ڕۆژنامەی فاینەنشاڵ تایمزی بەریتانی لە ڕاپۆرتێكدا تیشكی خستووەتە سەر بەلەمی بچووك و تیژڕۆی پاسداران كە بە كەشتیگەلی "مێشوولە" ناوی بردوون، بووەتە یەكێك لە بەهێزترین ئامرازەكانی ئێران لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمەریكا و سەپاندنی گوشار لەسەر بازاڕی وزەی دنیا، بە داخستنی گەرووی هورمز لەمیانەی جەنگ و ململانێی بەردەوامی نێوان واشنتن و تاران.
لە
ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، سەتان بەلەمی بچووك و خێرایی ئێران لە ناو ئەشكەوتەكان و شوێنە حەشاردراوەكان لە تەواوی كەناراوەكانی باشووری ئێران، كە بەسەر كەنداو و گەرووی هورمز و كەنداوی عومان دەڕوانێ بڵاوە پێكردووە، سەرجەمیان ئامادەن دەسبەجێ جووڵە بەرەو گەرووی هورمز بكەن و پەلاماری كەشتییەكان بدەن، بەمشێوەیەیش تاران توانیویەتی یەكێك لە شادەمارەكانی نەوت و غازی دنیا بە داخراوی بهێڵێتەوە.
بەشێك لەو بەلەمانە بە چەكی سەرەتایی و سووك پڕچەك كراون، بەشێكی تریان هەڵگری مووشەكی كورتمەودا و تەكنیكی زۆر پێشكەوتوون، دەتوانن بە نهێنی جووڵە بكەن و كێشە و كۆسپ لە بەردەم جووڵەی كەشتییەكان لە گەرووی هورمز دروست بكەن و پەلاماریان بدەن.
لە ڕاپۆرتەكەدا ئاماژە دراوە، كەشتیگەلی مێشوولە بە ئامرازی كەمتێچوو و خێرا لە ڕووبەڕووبوونەوەی هێزی سەربازی پێشكەوتووی وەك هێزی دەریایی ئەمەریكا ڕۆڵێكی بەرچاو دەگێڕێت، ڕیشەی ئەو ستراتیجە بۆ سەردەمی جەنگی هەشت ساڵەی عێراق و ئێران لە ساڵانی هەشتاكانی سەدەی ڕابردوو دەگەڕێتەوە، كاتێك تاران تاكتیكی پشتبەستن بە هێرشی بە كۆمەڵی بەلەمی بچووكی بۆ ترساندنی كەشتیی گەورەی سەربازی، پەكخستنی جووڵەی بازرگانی و چاندنی مین و بە بارمتەگرتنی كەشتییەكان بەكار هێنا.
سەرەڕای ئەوەی پێشتر دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكا دووپاتی كردەوە، هێزی دەریایی ئەمەریكا كەوتە ژێر دەریاوە و بە تەواوی وێران كرا، بەڵام فاینەنشاڵ تایمز هەڕەشەی هێزی دەریایی ئێران هیچ ڕۆژێك لە ڕێگەی كەشتییە جەنگییە گەورەكانی نەبووە، كە لە كەشتی جەنگی ئەمەریكی كۆن و ژێر دەریایی ڕووسی سەردەمی شا پێكهاتوون، بەڵام هەڕەشەی ڕاستەقینەی دەریایی ئێران لە ڕێگەی كەشتیگەلی مێشوولەوەیە. كە بە مووشەك و درۆن پێوەست كراون و ڕۆڵێكی یەكجار كاریگەر لەسەر ئاوەكانی گەرووی هورمز دەگێڕن، ئێران ئامرازی جەنگی ناكلاسیك بەكار دەهێنێت، نایەوێ تووشی ڕووبەڕووبوونەوەی كلاسیكی هێزە دەریاییەكان ڕوو بدات.
ڕاپۆرتەكە دووپات لەوە دەكاتەوە كە پاسداران خاوەنی 500 تا هەزار بەلەمی خێرایی هێرشبردنە، هەروەها زیاتر لە هەزار بەلەمی تریش هەیە كە دەتوانرێ مووشەكی لەسەر بهاوێژرێت، بەشێك لەو بەلەمانە زۆر سادەن و تێچوویەكی یەكجار كەمیان، بەڵام هەشیانە پێشكەوتوو و بەهێزن لەوانە سێرجا یەك كە دیزاین كراوە لەسەر شێوەی بەلەمی كێبەركێكانی بەریتانیا "بلیدرانرا 51".
ئەو بەلەمانە ناتوانن هێزی دەریایی ئەمەریكا تێكبشكێنن، بەڵام دەتوانن مەترسی گەورە دروست بكەن، بە تایبەت كە هەڵگری درۆن و مووشەكی كورتمەودان. بۆیە دۆخێكی پڕ لە ترس و نادڵنیایی لە ئاوەكانی گەرووی هورمز دروست دەكەن و وا لە كۆمپانیاكانی گواستنەوە دەكەن، هانی كەشتییەكانیان نەدەن بەرەو گەرووی هورمز بڕۆن.
برایان كلارك پسپۆری سەربازی دەڵێ، ئەمەریكا خۆی وایكرد ئێران ئەو هەنگاوە بنێت، لە ڕێگەی بەرزكردنەوەی ئاستی گرژییە سەربازییەكان، ئەمە بیانووی دایە دەستی تاران بۆ چالاككردنی ئەو تاكتیكانەی كە چەند دەیەیەكە مەشق و ڕاهێنانی لەسەر دەكەن، بارگرانی گەورە و ستراتیجی كەوتووەتە سەر شانی واشنتن، ئێران تەنیا بە جووڵاندنی چەند بەلەمێكی بچووك بازاڕی وزەی دنیا دەشێوێنێت، بەڵام ئەمەریكا پێویستە پاسەوانی هەر كەشتییەك بكات كە بیەوێ بە گەرووی هورمز تێپەڕێت.
سەرەڕای ئەوەی سوپای ئەمەریكا تێكشكاندنی ژمارەیەك بەلەمی ئێرانی لە هەفتەی ڕابردوو ڕاگەیاند، بەڵام تا ئێستەیش تاران خاوەنی هەژموونی تەواوە بەسەر جووڵەی كەشتیوانی لە گەرووی هورمز، سوود لە شاردنەوەی بەلەمەكان و تواناكی لە كەناراوەكان دەبینێت و لە كاتی پێویستیش بەلەمەكان زۆر بە خێرایی جووڵە دەكەن و دواتر دەگەڕێنەوە شوێنەكانی خۆیان.
جیا لە ستراتیجی پشتبەستن بە بەلەمی تیژڕۆ و بچووك، جیۆگرافیای ناوچەكەیش لە بەرژەوەندیی تاران هەڵكەوتووە، بوونی سنوورێكی فراوانی لەسەر كەناراوەكانی كەنداو، وایكردووە كە بتوانێ هەڕەشە لە جووڵەی كەشتیوانی بە بەردەوامی بكات، بێ ئەوەی پێویستی بە ئامرازی زۆر گرانبەها و بەهێز هەبێت.