هۆشداری دەدرێت لە گەڕانەوەی پۆستەکانی "ڕازیکردنی سیاسی" لە حكوومەتی نوێی عێراقدا

:: PM:12:10:08/05/2026 ‌
ئەمڕۆ هەینی هەشتی ئایاری 2026، هۆشدارییەکان لە ناوەندە سیاسییەکانی عێراقدا چڕتر بوونەتەوە سەبارەت بە گەڕانەوەی ئەوەی پێی دەگوترێت "پۆستەکانی ڕازیکردنی سیاسی"، ئەوەش هاوکات لەگەڵ ئەو دانوستانانەی بۆ پێکهێنانی حكوومەتی نوێ بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو بەڕێوە دەچن.

ئەم هۆشدارییانە لە کاتێکدان کە ترسی ئەوە هەیە پێکهاتەی حكوومەت فراوانتر بکرێت و پۆستی نوێ لەسەر حیسابی لێهاتوویی و کەمکردنەوەی خەرجییەکان دروست بکرێن. یەکێک لە دیارترین خاڵەکانی ناکۆکی، بریتییە لە پێشنیازەکان بۆ دروستکردنی چوار پۆستی نوێ بۆ جێگرانی سەرۆک وەزیران، لەگەڵ چەند پۆستێکی تر کە دەدرێن بە پێکهاتە سیاسییەکان لەپێناو ڕازیکردنی ئەو هێزانەی بەشداری لە حكوومەتی داهاتوودا دەکەن.

بەپێی زانیارییە سیاسییەکان، دابەشکردنە پێشنیازکراوەکە پێکهاتووە لە چوار جێگری سەرۆک وەزیران کە دووانیان بۆ پێکهاتەی شیعە و یەکێکیان بۆ پێکهاتەی سوننە و ئەوی تریشیان بۆ پێکهاتەی کورد دەبێت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ بەردەوامبوونی بنەمای هاوسەنگییە سیاسییەکان لە ناو دەسەڵاتی جێبەجێکردندا.

ئەم ئاراستەیە ترسێکی زیاتری لێ کەوتووەتەوە لە فراوانکردنی پێکهاتەی حكوومەت لەسەر حیسابی لێهاتوویی و خەرجیی گشتی، بەتایبەتی لە سایەی ئەو تەنگژە داراییەی کە وڵات پێیدا تێپەڕ دەبێت، هاوکات لەگەڵ گوشارە جەماوەرییەکان کە داوای کەمکردنەوەی خەرجییەکانی حكوومەت و سنووردارکردنی ئیمتیازاتە باڵاکان دەکەن.

پێشنیازەکان تەنیا لە سنووری پۆستەکانی جێگری سەرۆک وەزیران ناوەستن، بەڵکوو سیاسییەکان باس لە هەوڵەکان بۆ دروستکردنی وەزارەتێکی نوێ دەکەن کە تایبەت بێت بە کاروباری پێکهاتەکان. لەلایەکی ترەوە پێشنیازی دروستکردنی پۆستی "وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوە" خراوەتە ڕوو، کە مشتومڕێکی سیاسیی فراوانی دروست کردووە، چونکە هەندێک لایەن پێیان وایە ئامانج لێی دروستکردنی هاوسەنگییە لە ناو وەزارەتی دەرەوە کە لە ساڵی 2014ـەوە کورد بەڕێوەی دەبات.

لە ناوەڕاستی ئەم مشتومڕەدا، سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرای کرد کە عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو، بەکرداری بیرۆکەی دروستکردنی پۆستەکانی جێگری سەرۆک وەزیرانی تێپەڕاندووە، ئەوەش لە هەوڵێکدا بۆ کەمکردنەوەی ئەو ناڕەزایەتییە سیاسی و جەماوەرییانەی کە ڕەنگە ڕووبەڕووی حكوومەتەکەی ببنەوە پێش خستنەڕووی بۆ پەرلەمان.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش دا، زەیدی بەرەو ئەوە چووە کە تەنیا پۆستەکانی جێگری سەرۆک کۆمار بهێڵێتەوە، بەبێ ئەوەی پۆستی جێبەجێکردنی نوێ لە ناو ئەنجوومەنی وەزیراندا دروست بکات. بەتایبەت لە کاتێکدا کە ناڕەزایەتی هەیە لەسەر زیادبوونی قەبارەی حكوومەت. ڕوونیشی کردەوە کە کابینە وەزارییەکە بەتەواوی تەوافوقی دەبێت و هیچ حزبێکی سیاسی ناچێتە بەرەی ئۆپۆزسیۆنەوە، چونکە گشت هێزە سەرەکییەکان بە جۆرێک لە جۆرەکان لەم لێکتێگەیشتنانەی ئێستەدا بەشدارن.

لەلایەکی ترەوە، لە ناوخۆی سیاسیدا، هەندێک لە فراکسیۆنە پەرلەمانییەکان دەستیان بە ڕاگەیاندنی ڕەتکردنەوەی ئاشکرای ئەوە کردووە کە بە گەڕانەوەی "پشکپشکێنە" و "پۆستەکانی ڕازیکردن" وەسفی دەکەن. فراکسیۆنی "ئیشراقەت کانوون" ڕەتکردنەوەی خۆی بۆ دروستکردنی پۆستی نوێ بۆ جێگرانی سەرۆک وەزیران و سەرۆک کۆمار یان وەزیرانی دەوڵەت بەبێ بوونی ئەرکی ڕاستەقینە ڕاگەیاند، بەو پێیەی ئەم ڕێکارانە سیستمی پشکپشکێنەی سیاسی بەرهەم دەهێننەوە کە بووەتە هۆی پەکخستنی دامەزراوەکانی دەوڵەت و بەرزبوونەوەی ئاستی گەندەڵی.


وشە - پۆڵا مەحموود