چەترێك بۆ كۆكردنەوەی هەموو بانكە حكوومییەكان.
لە هەرێمی كوردستان 28 بانكی پسپۆری هەیە وەك بانكی كشتوكاڵ و بازرگانی، لەگەڵ 94 بانكی حكوومی، دوای كردنەوەی بانكی نیشتمان، سەرجەمیان دەخرێنە سەر بانكی نیشتمان، ژمارەشیان زۆر كەم دەكرێتەوە، بانكە پسپۆرییەكان دەكرێنە هەشت8 بانك، 94 بانكە حكوومییەكەش دەكرێنە 17 بانك، بەڵام دەبنە لقێك لە بانكی نیشتمان و دابەش دەكرێن بەسەر هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان.
بانكی نیشتمان دەبێتە یەكەم بانكی فەرمی حكوومەتی كوردستان كە لەلایەن بانكی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتپێدراو بێت، دەبێتە ناوەندی گرنگی ئابووری هەرێمی كوردستان.
پێشتر مەولوود سابیر بەڕێوەبەری گشتیی بانكە بازرگانییەكان، باسی دامەزراندنی "بانكی نیشتمان"ی كرد كە ئاسانكارییەكی تەواو بۆ هاووڵاتییان و فەرمانبەران و وەبەرهێنەران دەكات، دەبێتە دەروازەیەك بۆ بەستنەوەی هەرێمی كوردستان بە سیستمی بانكی ناوەندی عێراق و لە ڕێگەی ئەوانیشەوە بە دنیای دەرەوە، هەروەها چەندان تەوەری تری جیاواز لەم گفتوگۆیەدا دەخوێنێتەوە:
دەشڵێت، مەبەستی ئێمە سوودوەرگرتنە لەو بانكە لەلایەن هاووڵاتییان و فەرمانبەران، چونكە بەستنەوەمانە بە سیستمێكی جیهانی كە بانكی ناوەندیی عێراقە، بۆیە هەموو هەوڵێكمان دا تەواوی ئەو مەرجانە جێبەجێ بكەین، كە پێویستە وەك دابینكردنی سەرمایە بە گوژمەی 250 ملیار دینار، هەروەها 25 ملیار دیناری كاشمان لە ئەژمارێكی تایبەت بەو بانكە دانا لە بانكی ناوەندیی عێراقی ـ لقی هەرێمی كوردستان، هەوڵمان دا لە ساڵی 2021 كۆتایی بە دامەزراندنی ئەو بانكە بهێنرێت و دەبوو ئێستە تەواو بوونایە، بەڵام هۆكاری دواكەوتنی ئەوەبوو بانكی ناوەندیی عێراقی، هەندێك مەرجی زیاد كردووە كە هەندێك لەو مەرجانە تایبەتمەندیی هەرێمی كوردستانی ڕەچاو نەكردووە، بۆیە لیژنەیەكمان پێكهێناوە و وەڵامی ئەو نووسراوە دەدەینەوە، چونكە ئێمە وەك هەرێمی كوردستان تایبەتمەندیی خۆمان هەیە و نابێت لە دەستی بدەین، ڕاستە ئەوان بانكی ناوەندی عێراقین و دەیانەوێت دەسەڵاتی خۆیان لە هەموو عێراق بەكار بهێنن، بەڵام نابێت تایبەتمەندیی ئێمە ڕەچاو نەكرێت.
سوودێكی تری ئەو بانكە ئەوەیە، ڕۆژانە بانكی ناوەندیی عێراق دۆلار دەخاتە بازاڕەوە و كوردستان هیچ سوودێكی لێ نابینین، بەڵام دەتوانرێ لە ڕێگەی بانكی نیشتمانییەوە بەشێك لەو پارەیە بە نرخی فەرمیی وەربگرن و خۆیان بیخەینە بازاڕەوە و سوودی لێ وەربگرن، خاڵێكی تر ئەوەیە كە لە ڕێگەی ئەو بانكەوە مووچە بە سیستماتیك دەكرێت كە ئەوەش ئامانجی حكوومەتە ئاسانكارییەكی تەواو بۆ فەرمانبەران و پێشمەرگە و وەبەرهێنەران بكات.
ئەو بانكە دەبێتە ناوەندێكی گرنگ بۆ پێشینەكان كە چەند جۆرێكن، وەك پێشینەی كشتوكاڵی، پیشەسازی، نیشتەجێكردن، خانووبەرە، ئامانجی حكوومەتیش لە دامەزراندنی ئەو بانكە خزمەتكردنی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستانە.
مامەڵەكردن لەگەڵ بانك پێوەندیی بە متمانەوە هەیە، حكوومەتیش كاری لەسەر گەڕانەوەی ئەو متمانەیە كردووە و دەبێت داواكارییەكانی هاووڵاتییان جێبەجێ بكەین، حكوومەتیش ئەو ئەرك و مافەی بەرانبەر هاووڵاتی هەیەتی جێبەجێی دەكات، بۆ نموونە هەر كاتێك وادەی مووچە ڕاگەیەنرابێت، حكوومەت پشتیوانیی دارایی بانكەكانیان كردووە بۆ ئەوەی مووچەخۆر مووچەكانیان وەربگرن، ئەمانە هەمووی دروستكردنی متمانەیە لە نێوان بانكەكان و هاووڵاتییان.