سونە براوەی حكوومەتی نوێ و كورد دەسكەوتی زیاتر لە دەست دەدات

:: AM:09:20:07/05/2026 ‌
هەموو هێز و پێكهاتەكانی عێراق كارنامەیان هەیە، مەرجیان بۆ بەشداریی حكوومەت، دابینكردنی مافەكانیانە، بەڵام هێزە كوردییەكان تەنیا داوای پۆست دەكەن و پەرتەوازە بوون.

ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی سوننەكان، كارنامەی خۆیان لەبارەی داواكارییەكانیان لە حكوومەتی نوێ پێشكەش كرد. كارنامەكەیان تایبەتە بە بەركەوتەكانی هەڵبژاردن و دۆسیەكانی ئاوارە و قەرەبووی سوننەكان.

ماڵی شیعی دوای بێنەوبەردەیەكی زۆر، بەرژەوەندیی باڵای ماڵەكەیان لە بەرچاو گرت و بەدڵی زۆرینەیان رێككەوتن لەسەر بەربژێرێك، ئەمەش وایكرد وەك هێزی یەكەم بمێننەوە و لیژنەیەكیش دابنێن رەزامەندی لەسەر بەشی پێكهاتە و لایەنەكان بدات.
 
ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی سوننەكان بە بەشداریی هەر پێنج لایەنە پێكهێنەرەكەی كۆبوونەوە.
 
بەگوێرەی راگەیەنراوێكی كۆبوونەوەكە، ئەو لایەنە سوننانە ئامادەییان پێشان داوە بۆ ئامادەبوون لە كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان بە كابینەی نوێی حكوومەت.
 
لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە، كارنامەی خۆیان لەبارەی تێڕوانین و پێشنیارەكانیان پێشكەش كردووە بۆ كارنامەی حكوومەتی نوێی عێراق، ئەویش بریتییە لە شەش وەزارەت لە حكوومەتی نوێ، لەگەڵ چارەسەركردنی دۆسیەی ئاوارەكان، قەرەبووی زیانلێكەوتووان، یاسای لێبوردنی گشتی و دۆسیەی لێپێچینەوە و دادوەری.
 
ئەوە لە كاتێكدایە ماڵی كوردی لێكترازاوە و هەر لایەك بۆ خۆی لە بەغدا سەربەخۆ گفتوگۆ دەكات و داوای پشك لە حكوومەت دەكات، بەڵام كورد وەك نەتەوە چەندان كێشەی گەورەی هەیە لە سەرووی هەموویانەوە مادەی 140 و كێشەی بودجە و یاسای نەوت و غاز و ماف و شایستەی دارایی هەرێم و بابەتی بەرگری و چەندان دۆسیەی تر.

دوێنێ كۆمەڵێك لە لایەنە كوردییەكان لەگەڵ بەرپرسانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی كۆبوونەوە، بەڵام دواتر یەكگرتوو و كۆمەڵ و هەڵوێست خۆیان لەو فراكسیۆنە هەڵپەسارد و گوتیان نابینە بەشێك لە پێكهاتەی پارتی و یەكێتی.

بەبۆچوونی چاودێران، كورد بەم حاڵەیەوە وردە وردە دەسكەوتەكانی لە دەست دەدات و لە داهاتووی عێراقدا بەهۆی پەرتەوازەییەوە هەڕەشەیەكی رژدی لەسەر دەبێت.

پارتی سوورە لەسەر پاراستنی دەسكەوتەكانی هەرێمی كوردستان. بەردەوام كێشەكانیشی لەگەڵ حكوومەتی عێراق پێوەندی بەبەرژەوەندی هەرێمەوە هەبووە، بەڵام بەهۆی ئەو فشارانەی لەسەریەتی ئەگەری هەیە بەتەنیا نەتوانێ دەسكەوتەكانی هەرێم بپارێزێت.



وشە - سۆران عەزیز