محەمەد رەئووف رۆژنامەنووسە و ئەمڕۆ لە دانیشتنی دادگایكردنی لاهوور شێخ جەنگی و هاوڕێكانیدا ئامادەبوو، ئەو چیرۆكی ناو دادگا وەك خۆی باس دەكات و دەڵێ، دادوەر پرسیاری لەبارەی ئەو دوو درۆنە كردووە كە لە شەوی 22ی ئاب بۆ ماڵی جەلال تاڵەبانی هەڵدراوە.
محەمەد رەئووف نووسیویەتی، ئەمڕۆ وەك رۆژنامەنووسێك لەگەڵ چەند رۆژنامەنووسێكی تر و چەند ئەندامێكی لقی سلێمانی دەستەی مافی مرۆڤ، بەشدار بووم لە دووەمین دادگاییكردنی لاهوور شێخ جەنگی و هاوڕێكانی لە دادگای سلێمانی كە سێ دادوەر لە سەرەوە دانیشتن، دوو پیاو و ژنێك پرۆسەی دادگاییكردنەكەیان دەست پێ كرد، بە ئامادەبوونی داواكاری گشتی كە لەلای راستی دادوەرەكان و لەسەر كورسی مێزێكی تر دانیشتبوو.
ئەو نووسیویەتی، لاهوور شێخ جەنگی و 11 گیراو هاتنە ناو هۆڵی دادگا، لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگی و رێبوار حامید خاجی غالی و چواری تریان لەناو قەفەزی دادگا و ئەوانی لە دەرەوەی قەفەزەكە بوون /جێگەیان نەبووەوە/.
باسی لەوە كردووە كە 12 پارێزەری لاهوور شێخ جەنگی ئامادە بوون، چواریان لەسەر مێزی بەردەم گیراوان و هەشتی تریان لە ریزی پێشەوەی ئامادەبووان، دادوەر دەستی بە خوێندنەوەی گوتەی تۆمەتباران كرد كە لە كاتی لێكۆڵینەوەی ئاسایش لێیان وەرگیرابوو، دادگاییكردنەكە تایبەت بوو بە هەوڵی تیرۆركردنی بافڵ تاڵەبانی و بەپێی مادەی 56 تایبەتە بە "ڕێككەوتنی تاوانكاری" و هەوڵی كۆدەتا و تیرۆر، واتا دادگاییەكە لەسەر كەیسی شەڕەكەی لالەزار نەبوو لەسەر هەوڵی تیرۆركردنی بافڵ تاڵەبانی بوو.
گێڕاویەتییەوە، بورهان رەشید سەرۆكی تیمی پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی گوتی، بۆچی تا ئێستە كەیسەكەتان نەگواستووەتەوە بۆ وردبینیكردن بۆ دادگای تەمیز لە هەولێر؟ دادوەر لە وەڵامدا گوتی، هێشتا دۆسیەكان تەواو نەبوون، لەم دۆسیەیە 687 لاپەڕەیە و ئەوەی تریش 252 لاپەڕەیە.
هەر لەناو ئەو دانیشتنەدا، پارێزەرێكی لاهوور شێخ جەنگی وەك ناڕەزایەتییەك كشایەوە و دادگا قبووڵی كرد، بەڵام دواتر بە هەوڵی سەرۆكی تیمی پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی كشانەوەكەی هەڵوەشایەوە.
"دادوەر دەستی كرد بە خوێندنەوەی وتەی تۆمەتباران، لە شوێنێكدا گوتی لە 22ی ئابی 2025 دوو درۆن ئاراستەی ماڵی مام جەلال كراون، یەكێكیان لەودیو ماڵەكەی كەوتووەتەوە و یەكێكیان لە بەردەم ماڵی بافڵ تاڵەبانی، لاهوور شێخ جەنگی گوتی، حاكم بافڵ خۆشی باش دەزانێ ئەو دوو درۆنە هی توركیا بوون.
هەروەها دەڵێ، لە بەردەوامیی خوێندنەوەی گوتەی تۆمەتباران كە باسی بردنی چەك و قەناسی دەكرد لە یەكێك لە شوقەكان، دواتریش وردەكاریی هاتنە دەرەوەی بافڵ تاڵەبانی لە ماڵەكەی و شێوازی چۆنیەتیی هەوڵ بۆ تیرۆكردنەكەی، لاهوور شێخ جەنگی گوتی، "من متمانەم بە ئێوە و دادگاكەتان هەیە، بەڵام ئەم گەنجانە هەموو لە ژێر ئەشكەنجەی قورسدا گوتەیان لێ وەرگیراوە، من هاوسەرۆكی یەكێتی بووم، دەزانم ئەو هێزانە هەمووی هێزی یەكێتین و حزبین".
ئەوەیشی گوتووە كە دادوەر رەخنەی لە پارێزەرەكان گرتووە و گوتوویەتی، ئێوە باسی چی دەكەن، لە 26ی نیسانەوە دۆسیەی ئەو تۆمەتبارانە لە بەردەستمدایە یەك پارێزەرتان نەهاتوون سەیری دۆسیەكە بكەن و داوای دۆسیەكە بكەن.
شاهیدەكە
یەكێك لە شاهیدەكان هێنرایە ژوور، دادوەر ناوەكەی خوێندەوە كە تەمەنی (31) ساڵ بوو، شاهیدەكە سوێندی خوارد و دادوەر وتەی لێ وەرگرت: شاهید باسی بردنی جانتاكەی كرد لە ماڵی لاهوور شێخ جەنگییەوە تەسلیمكردنی بە كەسێكی تر و بردنی بۆ شوقەیەكی نزیك ماڵی مام جەلال لە دەباشان بەردەوام بوو، لە كۆتاییدا شاهیدەكە بەروونی قسەی كرد، من ئەشكەنجەی زۆر دراوم، سەرم پێنج تەقەڵی پێوەیە، پشتم چەقۆی پێوەیە، دەم و ددانم شكێنراوە، دەمەوێ ئەوەشتان پێ بڵێم هێندە ئەشكەنجە دراوم، پیاوەتیم لە دەست داوە.