هەفتەی رابردوو سەرۆكی پەرلەمانی عتێراق رای گەیاند كە لەم هەفتەیە دەنگ لەسەر كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق و كارنامەی حكوومەتەكەی دەدرێت، ئێستە كارنامەی حكوومەت لە پەرلەمانە و لە لایەن ئەندامان تاوتوێ دەكرێت، بڕیار بوو دووشەمی داهاتوو دانیشتنی پەرلەمان بێتە سازكردن، بەڵام بەهۆی رێكنەكەوتنی هێزە سیاسییەكان لەبارەی هەندێك لە پۆستەكان، دانیشتنی پەرلەمان بۆ پێنجشەمی داهاتوو هاتە دواخستن.
دوای ئەوەی باسی ئەوە كرا كە بەهۆی زۆریی ژمارەی پەرلەمانتارانی گشتی حەج دەكەن، هەوڵ دەدرێت دانیشتنی متمانەدان بە حكوومەتی نوێ پێش بخرێت، بەڵام دواتر هاتە راگەیاندن كە تەنیا 42 پەرلەمانتار دەچنە حەج و ئەوەش كار لە نیسابی دانیشتن ناكات، كەچی مەترسییەكە بۆ سازنەكردنی دانیشتنی پێنجشەم و تەواونەبوونی نیساب هەر ماوە، بە مەبەست و بێ مەبەست، لە ئەگەری زیادبوونی ژمارەی پەرلەمانتارانی گەشت دەكەن و كار لە تەواوبوونی نیساب بكات.
بەپێی سەرچاوەكان دواخستنی دانیشتنی متمانەدان بە كابینە و كارنامەی حكوومەتی زەیدی لە دووشەمەوە بۆ پێنجشەم بەهۆی دوو هۆكار بوو، بواردانی زیاتر بە تاوتاوێكردنی كارنامەی حكوومەتەكەی و راگەیاندنی تێبینییەكانیان، بەردەوامیی ناكۆكییەكان لەسەر پۆستە ویزارییەكان، بەتایبەتی لەناو ماڵی شیعە، بە دامەزراندنی وەزارەتی نوێ، وەك وەزارەتی دەوڵەت بۆ كاروباری دەرەوە و وەزارەتی ئاسایشی فیدراڵی، جیا لە دانانی چوار جێگر بۆ سەرۆك وەزیران، كە تا ئێستە ئەوانە مشتومڕیان لەسەرە.
سیاسەتوانێكی عێراقی ئاماژە دەكات، بەهۆی تێكهەڵكێشیی ناكۆكییە ناوخۆییەكان و لێدوانە دەرەكییەكان دۆخی سیاسی ئاڵۆزە، بەتایبەتی لێدوانەكانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا و پاڵپشتیكردنی لە زەیدی و ئەو خۆی زەیدی كاندید كردووە و سەپاندوویەتی، لەوكاتەی نووری مالیكی رەت كردەوە، بۆیە ئەو دۆخە وای كردووە هەندێك لە سەركردەكانی چوارچێوە بە هەڵوێستیان بەرانبەر بە زەیدی دابچنەوە، ئەگەرچی رایان نەگیاندووە، بەڵام دیارە لە رێگەی دروستكردنی بەربەست بۆ دابەشكردنی وەزارەتەكان و رێگرتن لە چاكسازی و هەڵبژاردنی وەزیرەكان و سووربوون لەسەر هەندێكیان و سەپاندنی مەرجی نوێ بەسەریدا.
بەپێی ئاماژەكان هەندێك لە هێزە سیاسییەكان هەوڵی خاوكردنەوەی پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی زەیدی لە ماوەی دەستووری دیاریكراو دەدەن، یان بەرەو داتاشینی پۆستی نوێ وەك ئامرازێك بۆ دابەشكردنی دەسەڵات لەناو كابینەی حكوومەتەكەی دەدەن، بۆیە مەترسی لە تەوانەبوونی نیسابی دانیشتنی پەرلەمان بەهۆی گەشتی پەرلەمانتاران بۆ حەج، وەك گوشاری سیاسی بەكار دێت، لە ترسی تێپەڕكردنی كابینەی حكوومەتەكە بێ جێبەجێكردنی مەرجەكانی ئەوان و سنوورداركردنی دەسەڵاتەكانی زەیدی، بەتایبەتی كە ئەو لە دەرەوەی هێزە سیاسییە شیعەكان هاتووە.
جیا لەو ناكۆكییانەی هێشتا لە نێوان هێزە سیاسییەكانەوە بە مەبەست و بێ مەبەست بەردەوامە، ئەو قسانەی لەبارەی زەیدییەوە تایبەت بە داماڵینی چەكی میلیشیاكانەوە دەكرێت، ترسی لای میلیشیاكان دروست كردووە، بەتایبەتی ئەوانەی ناویان لەخۆیان ناوە موقاوەمەی ئیسلامی و لە پەرلەمان ژمارەیەكی زۆر كورسییان هەیە، ئەوە وای كردووە داوا لە لایەنگرانیان بكەن گوتارێكی سیاسی و میدیایی دژ بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت پێڕەو بكەن، ئەگەر لەو هەڵوێستەی بەردەوام بێت.
بەپێی چەند سەرچاوەیەكی ئاگەدار، تا ئێستە ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە ئامادەبوونی دانیشتنی پەرلەمان بۆ متمانەدان بە كابینەی حكوومەتی زەیدی دوودڵن، لە سایەی یەكلانەبوونەوەی لێكگەیشتنە سیاسییەكان، بەپێی سەرچاوەكان، هەر شكستهێنانێك لە پێكهێنانی كابینەی حكوومەتەكەی زەیدی، دەرگە بە رووی چەند سیناریۆیەكی تر لەناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەكاتەوە، هاوكات ناكۆكیی قووڵی پێكهاتەكان دەبێتە هۆی دروستبوونی بەربەست لەبەردەم گەیشتن بە شوێنگرەیەوەی رێككەوتن لەسەر كراو لەو ماوە دەستوورییەی ماوە، ئەوەش جارێكی تر پرۆسەی سیاسی لە عێراق دەخاتە بەردەم چەند بژارەیەكی ئاڵۆز.