سەرچاوەكان: سەرەتای جەنگ لە نێوان پاسداران و ئەرتەشی ئێران دەركەوتووە

:: AM:09:41:16/05/2026 ‌
لە 40 ڕۆژەی جەنگ لەگەڵ ئێران، تەنیا دەنگی بۆردمان و تەقینەوەی بۆمبەكان و فڕۆكەكان لە ئێران دەبیسترا، بەڵام لە ژێریشەوە ململانێیەكی ناوخۆی قووڵ و بەردەوام لە نێوان سوپای پاسداران و ئەرتەشی ئێران بوونی هەبوو و تا ئێستەیش بەردەوامی هەیە. سەرچاوەكان دووپات لەوە دەكەنەوە كە سەرەتای جەنگێكی ناوخۆیی لە ناو ئەو دوو هێزە دەركەوتووە و ڕوودانیشی ئەگەرێكی بەهێزە.

ناكۆكی نێوان پاسداران و ئەرتەش بۆ ئێستە ناگەڕێتەوە، بگرە دوای سەركەوتنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە ئایار/مایۆی 1979 و دوای ئەوەی ڕوحوڵا خومەینی ڕێبەری ئەوكاتی شۆڕش، بڕیاری دامەزراندنی سوپایەكی هاوتەریب لەگەڵ ئەرتەشی ئێرانی دا، بۆ پاراستنی ڕژێم لە هەر كودەتا و پشێوییەك كە لەلایەن سوپاوە ئەنجام بدرێت، لەو كاتەوە ململانێكان بوونیان هەیە و كۆتاییان نەهاتووە و نایەت.

ئەوكات بە فەرمانی خومەینی ژمارەیەكی زۆری فەرماندە باڵاكانی ئەرتەش و گەورە ئەفسەران بەهۆی بوونی گومان لەسەریان كۆتایی بە ژیانیان هێنرا و لەناو بران، لە ماوەی 47 ساڵی ڕابردوویش، پاسداران دەستی بەسەر تەواوی پۆستەكانی فەرماندەیی ئەرتەشدا گرتووە، تا ڕێ لە هەموو ئەگەرێكی كودەتا لەلایەن ئەرتەشەوە دژی ڕژێم بگرێت، كۆنترۆڵكردنی لووتكەی سەربازیی وڵات یەكلا نەبووەتەوە لەگەڵ بەردەوامی ململانێ لەسەر خۆشییەكانی دنیا و ویستی هێز و دەسەڵات لە ناو سەربازانی ئەو دوو هێزەدا، لەگەڵ بەردەوامی زاڵبوون و هەژموونی پاسداران و كۆنترۆڵكردنی تەواوەتی ئابووری و سیاسەت و ئاسایشی ناوخۆی ئێران و سەرپەرشتیكردنی هەناردەكردنی شۆڕش بۆ دەرەوەی ئێران، ئەرتەش لەوپەڕی پەراوێزخراوی و بێدەسەڵاتیدایە.

كەناڵی ئەلحوڕە لە ڕێی هێزە بەرهەڵستكارەكانی ئێرانەوە، توانی پێوەندی بە سێ ئەفسەری پێشووی كورد لە ئەرتەشی ئێران بكات، یەكێكیان بە پلەی "عەمید" خانەنشینكراوە، جیا لەوە پسپۆران و چالاكانی تایبەت بە چاوەڕوانی ململانێكان لە ناوخۆی پایەكانی ڕژێمی ئێران قسەیان كردووە و سەرجەمیان هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی ناوخۆی ئێران دەكەن و پێوەندییان بە ئەفسەرانی باڵای ئەرتەشی ئێران هەیە.

ئەو ژمارە لە پسپۆر و ئەفسەر و چالاكانە دووپات لە بوونی ململانێی قووڵ لە نێوان ئەرتەش و پاسداران دەكەنەوە، نایشارنەوە لە ئەنجامی جەنگی 40 ڕۆژەیش كە ئەمەریكا و ئیسرائیل دژی ئێران بەرپایان كرد، ناكۆكی و ململانێكانی نێوان ئەو دوو هێزە بەشێوەیەكی زۆر فراوان و بەهێز زیادی كردووە.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، لە كاتی جەنگ لە تاران و تەورێز و ئەسفەهان و كرمانشان و مەریوان و ئەهواز ڕووبەڕووبوونەوە لە نێوان هێزەكانی سوپای پاسداران و ئەرتەشی ئێرانی ڕووی داوە، بەوهۆیەوە كوژراو و برینداریش لە ڕیزەكانی هەردوولا كەوتووەتەوە.

سەرچاوەكان دەڵێن، ئەو ڕووبەڕووبوونەوانە لە ئەنجامی دەركردنی ئەفسەر و كارمەندانی ئەرتەش لە بنكە سەربازییە هاوبەشەكانی هەردوولا دروست بوو، لەو كاتەی كە پاسداران ئەفسەر و بەرپرسانی ئەرتەشیان لە بنكە سەربازییەكان بە تۆمەتی خیانەتكردن و گواستنەوەی زانیاری لەو بنكە سەربازییانەی پڕ لە مووشەكن و درۆنن بۆ ئەمەریكا و ئیسرائیل گواستووەتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەكان، دەزگەی هەواڵگریی سوپای پاسداران دەیان ئەفسەر و سەربازی ئەرتەشی گرتووە و خستوویەتنە ناو گرتووخانەكانەوە، ئەمەیش بووەتە هۆی ئەوەی پێكدادان لە نێوان هەردوولا روو بدات، بەتایبەت دوای ئەوەی پاسداران ئامادە نەبوون گیراوەكان ئازاد بكەن.

زۆر لە ئەفسەرە باڵاكانی ئەرتەش ڕەتی دەكەنەوە فەرمان و پلانەكانی پاسداران لە ناو شارەكان جێبەجێ بكەن، نایانەوێ نوێنەرایەتیی جێبەجێكردنی بڕیارەكانی پاسداران بكەن و پاسدارانیش دەست لە كاروباری ئەرتەش وەربدات. چونكە بە بڕوای ئەوان پلانەكانی پاسداران لە ڕووی سەربازییەوە شكستی گەورەیان هێناوە، سەرەڕای ئەوەیش لە ڕووی مادی و دنیاییشەوە ئەرتەش بە تەواوی لە پاسداران و ڕژێم تووڕەیە، چونكە ئەوان بە تەواوی پەراوێز خراون، بەتایبەت كە هەموو هاوكارییەكی مادی و كۆمەكێكی ئەرتەش لەلایەن پاسدارانەوە ڕاگیراوە و بە توندی دژایەتی دەكرێن.

ئاسۆ قادری چالاكی سیاسی كورد كە خەڵكی ناوچە كوردییەكانی ئێرانە و ئێستە لە ئەوروپا دەژی دەڵێ، هۆكاری سەرەكی گرژییەكان لە نێوان پاسداران و ئەرتەش ململانێیەك نییە لە بارەی چاكسازی یان گۆڕینی ژێرخانی سیاسی و ئاسایشی ئێران، بەڵكو كێبەركێیە لەسەر دەسەڵات و هەژموون.

زیاتر گوتی، لە ڕووی تیۆرییەوە ئێستە موجتەبا خامنەیی ڕێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران، بەڵام لە واقیعی ئەو ڕۆڵی یەكلاكەرەوە لە گۆڕەپان نابینێت، بەهۆی ئەو سەختییەی تووشی بووە لە ئەنجامی كوشتنی ماڵباتەكەی و برینداربوونی خۆی. ئەمە وایكردووە كە دەسەڵات بۆ تۆڕێكی تەناهی و سەربازی بگوازرێتەوە و كێبەركێ لەسەر بازنەكانی هەژموون و سەپاندن، فراوان ببێ و هاریكارییەكان نێوان هێزەكان كەمتر ببنەوە، لەو چوارچێوەیەدا پاسداران دەیەوێ دەسەڵاتی تەواو بەسەر سەرجەم جومگەكانی دەوڵەتدا بگرێت.

چاودێران و شارەزایان بۆ ئەلحوڕە دەڵێن، ململانێكان لە ناو پایەكانی ڕژێمی ویلایەتی فیقهی دەسەڵاتدار لە ئێران بەتایبەت لە نێوان پاسداران و ئەرتەش، هەواڵگری حكوومی ئێران و هەواڵگریی سوپای پاسداران قووڵ بووەتەوە و زۆر فراوان بووە، بەتایبەت دوای مەرگی عەلی خامنەیی ڕێبەری پێشووی سوپای ئێران لە 28ی شوبات/فێبرایەری ڕابردوو لە ئەنجامی بۆردمانی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ماڵەكەی.

فوئاد ئەبو ڕەسالە ئەمینداری نهێنی بەرەی عەرەبی بۆ ڕزگاركردنی ئەهواز دەڵێ، ململانێكانی نێوان ئەرتەش و پاسداران لەو كاتەوە دەستی پێ كرد، كە خومەیی گەورە فەرماندە و ئەفسەری ئەرتەشی لە پلەی "رائید" بە سەرەوە بەر لە 47 ساڵ لە سێدارەدا. ئەو ململانێیەیش كۆتایی نایەت تا ڕژیم نەڕووخێت و كۆتایی نەیەت.

بۆشایی نێوان پاسداران و ئەرتەش زۆر قووڵ و فراوان بووە لە نائامادەیی ڕێبەری ئێستە موجتەبا خامنەیی و جێبەجێ نەكردنی دەسەڵاتەكانی، ئەرتەشی ئێران لە دەرفەتێك دەگەڕێ تا كۆتایی بە سوپای پاسداران بهێنێت و تۆڵەی لێ بكاتەوە، قەرەبووی حاڵەتی پەراوێزخستن و بێ دەسەڵاتكردنی لە ماوەی نزیكەی پێنجی دەیەی ڕابردووی بكاتەوە، بۆیە خەبات و جووڵەی زۆر دژی پاسداران دەبینن، لە ناویشیاندا ئۆپراسیۆنی سەربازی تایبەت، كە ئەفسەری ئەرتەش لە ماوەی ڕابردوو بینیویانە و دەیانەوێ جێبەجێی بكەن.

تا ئێستە ئامارێكی فەرمی لەبارەی ژمارەی هێزە چەكدارەكان لە ئێران بوونی نییە، بەڵام بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەكان ژمارەی سەربازانی ئەرتەشی ئێران لە ژێرانی پاسداران زیاترە، ژمارەی هێزەكانی ئەرتەشی ئێران 700 هەزار كەس دەبێت، 300 هەزار سەربازی یەدەگیشی هەیە، لە بەرانبەردا هێزەكانی پاسداران ژمارەیان دەگاتە 500 هەزار و بەسەر هێزی وشكایی و دەریایی و ئاسمانی و فەیلەقی قودس و هەواڵگری پاسداران دابەش بوون.

لەگەڵ ئەوەیشدا هێزەكانی بەسیج كە وەك هێزی یەدەگی سوپای پاسداران دەبینرێن و سەرپەرشتی ئاسایشی ناوخۆی شارەكان دەكەن، ئەمانیش ژمارەیان دەگاتە 300 هەزار چەكدار و نزیكەی دوو ملیۆن چەكداری خۆبەخشی مەدەنیشیان هەیە.

چەك و كەلوپەلی سەربازی پاسداران بە بەراورد لەگەڵ ئەرتەش زۆر پێشكەوتووتر و بەهێزترە، پاسداران بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ سەرپەرشتیی بەرنامەی مووشەكی بالیستیك و درۆن و پیشەسازی چەكی كیمیایی و بایۆلۆجی و ناوكی دەكەن، بەڵام ئەرتەش خاوەنی چەكی كۆن و ماندوو و لەكاركەوتووە و هیچ جۆرە پەرەپێدان و نوێكردنەوەی چەك و كەلوپەل بۆ ئەو هێزە فەرمییەی ئێران، لە دوای گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن ڕژێمی ئیسلامییەوە ئەنجام نەدراوە.

لە ڕووی ئابووری پاسداران خاوەنی بارەگای خاتەمولئەنبیایە كە باڵی ئابووری پاسدارانە و دەستی بەسەر ئابووری ئێراندا گرتووە و بازرگانی دەرەوە و پرۆسەی خۆدزینەوە لە سزاكان و هەناردەكردنی نەوت بە قاچاخ، لەلایەن ئەو گرووپەوە ئەنجام دەدرێ و بەرپرسیشە لە ئامادەكردنی بودجەی پاسداران، جیا لەوەی بودجەیەكی كراوەیشیان هەیە تا لە پەرەپێدانی چەك و جێبەجێكردنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكان لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێران كەڵكی لێ وەربگرن.

لامارا ئەركەندی پسپۆر و توێژەر لە گرووپە توندرۆكان دەڵێ، فراوانبوونی بۆشایی لە نێوان ئەرتەش و پاسداران، پرسێكە مەترسیی گەورە لەسەر ئەو پایانە دروست دەكات كە ڕژێمی ئیسلامیی لەسەر بنیات نراوە. لاوازیی ناوەندی بڕیار لە ئێران و كۆنترۆڵكردنی دۆخەكە لەلایەن پاسدارانەوە، وایكردووە كە ململانێی كۆنترۆڵكردنی دەسەڵات لەلایەن هەردوولاوە بەردەوامی هەبێت، ئەمەیش ئەگەری زۆرە دواجار سەر بۆ ئاڵۆز و پێكدادانی ناوخۆی بكێشێت و بەمشێوەیەیش كۆتایی بە ڕژێمی ئیسلامی لە ئێران دێت.


وشە - باز ئه‌حمه‌د