گۆڤاری ئەتلانتیك لە زاری بەرپرسانی ئەمەریكاوە بڵاوی كردووەتەوە، گەمارۆی دەریایی سەر ئێران سەركەوتوو بووە لە خنكاندنی ئابووری ئێران و ناچاری بكات كە بچێتە ناو دانوستان و سازشكردنەوە، بەر لەوەی ڕووبەڕووی هەرەسێكی تەواوەتی ببێتەوە.
لە ڕاپۆرتێكی
گۆڤارەكەدا هاتووە، دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، هەست بە دوودڵی لە بەردەوامبوونی جەنگ و ململانێكان دەكات و نایەوێ بە هیچ شێوەیەك جەنگ و ململانێكان لەگەڵ ئێران كاریگەری لەسەر سەردانەكەی بۆ چین دروست بكات.
ترەمپ ئامادەیە و لەو بڕوایەدایە دەتوانێ بە بازاڕكردن بۆ هەر جۆرە ڕێككەوتنێك لەگەڵ ئێران وەك سەركەوتنی واشنتن بكات، بەڵام واشنتن تا ئێستەیش چاوەڕوانی وەڵامی ئێرانە بۆ نوێترین دەسپێشخەری و پێشنیازی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا كە لە ڕەشنووسێكی یەك لاپەڕەیی و 14 خاڵ پێكهاتووە، بۆ كۆتاهێنان بە جەنگ و گەیشتن بە ڕێككەوتنێكی تەواو و یەكلاكەرەوە.
لە پشت دەرگە داخراوەكانەوە، بەرپرسانی ئەمەریكا لەو بڕوایەدان گەمارۆی دەریایی بۆ سەر بەندەرەكانی ئێران كە مانگی ڕابردوو سەپێنرا، سەركەوتوو بووە لە خنكاندنی ئابووری وڵاتەكە، بۆیە دوو بەرپرسی ئەمەریكی بۆ گۆڤارەكە دووپات لەوە دەكاتەوە، ئێستە ئێران ڕووبەڕووی هەرەس دەبێتەوە، ئەمەیش ناچاری دەكات بێتەوە ناو دانوستانەكان.
لە بەرانبەردا ژمارەیەك لە پسپۆران نایشارنەوە كە تاران توانای بەرگەگرتنی گەمارۆ و گوشارەكانی بۆ چەند مانگی داهاتوو هەیە، نەك تەنیا چەند هەفتەی داهاتوو، ئەمەیش هاوكاتە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ناوەڕۆكی ڕاپۆرتێكی شیكاری هەواڵگریی ئەمەریكا كە پشتڕاستی ئەوە دەكاتەوە، تاران تا چوار مانگی تر دەتوانێ بەرگەی گەمارۆ و گوشارەكان بگرێت.
ئەگەر ئێران بەردەوام بێ لەوەی كە گەرووی هورمز بە داخراوی بهێڵێتەوە، ئەو نرخی سووتەمەنی لە وڵاتانی ڕۆژئاوا لە ناویشیاندا ئەمەریكا زۆر بەرز دەبێتەوە، ئەمەیش هاوكات دەبێت لەگەڵ نزیكبوونەوە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی نیوەیی لە ویلایەتە یەگرتووەكانی ئەمەریكا، ئەوكات دۆخەكە دەبێتە بارگرانی و قورسییەكی زۆر بەسەر ترەمپ و حزبەكەیەوە، هەرچۆنێك بێ ئێستە ململانێكان پێوەستن بەوەی كێ دەتوانێ زیاتر بەرگەی ئازار و مەینەتییەكان بگرێت، هەردوولا وڵات لە ئاست و سنووری بەرگەگرتن لە ئازار و مەینەتییەكان بەهۆی داخستنی گەرووی هورمز و گەمارۆی دەریایی بەندەرەكان، دۆخی ڕێككەوتن و جەنگەكە یەكلا دەكەنەوە.
سەرەڕای ئەوەی هەوڵەكان بۆ دەستكردنەوە بە دانوستانەكان بەردەوامیان هەیە، بەڵام ترەمپ دوودڵە لە وەڵامدانەوەی هێرشەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران، وەك یاریدەدەر و ڕاوێژكارانی پشتڕاستی دەكەنەوە، بەگوێرەی قسەی ڕاوێژكارانی، ترەمپ دەیەوێ جووڵەی سەربازی زۆر كەم بكاتەوە و ئارامی باڵ بەسەر دۆخەكە بكێشێت، بەر لەوەی هەفتەی داهاتوو سەردانی پەكین بكات و لەگەڵ شی جینپینگی سەرۆكی چین كۆ ببێتەوە.
چین نیگەرانی و ناڕەزایی بەرانبەر جەنگ و داخستنی گەرووی هورمز دەربڕیوە و دەیەوێ ترەمپ توانای ئەوەی هەبێ كە بڵێ جەنگ و ململانێكان نزیك لە كۆتاییە، لە كاتێكدا ترەمپ دەیەوێ لە چین گرێبەستی بازرگانی گەورە لەگەڵ شی واژوو بكات.
سەرچاوەكان دەڵێن، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا تەواوی لیستی ئامانجە سەربازییەكانی لە ئێران پێكاوە، بەردەوامیدان بە گرژییەكان خوازراوترین بژارەی ترەمپە، بۆ هەڕەشەكردن لە بۆردمانی ئامانجی مەدەنی و وێستگەكانی وزە و پردەكان و تەنانەت وێستگەكانی شیكردنەوە و پاككردنەوەی ئاو.
ترەمپ هاوكات بژارەی هێرشی زەوینی سنوورداریشی لە بەردەمدایە بۆ دەستگرتن بەسەر یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئاست بەرز، یان هێرشكردنە سەر دوورگەی خارگ كە ناوەندی سەرەكی هەناردەكردنی نەوتی ئێرانە بۆ دەرەوە، بەڵام دوودڵە لە جێبەجێكردنی ئەو دوو بژارەیە، لە ترسی بوونی ڕێژەیەكی زۆری قوربانی لە ڕیزەكانی سوپای ئەمەریكا.
بەرپرسانی ئەمەریكی لە گفتوگۆ تایبەتییەكانیان دەڵێن، لە سێبەری دابەشبوونی سەركردایەتیی ئێران، دڵنیا نین لەگەڵ كێ دانوستان دەكەن و كێ خاوەنی دەسەڵات و بڕیارە بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن و واژووكردنی.
لە 28ی شوبات/فێبرایەر ئەمەریكا و ئیسرائیل هێرشیان كردە سەر ئێران و تا هەشتی نیسان/ئەپریل و ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان هەردوولا بە ناوەندگیری پاكستان، بۆردمانەكان بەردەوامیان هەبوو، لە 11 نیسان/ئەپریل یەكەم دانیشتنی ڕاستەوخۆ لە نێوان ئەمەریكا و ئێران ئەنجام درا، دوو ڕۆژ دوای ئەوە ئەمەریكا گەمارۆی دەریایی سەپاندووەتە سەر بەندەرەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران.
ترەمپ بە جێبەجێكردنی ستراتیجی نە جەنگ و نە ئاشتی، لە ڕێگەی گەمارۆی دەریایی و سزای ئابووری تواناكانی ئێران بە تەواوی پەكبخات و ڕژێمی ئەو وڵاتە ناچار بە سازشی گەورە و دانوستان بكات.