بڕیارە پێنجشەمی ئەم هەفتەیە 14 ئایار/مایۆ، دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا سەردانی چین بكات و لەگەڵ شی جینپینگی سەرۆكی ئەو وڵاتە كۆ ببێتەوە، ترەمپ دوو ڕۆژ لە چین دەمێنێتەوە و دواجار گەشتە دواخراوەكەی كە بڕیار بوو لە ئادار/مارسی ڕابردوو ئەنجام بدرێ و بەهۆی جەنگی ئێرانەوە دواخرا، بە فەرمی ئەنجام دەدرێت.
دوور لە موجامەلەی دیپلۆماسی، پەكین هەوڵی دەسكەوتنی سنووردار و بەرجەستەكراو دەدات، بەڵام واقیعیبوون و پراگماتی مانەوەی خۆی دەپارێزێت، بە ڕوانین لە سروشتی ناچاوەڕوانكراوی ترەمپ.
بنیامین هو لە كۆلێژی ئێس راگاراتنام بۆ توێژینەوەی نێودەوڵەتی لە سەنگاپوور دەڵێ،
چین دەیەوێ دووبارە پێوەندییە فرەوانەكانی ڕێك بخاتەوە، چونكە بە تەواوی پەی بەوە بردووە، كە دوو هێزی مەزنی وەك واشنتن و پەكین جەنگێكی بازرگانی خراپیان دەست داوەتێ، كە گەیشتووە بە سەپاندنی باج و گومرگ بەسەر ژمارەیەك زۆر كاڵای چینی بە ڕێژەی 145%.
پێشتر ترەمپ و شی ساڵێك ئارامی و وەستانی جەنگی بازرگانیان ڕاگەیاند، پسپۆران دووپات لەوە دەكەنەوە، ئامانجی سەردانی ئەمجارەی ترەمپ بۆ درێژكردنەوەی وادەی ئارامی و نەهێشتنی جەنگی بازرگانییە لە نێوان هەردوو وڵات.
یو سو یەكێك لە ئەندامانی یەكەی هەواڵگری ئابووری چین گوتی، ئەوەی چین پێویستیەتی وەفاداربوونی ترەمپە بە بەڵێنەكانی و هاتنە ناو گفتوگۆیە، بۆ گفتوگۆكردن لەسەر بەشێك لە ئەنجامە بەرجەستەكراوەكان لە بەرزترین ئاستدا. پەكین ڕازی بە ئەنجامی ئامانج سنوورداری وەك كەمكردنەوەی بڕی باجی گومرگی و هەڵگرتنی باجەكان هەنگاو بە هەنگاو لەسەر هەناردەی چین بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا.
شارەزایان بە دووری دەزانن كە بتوانرێ دۆسیەی جەنگی ئێران لە لووتكەی ترەمپ و شی باسی لێوە نەكرێ، سەرەڕای ئەوەی ئەم دۆسیەیە بوارێك نییە كە چین بیەوێ بە بەهێزی تێكەڵی ببێت، لیزی لی لە پەیمانی ئاسیا سۆسایەتی بۆ سیاسەت دەڵێ، ئەمەریكا دەیەوێ گوشار لەسەر چین لە لووتكەكە دروست بكات، تا ئابووری ئێران بە ئامانج بگرێت.
ئەمەیش لە كاتێكدایە مانگی ڕابردوو دۆناڵد ترەمپ دووپاتی كردەوە، باج بە ڕێژەی 50% دەسەپێنێتە سەر كاڵای چینی، ئەگەر پەكین یارمەتیی سەربازی كۆماری ئیسلامیی ئێران بدات. چین جەنگی ئەمەریكا و ئیسرائیلی لە دژی ئێرانی هاوپەیمانی بە نایاسایی ناو برد، هاوكات ڕەخنەی لە هێرشەكانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی كەنداو گرت و داوای دووبارە كردنەوەی گەرووی هورمز دەكات.
یو سو گوشارەكانی ئەمەریكا ناتوانن چین ڕازی بكەن بەوەی ڕێوشوێن و گوشار لە دژی ئێران و ڕووسیا بگرێتەبەر، چونكە هەرسێ وڵات پێوەندییەكی باشیان هەیە و نایانەوێ هەژموونی سەر یەكتر لە دژی یەكتر بەكار بهێنن. بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا چین دەیەوێ ئاڵۆزیی زیاتر لەگەڵ ئەمەریكا دروست نەكات و خۆی بە دوور بگرێ لە سەپاندنی باجی زیاتر بەسەر كاڵای چینی لەلایەن ئەمەریكاوە، بەهۆی پێوەندی و یارمەتیدانی ئێران.
یەكێك لە كارتە بەهێزەكانی دانوستان و گوشار لە دەستی چین، كانزا دەگمەنەكانن كە پێكهاتەیەكی سەرەكییە لە دروستكردنی هەموو شتێك بەتایبەت لە دروستكردنی مۆبایلی زیرەك و ئۆتۆمبێلی كارەبایی، ئێستە لەو بوارە چین بووەتە وڵاتێكی پێشەنگ و یەدەگێكی سروشتی زەبەلاحی هەیە، خەریكی دەرهێنان و چارەسەركردن و ئامادەكردنیان و دروستكردنی داهێنانی جۆراوجۆرە لەو بوارە وەك ستراتیجێكی دوورمەودا.
كانزاكان یەكێكن لە ئامرازە بەهێزەكان بە دەستی چینەوە، ئەگەر بیەوێ سازشی ڕاستەقینە لەلایەن ئەمەریكاوە دروست بكات، یو سو لە یەكەی هەواڵگری ئابووری چین دووپات لەوە دەكاتەوە.
جۆ مازۆر شرۆڤەكار لە كۆمپانیای تریڤیم چاینا لە پەكین دەڵێ، ترەمپ زۆر گرنگی بە كانزاكان دەدات، ئەمە شتێكە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا نیەتی و چارەسەری ئەو كێشەیەیش بە ڕوونی لای چینەوەیە. مازۆر دەڵێ، ئەگەر چین بیەوێ دەسكەوتی خێرای دەست بكەوێت، وەك كڕینی بەرهەمی كشتوكاڵی ئەمەریكا یان فڕۆكەی بۆینگ، پێویستە ئەو كارتە بەكار بهێنێت.
لیزی لی لە پەیمانگەی ئاسیا سۆسایەتی هێما بۆ ئەوەیش دەكات، ئەگەر چین هەوڵ بدات ئەو ناجێگیرییانە نەهێڵێت كە ترەمپ هۆكارەكەیەتی، لە ڕێگەی فرەجۆركردنی بازرگانی لەگەڵ باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و باشووری دنیا، پێویستە پێوەندییەكانی بە تەواوی پەرە پێ بدات.
پەكین زۆر بە ڕوونی كار دەكات بۆ بەهێزكردنی لایەنە یاسایی و ڕێكخراوەكان، چونكە گرووپێك ئامرازی لە دەستدایە، بڕیاری ئەم دواییەیشی نموونەیەكە ڕێگەی لە كۆمپانیای مێتا كرد كە كۆمپانیای ژیری دەستكردی مانۆس بكڕێتەوە، كە دووەمیان كۆمپانیایەكی چینییە.
لیزی لی دەڵێ، پەكین دەچێتە ناو گفتوگۆ لەگەڵ ئەمەریكا بە متمانەیەك كە وریایی دایپۆشیوە، دوای ئەوەی ڕوونە كە دەتوانێ بەرگەی گوشارەكان بگرێت، ئامادەیی تەواویشی هەیە كە بارمتەی درێژمەودا دروست بكات، بە بەراورد لەگەڵ هەڵبەز و دابەزە بەردەوامەكانی ترەمپ، كە ئێستە لە ژێر گوشاری هەڵبژاردنی نیوەیی ئەمەریكادایە.
بڕیارە لە نیوەی ئەمساڵ ڤلادیمێر پوتینی سەرۆكی ڕووسیایش سەردانی پەكین بكات، وەك پێشتر سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا دووپاتی لەو سەردانە كردەوە. مازۆر دەڵێ، سەردانەكەی ترەمپ و دیدار و گفتوگۆی لەگەڵ شی، مانای كۆتایی پشتیوانیی ڕووسیا لەلایەن چینەوە نییە، چونكە پێوەندییەكانی پەكین و مۆسكۆ زۆر پتەو و بەهێزن.