شارەزایان پێیانوایە گرتنی محەمەد باقر سەعدی سەركردە لە میلیشیاكانی كەتائبی حزبوڵای عێراقی، سەرەتایەكە لە وەرچەرخانێكی نوێ لە شێوازی مامەڵەكردنی واشنتن لەگەڵ میلیشیا چەكدارەكانی سەربە ئێران، ئەمەیش لە رێگەی راونانی دادگایی نێودەوڵەتی و دادگاكانی ئەمەریكاوە دەبێت نەوەك گۆڕەپانەكانی كوشتن و هێرشی سەربازی بۆ سەر بنكەكانیان.
تەنیا رۆژێك دوای متمانەدان بە حكوومەتی عەلی زەیدی لە پەرلەمانی عێراق، ئەمەریكا رای گەیاند محەمەد باقر سەعدی لە توركیا گیراوە، كاتی راگەیاندنەكە بەگوێرەی چاودێران پەیامێكی راستەوخۆیە بۆ بەغدا سەبارەت بە ئایندەی پێوەندییەكەی لەگەڵ میلیشیاكان؟ هەروەها سنووردانانە بۆ ئاسانكاریی ئەمەریكا لەگەڵ ئەو گرووپانەی كە ئەمەریكا تۆمەتباریان دەكات بەوەی هەڕەشەن بۆ سەر بەرژوەندییەكان لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق.
بەپێی راگەیاندنی وەزارەتی دادی ئەمەریكا و نووسینگەی لێكۆڵینەوەی فیدڕاڵی FBI سەعدی تۆمەتبارە بە پلاندانان و هاوئاهەنگیكردن لە 18 هێرش بۆ سەر بەرژوەندی ئەمەریكا و جوو لە ئەوروپادا. هەروەها پلانی داناوە بۆ هێرشكردن لەناو ئەمەریكا و كەنەدا، جیا لەمەیش هەوڵی هەبووە بۆ هێرشكردنە سەر كنێسی جوو لە نیویۆرك.
هەروەها دەسەڵاتدارانی ئەمەریكا بەوە تۆمەتباری دەكەن لە چەند تۆڕێكی پێوەیست بە كەتائبی حزبوڵا و سوپای پاسداران كاری كردووە. دوای گرتنیشی لە توركیا لە ئۆپراسیۆنێكی نهێنی بەرەو ئەمەریكا گوێزرایەوە، ئۆپراسیۆنەكەیش بە هاوئاهەنگی هەواڵگری ئەمەریكا و توركیا ئەنجام دراوە.
میلیشیاكان هەڕەشە لە ئاسایشی نێودەوڵەتی دەكەن
غازی فەیسەڵ سەرۆكی سەنتەری عێراق بۆ توێژینەوە لە لێدوانێكدا بۆ
ئیرەم نیوز لەسەر ئەو بابەتە دەڵێ، "لەوە دەچێ گرتنەكە لە توركیا بێت دوای ئۆپراسیۆنێكی راونان و چاودێری هەواڵگری بێت. هەروەها دەردەكەوێت بە هاوئاهەنگی نێوان توركیا و ئەمەریكا بووە، بە تایبەتی لەگەڵ تۆم باراك نێردەی تایبەتی ئەمەریكا. لە روانگەی ئەوەی كەسە گیراوەكە تۆمەتبارە بە جێبەجێكردن و پلاندانان بۆ ئۆپراسیۆنی بە ئامانجگرتنی بەرژوەندییەكانی ئەمەریكا و ئەوروپا".
هەروەها غازی فەیسەڵ دەڵێ، "پێموانییە واشنتن پێشتر عێراقی لە ئۆپراسیۆنەكە ئاگادار كردبێتەوە، بەهۆی ئەوەی سروشتی ئۆپراسیۆنەكە هەستیارە، بەڵام لەوانەیە دواتر وردەكارییەكەی بە حكوومەتی عێراق گەیاندووە، بە تایبەتی دەزانرێت كەسە گیراوەكە پاسپۆرتی خزمەتی عێراقی هەڵگرتووە، كە خەسڵەتێكی فەرمی هەبووە".
غازی فەیسەڵ سەرندگی ئەوەیش دەدات كە چیتر واشنتن وا سەیری ئەو دۆسیانە ناكات تەنیا عێراقی بن، دەڵێ، "واشنتن وا سەیری چالاكی ئەو میلیشیایانە ناكات وەك ئەوەی بابەتێكی تەواو ناوخۆیی عێراق بن، بەڵكو ئەو گرووپانە بە جۆرێك دادەنێت كە هەڕەشەی لە ئاسایشی نێودەوڵەتی و بەرژوەندییەكانی رۆژئاوا دەكەن، بۆیە پێشبینی ئەوە لە بەغدا دەكات زانیاری پێ بدات و تۆڕەكانی پێوەیست بەو رێكخراوانە ئاشكرا بكات".
چاودێران پێیانوایە ئەمجارە واشنتن هەوڵ دەدات دۆسیەی دادگایی و تەناهی تەواو دژ بەو كەسانە بكاتەوە كە سەر بە میلیشیاكانن، هەروەها بەوە واز ناهێنێ هێرشی ئاسمانیان بكاتە سەر و بیانكوژی وەك ئەوەی لە ساڵانی رابردوودا رووی دەدا، بە تایبەتی دوای كوشتنی ئەبومەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی حەشدی شەعبی و قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەق قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لە 2020.
شارەزایان پێیانوایە حكوومەتی ئێستەی ئەمەریكا هەوڵ دەدات بۆ ئەوەی لە جووڵانەوەی دژ بە میلیشیاكان، چوارچێوەیەكی یاسایی و نێودەوڵەتی هەبێت، بە بەكارهێنانی دادگاكانی ئەمەریكا و تۆمەتباركردنیان بە "تیرۆری نێودەوڵەتی" ئەمەیش لە داهاتوودا بازنەی راونانی ئەو كەسانە فراوانتر دەكات.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی هەیە، سەعدی چەندان ساڵە لە نێوان عێراق و لبنان و سووریا و توركیا جووڵە دەكات. لە چەندان وێنە لەگەڵ قاسم سلێمانی و ئیبراهیم رەئیسی سەرۆكی كۆچكردووی ئێران دەركەوتووە و بەگوێرەی راپۆرتەكان خاوەندارێتی "پاسپۆرتی خزمەت" وایكردووە گەڕانەی لە دەرەوە ئاسان بێت.
ئەمەریكا كەتائیبی حزبوڵای خستووەتە لیستی رێكخراوە تیرۆریستیە بیانییەكان، چەند هەفتەیەكیش لەمەوبەر پاداشتی 10 ملیۆن دۆلاری بۆ هەر كەسێك داناوە زانیاری بۆ دۆزینەی فەرماندەی گرووپەكە ئەبوحوسێن حەمیداوی بدات.
كەمال تائی شارەزا لە كاروباری ئاسایش دەڵێ، "ئەمەریكا لە میانەی گرتنەكە هەوڵ دەدات پەیامێكی دوو لایەنە بگەینێ، یەكەمیان قۆناغی پارێزبەندی میلیشیاكان تەواو بوو، دووەمیان دەبێت دۆسیەی چەكی میلیشیاكان لە پێشینەی كارەكانی حكوومەتی نوێی عێراق بێت و ناكرێت دوای بخات".
هەر ئەو شارەزایە دەشڵێ، "واشنتن لە سیاسەتی بەرپەرچدانەوەی سەربازی راستەوخۆ بۆ ستراتیجی راونانی دادوەری و هەواڵگری دەچێت، ئەمەیش بۆ میلیشیاكان زۆر لە هێرشەكان ترسناكترە، چونكە بابەتەكە پێوەندی بە وشككردنی تۆڕەكان و پارەداركردن و گەشتكردن و پێوەندی دەرەكییەكان هەیە".
ئەو شارەزایە باس لەوەیش دەكات ئۆپراسیۆنی گرتنی سەعدی قەبارەی ئەو هاككردنە ئاشكرا دەكات كە هەواڵگری ئەمەریكا بۆ هەندێك سەركردەی میلیشیاكان ئەنجامی داوە،بە تایبەتی ئۆپراسیۆنی گرتنەكە بە خێراییەكی زۆر لە دەرەوەی عێراق ئەنجام دراوە.
تا ئێستەیش حكوومەتی عێراق و میلیشیاكانی شیعە هیچ هەڵوێستێكی روونیان بۆ ئەو بابەتە نەبووە، لە كاتێكدا پێشبینی ئەوە دەكرێت گرتنی سەعدیی دوایین ئۆپراسیۆن نەبێت، لە كاتێكدا كە لە ناوەندە ئەمەریكییەكان جارێكی تر دۆسیەی پێوەیست بە میلیشیاكانی عێراق و چالاكیە دەرەكییەكانیان دەكرێتەوە.