موقتەدا سەدر یەكێك لە پیاوە ئاینییە شیعە كاریگەرەكانی عێراق، داوای لە عەلی زەیدی ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق كرد، گرووپە چەكدارە عێراقییەكان لە هێزی چەكدارەوە بۆ هێزی بەهاناوەچوون و كۆمەكی مرۆیی لە ژێر ناوی "سەربازانی ڕێوڕەسمە ئاینییەكان" بگۆڕێت، بیانخاتە سەر دەستەی حەج و عومرەی عێراق.
ئەو پێشنیازەی
سەدر لە كاتێكدایە، ئەو خۆی ڕێبەڕایەتیی بەرەیەك بە ناونیشانی ڕەوتی نیشتمانی شیعە دەكات كە خاوەنی گرووپی میلیشیاكانی سەرایا سەلامە، ئەمەیش لە چوارچێوەی بیركردنەوەی بە كۆمەڵی سیاسییەكانی عێراقە بۆ چارەسەركردنی دۆسیەی گرووپە چەكدارەكان، بە تایبەت لە ناوەندەكانی شیعەی عێراق كە بە دوای دەرچەك و دەروازەیەك دەگەڕێ، تا دۆسیەی میلیشیاكان یەكلا بكەنەوە و خۆیان لە سزاكانی ئەمەریكا بپارێزن.
دەستەی حەشدی شەعبی و گرووپە چەكدارەكان، بوونەتە بارگرانییەكی سیاسی و ئابووری و تەناهی بۆ سەر دەوڵەتی عێراق و هەڕەشەیە بۆ سەر پێوەندییەكانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، لە پێش هەموویانەوە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا كە بە ڕوون و ئاشكرا ڕەتی كردەوە، ئەو گرووپە چەكدارانە هەژموونیان بەسەر حكوومەتی نوێ هەبێ و بەشداری لە دەسەڵات و پرۆسەی بڕیار لە عێراق بكەن، داوای هەڵوەشانەوە و چەكداماڵینیان و وەستاندنی مووچە و پارەداركردنیان لە بودجەی گشتی عێراق دەكات.
چاودێرانی عێراق دەڵێن، دەسپێشخەری و بیرۆكەكەی سەدر جۆرە هەوڵێكە بۆ دووبارە بەخشینەوەی ماسكێك بۆ میلیشیاكان، تا لە ناوخۆ و دەرەوە كەمتر بكرێن بە ئامانج و بخرێنە لیستی سزاكانەوە. موقتەدا سەدر قەبارەی گوشارەكانی ئەمەریكا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ كۆكردنەوەی چەك تەنیا لە دەست دەوڵەت، دەیەوێ نموونەیەكی نەرم بۆ میلیشیاكان بدۆزێتەوە كە ژێرخانی ئێستەی خۆی بپارێزێ و وەلائی مەزەویشی بمێنێت، بەڵام لە ژێر ماسكی مرۆیی و ئاینی، بەمشێوەیە هەستیاری لە بوونی سیاسی و تەناهی میلیشیاكان كەم دەكاتەوە. هاوكات بەستنەوەی میلیشیاكان بە دەستی حەج و عومرەی عێراق، جۆرە شەرعییەتێكی دامەزراوەیی و سیمبولی ئاینی بەو هێزە دەدات و ڕێگەیان پێ دەدات كە بەردەوام ئامادەییان هەبێ و كاریگەرییان لەسەر كۆمەڵگەی شیعە لە عێراق كاڵ نەبێتەوە، سەرەڕای ئەوەی ڕۆڵە سەربازییەكانی كەمتر و كەمتر دەكرێتەوە.
گرووپە میلیشیا شیعەكانی عێراق كە وەلائی ڕەهایان بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران، هەژموونی سیاسیی فراوان و نوێنەرایەتییان لە پەرلەمان و چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەیه كە سەپەرشتی پێكهێنانی حكوومەت و دەسەڵات دەكات، جیا لەوەی لە ناو وەزارەتەكانی حكوومەت و دامەزراوەكانی دەوڵەتی بڵاو بوونەتەوە.
هاوكات میلیشیاكان خاوەنی كاریگەرییەكی گەورەی تەناهین بەسەر دۆخی عێراق، نەك تەنیا لە ڕێگەی ئەو چەكەی لە دەستیاندایە، بەڵكو لە ئەنجامی دزەكردنە ناو دامەزراوە تەناهییە فەرمییەكانی عێراق، كە چوونەتە ناویانەوە و پێوەندییان بە میلیشیاكان پچڕاندووە، دوای ئەوەی بڕیاری گۆڕینی حەشدی شەعبی دراوە.
ئەو گرووپانە بەهەمانشێوە هەژموونی ئابووری و داراییان بەسەر دۆخی عێراقەوە لە ڕێگەی دامەزراوەی تایبەت بەو گرووپانە بۆ وەبەرهێنان هەیە، لەوانە كۆمپانیای "ئەلموهەندیس" كە ناوی خراوەتە لیستی سزاكانی ئەمەریكاوە، لە ڕێگەی ئەو دامەزراوەیەوە توانیویانە كاریگەریی گەورە لەسەر ئابووری پارێزگاكانی باشوور بە تایبەتی دابنێن و كۆنترۆڵی جووڵەی بارزگانی، بە تایبەت لە هاوردەكردن و هەناردەكردن، جیا لە بە قاچاخبردن و بەشداربوون لە بەڕێوەبردنی سنوور و دەروازە سنوورییەكان.
موقتەدا سەدر لە تویتێكدا دەڵێ، هەریەك لەو گرووپانە ئەو بیرۆكەیە ڕەت بكەنەوە، بە بەشێك لە گرووپەكانی دەرەوەی یاسا هەژمار دەكرێن، من لەوپەڕی ئامادەباشیدام كە لیوای "الیوم الموعود" هەڵبوەشێنمەوە و تیمەكانی سەرایای سەلامیش دەخرێنە سەر فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان، لەسەر هەمووانیش پێوەستە پابەندی ئەو بیرۆكەیە بن لە نزیكترین كاتدا.
عەلی زەیدی كاندیدی ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومەت داوای كرد، گیراوەی عەتارەكانی بۆ پێكهێنانی حكوومەت بۆ نەگیرێتەوە و پێویستە گرووپە چەكدارەكان بە تەواوی لە پرۆسەی سیاسی دوور بخرێنەوە، چونكە ئەو حكوومەتی بە جێگەیاندنی داواكارییەكانی گەل و كاركردنی ڕاستەقینە لە پێناوی سەربەخۆی عێراق لە هەر دەستوەردانێكی دەرەكی دروست دەكات.