هورمز.. جەنگی شكاندنی دوا بڕبڕەی پشتی پاسدارانی ئێران

:: AM:09:25:05/05/2026 ‌
گەرووی هورمز ئێستە چیتر تەنیا ڕێڕەوێكی ئاوی نییە كە كەنداو بە ئاوەكانی تری دنیا ببەستێتەوە، بەڵكو بووەتە گۆڕەپانی جەنگێكی جیاواز، جەنگێك كە كارتەكان و هەژموون و بەریەككەوتن و سەروەری و وەڵامدانەوە و عەقڵانییەت لە سیاسەتدا، سەرجەمیان هاوكێشەیەكی ئاڵۆزییان بەسەر ئەو گەرووە ئاوییە سەپاندووە.

لە كاتێكدا سەرۆكی ئەمەریكا دۆناڵد ترەمپ، هەوڵی سەپاندنی هاوكێشەیەكی نوێ بە سەر گەرووی هورمز دەدات، سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامیی ئێران دوا ستراتیجی مانەوەی خۆی لە پاش چەندان شكستی قورس و یەك لە دوای یەك دەدات.

محەمەد زەغلوول توێژەر لە ناوەندی ئیمارات بۆ سیاسەتەكان دەڵێ، وەڵامدانەوەی بەرانبەر بەو ئاڵۆزییانەی ئێران دروستی كرد، پێویست بەوە ناكات گورزی سەربازیی نوێی ئەمەریكای بە دواوە بێت، سەرەڕای ئەوەی دەرچە و كەلێنی یاسایی هەن كە سەرۆكی ئەمەریكا بەكاریان بهێنێت بۆ دەستكردنەوە بە هێرشەكان، كە دەستەواژەكانی مافی بەرگری و بەرژەوەندیی هاوپەیمانان لە ناوچەكە بەكار دەهێنرێت و بەربەستە یاساییەكان تێكدەشكێنرێن.

زیاتر گوتی، ئامانجی واشنتن دووبارە دەستكردنەوە بە جەنگ نییە، بگرە زۆر لەوە قووڵتر و ڕژدترە، ئەویش كردنەوەی گەرووی هورمز و جووڵەی كەشتییە گیرخواردووەكانە لە ژێر پاسەوانی و سەرپەرشتی ئەمەریكا، ئەمە دەبێتە دەسكەوتێكی ستراتیجی زۆر گەورە. هاوكات ئەمە شۆكێكیشە بۆ سوپای پاسداران كە تا ئێستە لەو باوەڕەدا بوو كە سوپای ئەمەریكا بوێریی هاتنە ناو گەرووی هورمز و دەرچوون لێی ناكات، كاتێك ئەو هاوكێشەیە تێكشكێنرا و كەشتییە جەنگییەكانی ئەمەریكا بەرەو هورمز جووڵەیان كرد و پێیدا تێپەڕین، هەیبەت و شكۆی پاسداران كە دەیان ساڵە پاسداران دروستیان كردووە، لە چركەساتێك هەرەسی هێنا و تێكشكێنرا.

ئەو توێژەرە دەڵێ، پاسداران هەست بە مەترسییەكی گەورە بۆ سەر خۆی دەكات، ئەمەیش هانی دەدات كە ململانێیەكی لاوەكی و دوا هێرشی خۆی ئەنجام بدات، بۆ ئەوەی سەرنج لەسەر ئامانجی ڕاستەقینە دوور بخاتەوە، كە شكستە لە هێشتنەوەی هورمز بە داخراوی و هاتوچۆی كەشتییە بازرگانییەكانە بە یاوەریی كەشتیی جەنگی ئەمەریكی.

هێمای بۆ ئەوەیش كرد، پاسدارانی ئێران بەشی ڕەهای تواناكانی خۆی لە بەرنامەی مووشەكی و ناوكی لە دەست داوە، بەهۆی بۆردمانە كەمەرشكێنەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل، دوا دەرفەت كە هێز و دەسەڵاتی خۆی پێ دەربخات، بریتی بوو لە گەرووی هورمز، كە دوا كارتی گوشار بوو لەسەر دنیا و وەك ئامرازێكی دەستدرێژكردن و مامەڵەكردن لەگەڵ ئەمەریكا بەكاری دەهێنا.

ئۆپراسیۆنەكەی ئەمەریكا كۆتایی بەو كارتەی دەستی پاسداران دەهێنێت، ئێستە شتێك بە ناوی ڕژێمی سیاسی لە ئێران بوونی نەماوە، بەڵكو هێزی میلیشیایی ئێران بەڕێوە دەبەن، چونكە  ئەنجوومەنی داڕشتنەوەی دەستوور، ئەنجوومەنی شارەزایان، ئەنجوومەنی دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی ڕژێم، ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران چیتر كۆ بوونەوە و كارەكانیان بە ڕێكخراوەیی ناكەن، ئەوەی لەو پەیكەربەندی دەسەڵاتە ماوە، فەرماندەی باڵای نائامادە و نادیارە كە هێزەكانی كردووە گرووپی میلیشیایی جیاجیا و چەكیان بە دەستەوەیە.

ڕوونی كردەوە، زۆر لە سیاسەتوان و شارەزایان هەڵە دەكەن لەوەی ڕەوشی ئێستەی ئێران بە لۆجیكی دەوڵەت و پێوەری عەقڵانییەت لە سیاسەت هەڵبسەنگێنن، چونكە ئەوەی ئێستە لەسەر ئەرزی واقیعی ئێران بوونی هەیە، ڕێكخراوێكی میلیشیاییە و هیچ بنەمایەكی دیپلۆماسی و هاوسەنگی سیاسییان نییە و مامەڵە و دانوستانكردن لەگەڵ قەوارەیەكی لەمجۆرە، وەك شەترەنجكردنە لەگەڵ گورێلا.

بۆ نەهێشتنی ئەو گرفتەیش زەغلوول دەڵێ، دەوڵەت و قەوارەی میلیشیایی دەبێ بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی فرەوان و كردەی سەربازیی نێودەوڵەتی كۆتایی پێ بهێنرێت، هاوشێوەی ئەوەی لە دژی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش لە ساڵانی ڕابردوو ئەنجام درا، چونكە سیستمی میلیشیایی ئێستەی ئێران جیا لە جەنگ و بۆردمان مل بۆ هیچ شتێكی تر نادات.

پۆل سالم شرۆڤەكاری كاروباری ئەمەریكا دەڵێ، ڕوانینی ئەمەریكا بۆ هاوكێشەكانی ناوچەكە زیاتر لە چاویلكەی ئیسرائیلەوە كە چۆن وێنەی تەنگژە و جەنگ و هەڵسەنگاندن و توانا و كارە لە پێشینەكان دیاری دەكات،  چینێكی فرەوان لە حكوومەتی ئەمەریكا هاوڕایە لەگەڵ ئاڵۆزیی سروشتی ڕژێمی ئێران و پرسیاری ڕژد و زۆریان لەسەر ئەو جەنگە هەیە، چونكە لە ڕووی جیۆگرافیاوە ئێران زۆر دوورە و بە تەواویش پێوەست نییە بە ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكاوە.

ئەمە جۆرێك لە بەرگری و ناڕەزایی لە ناوخۆی ئەمەریكا دژی سەرۆك و بڕیارەكانی و جەنگ دژی ئێران دروست كردووە، تەنیا لە لایەن دیموكراتەكانەوە نا، بگرە باڵە سیاسییەكانی ناو پارتی كۆمارییەكانیش دژی وەستاونەتەوە، ئەو بەرگری و وەستانەوەیش لە خوێندنەوەی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكاوە سەرچاوەی گرتووە، نەك لە هەڵسەنگاندنی سروشتی ڕژێمی ئێران.

هێمای بۆ ئەوەیش كردووە، كات لە بەرژەوەندی تاراندا نییە، چونكە لە ناوخۆ هەرەسی ئابووری و بەرەی بەرهەڵستكار و ناڕەزایی گەل بە فرەوانی بوونی هەیە، هاوكات ستراتیجی ناوچەكە بەو ئاراستەیە كە ئێران بە تەواوی هەرەس دەهێنێت و ناتوانێ خاكەكەی و سەروەری وڵاتەكەی بپارێزێت.

ئەو توێژەرە دۆخی ئێستەی ئێرانی بە هاوشێوەی دۆخی سووریا دوای دروستبوونی ئاڵۆزییەكان لە 2011 چوواند و گوتی، ڕژێم بەشێوەیەكی رووكەش ماوە، بەڵام دۆخی وڵاتەكە زۆر خراپە و ئەمەریكایش دەیەوێ گرووپەكان لە ناوخۆی ئەو وڵاتە هان بدات و كۆمەكیان بكات، تا دەست بە جووڵە دژی پاشماوەكانی ڕژێم بكەن.

لەبارەی چارەنووسی ئەو تەنگژەیە و ئەو ئاراستانەی كە لە بەردەم واشنتن و تاراندایە و دەتوانن هەنگاوی بۆ بنێن، ئەو دوو توێژەرە دەڵێن، سێ ڕێڕەو و ڕێگە هەن كە چاوەڕوان دەكرێ دۆخەكەی پێدا تێپەڕ ببێت، ڕێگەی یەكەم بەردەوامیدان بە گرژی و ئۆپراسیۆنی سەربازی، چونكە ئەمەریكا و ئیسرائیل بێدەنگ نابن كە ئێران هێرش بكاتەوە سەر هاوپەیمانەكانیان.

ڕێگەی دووەم بریتییە لە هەوڵدان بۆ سەرخستنی هەوڵە دیپلۆماسییەكان كە تا ئێستەیش بە بنبەست نەگەیشتوون و دەسپێشخەری و خاڵەكان بۆ گفتوگۆ لەلایەن ئەمەریكا و ئێرانەوە، تا ئێستەیش ئاڵوگۆڕ دەكرێن، ئەو گرژییانەیش لەوانەیە تەنیا كارتی گوشار بن، تا هەردوولا یەكتر ناچار بكەن بە ڕێككەوتنێكی فرەلایەن و گشتگیر بگەن.

سێیەم ڕێگە بریتییە لە بەكارهێنانی بژارەی سەربازی بۆ ئازادی دەریاوانی لە گەرووی هورمز، كە ترەمپ بە ڕوون و ئاشكرایی ڕای گەیاندووە و لە دوێنێوەیش خراوەتە بواری جێبەجێكردنەوە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د