سەرجەم لایەنەكانی سیاسی و نوێنەرانی پەرلەمانی فیدراڵی لە عێراق، خەریكی كۆبوونەوە و گفتوگۆی بەردەوام و چڕن لەگەڵ كاندیدی ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق لەلایەكەوە، لەلایەكی تریشەوە گفتوگۆ لە نێوان خۆیان دەكەن بۆ گەرەنتی دەسكەوتنی پشكی خۆیان لە حكوومەتی نوێ، ئەمەیش لە كاتێكدایە كە زانیاری هەیە بە میكانیزمی كۆن، لەسەر بنەمای بەشبەشێنە پۆستەكانی حكوومەت بە پشتبەستن بە سیستمی خاڵ دابەش دەكرێن، بەگوێرەی قەبارەی فراكسیۆنەكانی هەر حزبێك لە پەرلەمان پۆستیان پێ دەدرێت. هاوكات سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش بۆ گەرەنتیكردنی پشكی كوردە لە حكوومەت و تاوتوێكردنی كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و هەوڵی چارەسەركردنیانە لە حكوومەتی داهاتووی عێراق.
سیستمی خاڵ و بەشبەشێنە كە لە پێكهێنانی حكوومەتەكانی پێشوویش بەكار براوە، بۆ سێ پۆستە باڵاكە كە سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیران و سەرۆكی پەرلەمانن، هەریەكەیان 15 خاڵی پێویستە و بۆ هەر كورسییەكی پەرلەمانیش دوو خاڵ هەژمار دەكرێت، واتە ئەو لایەنانەی كە سەرۆك كۆمار یان سەرۆك وەزیران یان سەرۆكی پەرلەمانیان بەردەكەوێ، دەبێ 30 كورسیی پەرلەمانیان هەبێت، وەزارەتە گرنگەكان وەك نەوت و دەرەوە و دارایی و ناوخۆ و بەرگری، هەریەكەیان پێنج خاڵی پێویستە كە دەكاتە 10 كورسیی پەرلەمان، وەزارەتە ئاساییەكان چوار خاڵیان پێویستە كە دەكاتە هەشت كورسی پەرلەمان.
ماوەی دەستووری
عەلی زەیدی كاندیدی ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومەت، سێ هەفتەی لە بەردەمدا ماوە، بەر لەوەی ماوەی دەستووری بۆ پێشكەشكردنی كابینەی حكوومەت بە پەرلەمان تەواو ببێت و لە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت، پێشبینی دەكرێ زەیدی لەو ئەركەی سەركەوتن بە دەست بهێنێت، چونكە زۆرینەی ڕەهای هێز و لایەنە سیاسییەكانی پەرلەمان پشتیوانی دەكەن، ئەمە جیا لەوەی كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و سەرۆك ترەمپ و زۆرینەی وڵاتانی ناوچەكە و ڕۆژئاوا، بە ئاشكرا پشتیوانیان بۆ زەیدی ڕاگەیاندووە.
سەرچاوەكان لە پەرلەمانەوە دەڵێن، ئەگەر هەیە كە زەیدی هەفتەی داهاتوو لیستی یەكەمی كابینە وەزارییەكەی بخاتە ڕوو، دواتر گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕ و گۆڕانكاری لە لیستەكە لە دوو هەفتەی كۆتایی ئەنجام دەدرێت، چاوەڕوانی ئەوەیش دەكرێ كە پۆستە وەزارییەكان لە حكوومەتی داهاتوو لە 22 وەزارەت پێكبێت، 12 وەزارەت بۆ هێزەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و شەش وەزارەت بۆ سوننەكان و چوار وەزارەت بۆ كورد دەبێت.
میكانیزمی كۆن
سەرەڕای ئەو پێشڤەچوونانەیش، بەڵام تا ئێستە ناڕوونی لەبارەی بەرنامەی حكوومەتی نوێ هەیە كە سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو لە كاتی پێشكەشكردنی كابینەی وەزارەتەكەی دەبێ بیخاتە ڕوو، بەهۆی كەمیی ئەزموون و مێژووی لە كاری سیاسی، زۆرن ئەوانەی پرسیار و گومانیان لە توانای زەیدی بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەتێك كە بە دەست كۆمەڵێك كێشەی تەناهیی پێوەست بە گرووپە چەكدارەكان، ئابووری پێوەست بە وەستانی هەناردەكردنی نەوت لە ئەنجامی داخستنی گەرووی هورمزەوە دەناڵێنێت.
هاوكات زۆری تریش پرسیار لەبارەی توانای زەیدی لە ڕووبەڕووبوونەوەی حزب و گرووپەكان دەكەن كە بەردەوام دەستوەردان لە پرۆسەی سیاسی دەكەن، توانای لە وەستانەوە بە ڕووی ئەو گرووپە بەرژەوەندیخوازە، بۆ دەستگەیشتن بە پۆستی حكوومی كە شیاوی ئەوان نییە، جیا لەوەی گومان لەسەر ئەگەری ڕەتكردنەوەی كاندیدی نەشیاوی حزبەكان بۆ پۆستەكانی حكوومەت لەلایەن زەیدییەوە دەكرێت.
سەرچاوەیەكی نزیك لە دەسەڵات لە بەغدا دەڵێ، سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو میكانیزمە كۆنەكە بەكار دەهێنێتەوە، لەم ڕێگەیەیشەوە لەسەر حزبەكان پێویستە زیاتر لە كاندیدێك بۆ هەر پۆستێكی حكوومەت پێشكەش بكەن و ئەو یەكێكی گونجاو هەڵدەبژێرێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە دەكەوێتە ژێر گوشار و داواكاری زۆرەوە، لە هەمان كاتدا ئەو گوشاری كات و پێوەندی كەسی و دەوروبەریشی بەسەرەوەیە.
سەرچاوەكە كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت، بۆ ڕۆژنامەی "
شەرق ئەوسەت" گوتی، تێبینیی مامەڵە لەلایەن حزبەكان لەسەر پۆستەكانی حكوومەت دەكرێ، هەندێك جار ئەمە درێژ دەبێتەوە بۆ موزایەدەكردن لەسەر سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو لە ڕێگەی پارچە زەوی و وەبەرهێنانی دارایی، زۆرینەی لایەنەكانی سیاسی بەرنامەی حكوومەتیان و سروشتی چارەسەركردنی كێشەكانی وڵات كە زەیدی دەیخاتە ڕوو، بە لایانەوە جێی بایەخ و گرنگی نییە.
نێچیرڤان بارزانی لە بەغدا
لە پەراوێزی هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی حكوومەت، سەرۆكی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی دوێنێ دووشەم لەگەڵ سەركردەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە بەغدا پێشوەچوونی پرۆسەی سیاسی لە عێراق و هەوڵەكانی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراقی تاوتوێ كرد، چاوەڕوان دەكرێ سەردانەكەی سەرۆكی هەرێم بۆ بەغدا دوو ڕۆژ بخایەنێت و لەگەڵ سەركردەی قەوارەكانی سوننە و سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو عەلی زەیدی كۆ ببێتەوە، بۆ یەكلاكردنەوەی پشكی كورد لە حكوومەتی داهاتووی عێراق.
چاوەڕوان دەكرێ پارتی دیموكراتی كوردستان دوو تا سێ وەزارەتی لە حكوومەتی نوێ پێ بدرێت، لە ناویاندا وەزارەتی دەرەوە كە ئەگەری زۆرە دووبارە بە پارتی بدرێتەوە، چونكە كێبەركێی لەسەر نییە و یەكێتی بە وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار هیچ وەزارەتێكی تری بەرناكەوێت.
داواكارییەكانی هەرێمی كوردستان و پارتی تەنیا لە پۆست وەزارییەكانی حكوومەت كورت نابێتەوە، بەڵكو درێژ دەبێتەوە بۆ داواكارییە هەڵواسراوەكان بۆ دەركردنی یاسای نەوت و ڕێگرتن لە دەستدرێژی گرووپە چەكدارەكانی سەربە ئێران بۆ سەر هەریمی كوردستان، جیا لەوەیش كێشەی دواكەوتنی بەردەوامی مووچەی كارمەندانی هەرێمی كوردستان بەهۆی ناكۆكی دارایی لەگەڵ بەغداوە.