هاوكات لەگەڵ توندبوونی كێبەركێ و ململانێكان لەناو ماڵی شیعە لەسەر پۆستی سەرۆك وەزیران، كتوپڕ ناوی عەلی زەیدی وەك كاندیدی چوارچێوەی هاوئاهەنگی هاتە راگەیاندن و راستەوخۆ بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ هاتە راسپاردن، تا ئێستە وردەكارییەكانی ئەو گۆڕانكارییە گەورە و كتوپڕە دیار نییە، بەتایبەتی دوای چەند مانگێك لە ململانێی سەختی مالیكی و سوودانی لەسەر پۆستەكە دێت، ئاخۆ ئەوان چۆن بەو ئاسانییە سازشیان كرد؟
یەكلابوونەوەی كاندیدی سەرۆك وەزیران لەناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە دوای هاتنی فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران و ئەو راپۆرتانەی باسی هاتنی تۆم باراك نێردراوی تایبەتی ئەمەریكا بۆ سووریا و لبنانیان كرد بۆ بەغدا، دوای راسپاردنی زەیدیش، هەریەك لە ئەمەریكا و ئێران پێشوازییان لە راسپاردنی كرد و ترەمپ و پزیشكیان بە تەلەفۆن قسەیان پیرۆزباییان لێی كرد، ئەمەریكا چاوی لەوەیە زەیدی سێ داواكاری بۆ جێبەجێ بكات، دووخستنەوەی عێراق لە ئێران و دوورخستنەوەی میلیشیاكانی ئێران لە حكوومەت و دەسەڵات لە عێراق و داماڵی چەكەكانیان و لێكەڵوەشانەوەیان.
لە ماوەی دوایی ئەمەریكا هاوكات لەگەڵ راگەیاندنی پاڵپشتیی سیاسی بۆ زەیدی و بانگهێشتكردنی لە لایەن سەرۆكی ئەمەریكا بۆ سەردانیكردنی واشنتن، ئەمەریكا سزای بەسەر ژمارەیەك فەرماندەی باڵای میلیشیاكان سەپاند، كە بەم دواییە وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا پاداشتی دارایی بەرانبەر بە زانیاریدان لەبارەی ئەكرەم كەعبی فەرماندەی بزاوی نوجەبا و ئەبو ئالا وەلایی فەرماندەی كەتیبەكانی سەید شوهەدا و حەیدەر غەراوی فەرماندەی بزاوی ئەنساروڵای ئەوفیا راگەیاند، هەموو ئەوانە، واتە لە كاندیدكردن و راسپاردنی زەیدی و راگەیاندنی پاڵپشتیی ناوخۆیی و دەرەكی، میلیشیاكان بێ دەنگ بوون.
ئێستە میلیشیاكان لەسەر دوو ئاست سەیری هەڵسوكەوتی زەیدی دەكەن، لە پێكهێنانی كابینەی حكوومەت، ئاخۆ لەسەر خواستی ئەمەریكا فەرامۆشیان دەكات و لە پۆستە ویزارییەكان بێبەشیان دەكات، بەتایبەتی كە ئەوان لە هەڵبژاردنی رابردووی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراق ئەنجامی باشیان هەبووە و دەیان كورسیی پەرلەمانیان بەدەست هێناوە، لەسەر ئاستی درێژخایەنیش بەرنامەی بۆ میلیشیاكان چییە و هەمان خواستی ئەمەریكا بە داماڵینی چەك و لێكهەڵوەشانەوەیان جێبەجێ دەكات، بەتایبەتی كە بێگومانە لە كارنامەی ویزارییەكەی حكوومەتی نوێ باسی ئەو بابەتە كراوە.
لە ماوەی دوایی چەند سەرچاوەیەك ئاماژەیان كرد كە چەند پەیامێكی پەلەی ئەمەریكا گەیشتووەتە بەغدا بە پێویستیی دوورخستنەوەی فەرماندەی میلیشیاكان و ئەو كەسانەی سەر بەوانن لە پێكهاتەی كابینەی نوێی حكوومەت، ئەوەش دوای هاتنی چەند ناوێكی نزیك لە میلیشیاكان بەوەی لە كابینەی نوێ پۆستیان پێ دەدرێت.
واشنتن پەیامەكەی بە
عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەكە داوە، ئەوەش لە دوای باسكردنی ناوی لەیس خەزعەلی وەك كاندید بۆ پۆستی جێگری سەرۆك وەزیران لەپاڵ پێدانی پۆستی ویزاری تر بە كەسانی راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ سەر بە میلیشیاكان، روونیان كردەوە، پەیامەكانی ئەمەریكا روون و راشكاوانە باسی ئەوەیان كردووە هەر بەشدارییەكی میلیشیاكان لە حكوومەتی نوێ، رەنگدانەوەی لەسەر ئاستی پاڵپشتیكردنی نێودەوڵەتی بۆ حكوومەتەكە دەبێت، بەتایبەتی لە لایەن ئەمەریكاوە.
ئێستە ئاماژەكانی دروستبوونی ئاڵۆزی و بێمتمانەیی لە نێوان میلیشیاكان و عەلی زەیدی خەریكە سەر هەڵدەدات، بەتایبەتی لە دوای سزاكانی ئەمەریكا بەسەر سەركردەی میلیشیاكان و پێوەندییە تەلەفۆنییەكەی زەیدی و وەزیری جەنگی ئەمەریكا، كاتێك ژمارەیەك لە میلیشیاكان گوتاریان بەرانبەر بە زەیدی توند كرد، مەهدی كەعبی ئەندامێكی بزاوی نوجەبا، یەكێك لە سەرسەختترین میلیشیاكانی سەر بە ئێران لە عێراق، زەیدی وا وەسف كرد كە لە لایەن ئەمەریكاوە سەپێنراوە، ئەو بە شەمەندەفەرێكی ئەمەریكی هاتووە، تەواو وەك هاتنی مستەفا كازمی.
كەعبی دووپاتی كردەوە كە راسپاردنی زەیدی هاوكات بوو لەگەڵ سەردانی تۆم باراك نێردراوی ئەمەریكا و بەشێك لە سەركردەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگیش بڕیارەكەیان لا كتوپڕ بوو، هەرچی بزاوی نوجەبایە، هەڵوێستی كۆتایی خۆی بەرانبەر بە زەیدی لەسەر بنەمای كارنامەی حكوومەتەكەی و هەڵوێستی بەرانبەر بە بەرەی موقاوەمە و ئێران دیاری دەكات، نوجەبا نابێتە بەشێك لە پڕۆژەی ئەمەریكا لە عێراق و ناوچەكە.
عەلا نشووع توێژەری ستراتیجی دەڵێت، پاڵپشتیی روونی ئەمەریكا بۆ زەیدی وای كردووە میلیشیاكان بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ قۆناغی ئێستە بكەن، بەڵام ئەوان ناتوانن ئێستە راستەوخۆ هەڵوێست لە دژی زەیدی وەربگرن، مەگەر گۆڕانكاریی گەورەی سیاسی یان سەربازی یان تەناهی لە ناوچەكە رووبدات، كە ئەوكاتە دەبێت زەیدی خۆی لە نێوان ئێران و ئەمەریكا یەكلا بكاتەوە.