ئەمڕۆ 89 ساڵ بەسەر كۆمەڵكوژیی دێرسیمدا تێدەپەڕێت كە تێیدا پتر لە 14 هەزار كوردی بێتاوان بوونە قوربانیی سیاسەتی توركاندن، ئەگەرچی كورد بە ئیرادەی تێكۆشانەوە ماوەتەوە، بەڵام دەوڵەتی تورك، وێڕای دەستپێكردنی پڕۆسەی ئاشتی، هێشتا بە هەمان زمانی ساڵی 1947 مامەڵە لەگەڵ دۆزی ڕەوای كورد دەكات.
كۆمەڵكوژیی دێرسیم یان ڕەشەكوژیی دێرسیم، بریتییە لە كوشتاری كوردە عەلەوییەكان لە ناوچەی دێرسیم كە ئێستە پێی دەگوترێت پارێزگای تونجەلی لە باكوری كوردستان، بە دەستی دەوڵەتی توركیاوە.
ئەم كوشتارە كە لەلایەن دەوڵەتی توركیا ئەنجام درا، لە دوای شۆڕشی سەید ڕەزا لە حوزەیرانی ساڵی 1937 ھاتە ئاراوە. ئەم كۆمەڵكوژییە كە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی 1937 تا 1939 و بووە ھۆی كوژرانی ھەزاران كەس لە ھاووڵاتییانی شاری دێرسیم، ھێزە ئاسمانییەكانی توركیا ڕۆڵیان ھەبوو لە ئەنجامدانی كۆمەڵكوژییەكە.
لە 23ی تشرینی دووەمی 2011 سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتەی توركیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان داوای لێبوردنی لەبارەی ئەم كۆمەڵكوژییە لە خەڵكی دێرسیم كرد.
كورد و زازاكان لە سەردەمی عوسمانییەكان لە ژێر فەرمانڕەوایی سیستمێكی دەرەبەگایەتی بوون و لەلایەن ئاغاكان فەرمانڕەوایی دەكران، لەوكاتەدا ئاغان بەجۆرێك لە جۆرەكان نیمچە سەربەخۆییەكیان ھەبوو كە بەجۆرێك حوكمی ناوچەكەیان دەكرد، ئاغا و خاوەن زەوییەكان فەرمانڕەواییان بەسەر ئەو كەسانە دەكرد كە لەسەر زەوییەكانی ئەواندا دەژیان و كاریان دەكرد. سەرباری ئەوانەش لە ڕوانگەی بەڕێوەبردن و سیاسەتەوە، ھێشتا ھەرێمی دەرسیم لە ژێر دەستی حكوومەتی عوسمانیدا بوو.
سەرەتاكانی دروستبوونی كۆماری توركیا
دوا بەدوای دامەزراندنی كۆماری توركیا لە ساڵی 1923، ھەندێ لە كورد و زازاكان لەگەڵ ئامانجەكانی ئەتاتورك و بە سێكولاركردنی وڵات و سڕینەوەی كورد ناكۆك بوون، لەوانەش شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران لە ساڵی 1925 ڕووی دا، ھەروەھا ڕاپەڕینی دەرسیم لە 1937 تا 1939 كە سەرجەم ئەم شۆڕش و جووڵانەوانە لەلایەن دەسەڵاتی سەربازی توركەوە سەركوت كران.
دەرسیم یەكێك بوو لەو ھەرێمانەی كە دەسەڵاتكردن بەسەریدا دژوار بووبوو لە كۆتاییەكانی دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانی لە نێوان ساڵانی 1876 بۆ 1923 بوو، هێزگەلی جۆراوجۆر دژی دەوڵەت دروست بووبوون، یاخیبوونی ئاغاكانی دەرسیم تا سەرەتاكانی كۆماری نوێی توركیا بەردەوام بوو. ئاغاكان لە دژی لەدەستدانی خاكەكانیان بوون، ھەروەھا ڕەتیان كردەوە باج بدەنە دەسەڵاتی توركیا و دژی گواستنەوەی نوێنەرایەتیی شارەكە بوون لە ھەرێمەكەیان بۆ ئەنكەرەی پایتەخت، كە ھەموو ئەوانە پڕۆژەیەك بوون بۆ كۆنترۆڵكردنی زەوی و بەروبوومی كشتوكاڵی لەلایەن دەوڵەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەكانی ساڵی 1926ی وەزارەتی ناوخۆی توركیا، ھێزی بەكار ھێناوە لە دژی ئاغاكانی دەرسیم. لە یەكی تشرینی دووەمی 1936 ئەتاتورك پرسی دەرسیمی بە گەورەترین كێشەی ناوخۆی وڵاتەكەی دانا.
توركاندن
پرۆسەی توركاندنی توركیا لەگەڵ دەرچوونی یاسای بەنیشتەجێبوونكردنی 1934 دەستی پێ كرد، ئامانجی ئەو یاسایە جێگۆڕینی خەڵك بوو لە ناوچەكانی خۆیان بەبیانووی پەرەپێدان و بڵاوكردنەوەی كولتوور. لە ساڵی 1935 لە ژێر سایەی ئەم یاسایە یاسای تونجەلیش دەرچوو كە تێیدا ناوی دەرسیم گۆڕا بۆ تونجەلی، دەرسیم زۆربەی دانیشتووانەكەی كوردی زازان و هاتنە بەر شاڵاوی گۆڕینی ناسنامە.
سەركوتكردنی شۆڕشی سەید ڕەزا و كۆمەڵكوژیی دەرسیم
شۆڕشی سەید ڕەزا دەرسیمی كە حەوت ساڵ بەدوای شۆڕشی كۆماری ئاگری ھاتە ئاراوە. بە ھاوئاھەنگی ڕێبەرانی كورد كە لە كورپیك لەگەڵ سەید ڕەزا چاوپێكەوتنیان ئەنجام دابوو، شۆڕش دەستی پێ كرد. دەوڵەتی توركیا ھێزێكی لە دژی ئەوان لە ناوچەكانی ئەرزنگان، ئەرزرۆم، مەلاتیە و دیاربەكر دامەزراند.
جەلال بایار سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی توركیا، عیسمەت پاشای بۆ سەركوتكردنی شۆڕشەكە دانا. ئەرتەشی تورك لە سەرجەم چەكەكانی دژی شۆڕشگێڕان كەڵك وەردەگرت. لەو كاتەدا ئاڵپدۆگان بۆ سەركوتی سەید ڕەزا ھاتە هەڵبژاردن. ئاڵپدۆگان دووجار شاری دەرسیم و ناوچەكانی دەوروبەری بۆردمان كرد، بە شێوەیەك كە ھاووڵاتییان بۆ چیاكان و ئەشكەوتەكان پەنایان دەبرد.
بە فەرمانی ئاڵپدۆگان، یەكێك لە ئەشكەوتەكانی كوتوزیكداغ لە دۆڵی ئایسكۆرلا كە دوو هەزار و 500 ژن و منداڵ و پیر لە ھاووڵاتییە عەلەوییەكانی شاری دێرسیم پەنایان بۆ بردبوو، سەربازەكان ڕێگەكانی چوونە دەرەوەیان تەقاندەوە و كەرەستەكانی ئاگركەرەوەیان بۆ ناو ئەشكەوتەكە ھاویشت، لە ئاكامدا سەرجەم ھاووڵاتییانی ناو ئەشكەوتەكە بە زیندوویی سووتان و ژێرخاك كران.
لە سێدارەدانی سەرانی شۆڕشی سەید ڕەزا
لە ڕۆژی پێنجی ئەیلوولی 1937، ڕێبەرانی شۆڕش سەید ڕەزا گیرا، لەگەڵ دوو كوڕ و چەند كەس لە ڕێبەرانی شۆڕش لە سێدارە دران.