میدیاكانی ئێران بەیانی ئەمڕۆ یەكشەم ئاشكرایان كرد، تاران دەسپێشخەرییەكی 14 خاڵی لە ڕێگەی پاكستانەوە پێشكەشی ئەمەریكا كردووە، وەك وەڵامی ئەو دەسپێشخەرییە نۆ خاڵییەی ئەمەریكا كە پێشكەشی ئێرانی كردبوو، وەك نەخشەڕێگەیەكی یەكلاكەرەوە بۆ كۆتاهێنان بە جەنگ، ئەو 14 خاڵەی ئێران پێشكەشی كردووە، چین و ناوەڕۆكەكەی باسی لە چی دەكەن؟
ئاژانسی فارس نیوزی نیوچە فەرمی ڕژێمی ئیسلامیی ئێران، ناوەڕۆكی دەسپێشخەرییەكەی ئێرانی بڵاو كردووەتەوە كە خۆی لە هێڵە سوورەكانی تاران و نەخشەڕێی وەستانی جەنگ دەبینێتەوە، لەبارەی شێوازی گەیشتنی ڕژێم بەو دەسپێشخەرییەیش ئاژانسەكە نووسیویەتی، لەلایەن دامەزراوەكانی دروستكردنی بڕیار پێداچوونەوەی بۆ كراوە و هاوئاهەنگی و سازانی لەسەر كراوە، بەر لەوەی ڕەزامەندی لەسەر بدرێ و بدرێتە پاكستان تا ڕەوانەی واشنتنی بكات.
لەلایەكی ترەوە ئاژانسی هەواڵی تەسنیم نووسیویەتی، دوای دەسپێشخەری ئەمەریكا ناوەڕۆكەكەی خۆی لە بەردەوامبوونی ئاگربەست بۆ ماوەی دوو مانگ دەبینێتەوە، بەڵام دەسپێشخەری نوێی تاران سەرنجی خستووەتە سەر كۆتاهاتنی جەنگ بەشێوەیەكی بنەڕەتی و یەكلاكەرەوە، لەبری ئەوەی ماوەی ئاگربەست بە بەردەوامی بەشێوەی كاتی درێژ بكرێتەوە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی تەسنیم لە
سەرچاوەكانەوە گواستوویەتییەوە، تاران لە وەڵامی دەسپێشخەرییە نۆ خاڵەكەی بە پێویستی زانیوە كە پرسە هەڵواسراوەكان لە ماوەیەك كە زیاتر نەبێ لە 30 ڕۆژ چارەسەر بكرێن و لەسەری بگەن بە ڕێككەوتن، كە گرنگترین ئەو پرسانەیش بەلای ئێرانەوە، داخستنی یەكجارەكی دۆسیەی بەردەوامیدانە بە جەنگ، نەك بەڕێوەبردنی ململانێكان لە ڕێگەی وەستانی كاتی جەنگ و ئاگربەست.
میدیاكانی ئێران وردەكاریی دەسپێشخەرییە 14 خاڵییەكەیان بڵاو كردووەتەوە كە وەك وەڵامێكە بۆ دەسپێشخەری نۆ خاڵی ئەمەریكی كە پێشتر ئاراستەی تاران كرابوو، وردەكارییەكانیشی خۆی لە "گەرەنتی دووبارە دەستدرێژی نەكردنەوە سەر ئێران لە داهاتوو، كشانەوەی تەواوی هێزەكانی ئەمەریكا لە دەوروبەری ئێران، هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی سەپێنراوی سەر ئێران، ئازادكردنی پارە بلۆككراوەكانی ئێران، قەرەبووكردنەوەی ئەو زیانانەی كە ئێران بە هۆی جەنگ پێی گەیشتووە، هەڵگرتنی تەواوەتی سزا ئابوورییەكانی سەر ئێران.
هاوكات لە خاڵەكاندا باس لە بەرەكانی تری جەنگ و ململانێكان كراوە و تێیدا هاتووە، كۆتاهێنان بە جەنگ لە تەواوی بەرەكان لە ناویشیاندا لبنان، گەیشتن بە ڕێككەوتن لەسەر میكانیزمێكی نوێ بۆ ڕێكخستنی كەشتیوانی لە گەرووی هورمز.
لە بەشێكی تری دەسپێشخەرییەكە باس لەو هێڵە سوورانە كراوە كە تاران ئامادە نییە گفتوگۆیان لەسەر بكات، لە كاتێكدا دەسپێشخەرییەكەی ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەم گەیاندووەتە دەستی دەسەڵاتدارانی پاكستان، كە ڕۆڵی ناوەندگیر لە دانوستانە ناڕاستەوخۆكانی نێوان ئەمەریكا و ئێران دەگێڕن.
ئێران لە ڕێگەی ئەو دەسپێشخەرییەوە نایەوێ ئەمەریكا تەنگژەكە درێژە پێ بدات و بەڕێوەی ببات، بەڵكو دەیەوێ كۆتایی بە تەنگژەكە بهێنێت و بە یەكجاری ڕێ لە سەرهەڵدانەوەی جەنگ لە دژی خۆی بگرێت. بۆیە بە وردی و بە بەشداریی زۆر لە دامەزراوەكانی دروستكردنی بڕیار لە ڕژێمی ئیسلامیی ئێران، ئەو دەسپێشخەرییە نووسراوەتەوە و ڕەزامەندیی لەسەر دراوە.
دوای ڕەوانەكردنیشی بۆ واشنتن لە ڕێگەی پاكستانەوە، ئێستە تاران چاوەڕوانی وەڵامی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكایە و وەك بەرپرسانی ڕژێم دەڵێن، ئێستە تۆپەكە لە گۆڕەپانی ئەمەریكادایە.
كازم غەریبئابادی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی، وڵاتەكەی نەخشەڕێی وەستانی جەنگ لە ڕێگەی پاكستان گەیاندووەتە واشنتن، بۆ ئەوەی جەنگی سەپێنراو بەشێوەیەكی هەمیشەیی و بنەڕەتی كۆتایی پێ بهێنرێت، ئەمەریكا لە بەردەم دوو بژارەدایە، یان هەوڵدان و ڕۆیشتن بەرەو یەكلاكردنەوەی ناكۆییەكان بە ڕێی گفتوگۆ لەگەڵ ئێران، یان بەردەوامبوون لە ڕووبەڕووبوونەوە و ئێرانیش بۆ هەردوو بژارەكە ئامادەیە، وەك ئاماژەیەك بۆ ئامادەیی دانوستان و بەردەوامیدان بە گرژییەكان، ئەگەر هەوڵە دیپلۆماسییەكان شكست بهێنن.
هەڵوێستی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لەبارەی دەسپێشخەرییەكە وەك هەنگاوی سەرەتا كە دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكا دووپاتی لێ كردەوە، قبووڵكراو نییە، دوای ئەوەی ترەمپ ئاماژەی دا كە دەسپێشخەرییەكەی ئێران بەمنزیكانە تاوتوێ دەكات و بڕیاری لێ دەدات، بەڵام چاوەڕوانی ئەوە ناكات كە قبووڵكراو بێت.
بەگوێرەی قسەی بەرپرسێكی كۆشكی سپی، دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی وڵاتەكەی دەیەوێ گەمارۆكانی سەر ئێران بۆ ماوەی مانگێكی تر درێژە بكێشن، بەو ئامانجەی كە هەناردەی ئێران بخنكێنێت و ڕژێم ناچار بكات، بە هەموو مەرج و داواكارییەكانی واشنتن ڕازی ببێت.