لە باكوری كوردستان پەكەكە لە ژێر ناوی گرووپی "كۆم موزیك"، كێشەی بۆ ئەو هونەرمەندانە دروست دەكات كە سەربە خۆی نین، لە ناویاندا مەم ئارارات كە لە رۆژانی رابردوو زۆر شتی ئاشكرا كرد دوای ئەویش شڤان پەروەر لەوبارەیەوە روونكردنەوەی دا و بڵند ئیبراهیمیش پاڵپشتیی بۆ مەم راگەیاند.
هونەرمەندی ناودار شڤان پەروەر ڕەخنە لە رۆشنبیران و هونەرمەندان و پارتی سیاسی لە باكوری كوردستان دەگرێت، شڤان دەڵێت یەكێتیی خۆتان دروست بكەن و دەست لە خزمەتكردنی دەوڵەتی داگیركەر بەردەن.
شڤان رای گەیاند، بەداخەوە كارەكانی هەندێك دەزگا و دامەزراوە و رۆشنبیر و هونەرمەندی كورد، چیتر خزمەت بەكورد ناكەن و كەوتوونەتە خزمەتی دەوڵەتی تورك و عەرەب و فارس.
پەروەر رەخنەی لە پارتی سیاسی گرت كە هونەرمەندان و نووسەران دەكەنەوە دووبەش، بەشێك لەگەڵ خۆیانە خزمەتی دەكەن و بەشەكەی تر كە لەگەڵیان نین، لەمپەریان بۆ دروست دەكرێت.
مەم ئارارات بەڤیدیۆیەك هەموو ئەو گلەییانەی چەندان ساڵە لای كەڵەكە بوون ئاشكرا كرد و گوتی، ئەوەی هەندێك دەزگا و لایەنی سیاسی لە باكوری كوردستان بەرانبەر هونەرمەند و رۆشنبیرانی دەرەوەی خۆیان دەیكەن ناهەقییە.
مەم گوتی، 12 ساڵە لەلایەن كەسانێكەوە لە باكور ناهەقی بەرانبەرم دەكرێت و لەبەر ئەوەی كوردن، بێدەنگ بووم، بەڵام ئێستە دەبێت راستییەكان ئاشكرا بكەم، چونكە سەبری منیش سنووری خۆی هەیە.
گوتی، من دژی هیچ پارتێكی سیاسی نیم، بەڵام كۆیلەی هیچ گرووپ و پارتێكیش نیم، هاوكات كوتلەی كەسیش نیم. بەڵام ئەو كوتلەیەی باكور كەسێك لە دەرەوەی خۆیان بێت، زیانی پێ دەگەیەنن و ناوبانگی خراپ دەكەن، ئەمەش شۆڤێنییەتە.
بە درێژایی مێژوو، هونەری كوردی هەمیشە لە نێوان دوو بەرەدا ماوەتەوە: لەلایەك بەرگری لە شوناسی نەتەوەیی و لەلایەكی تر بەرگری لە ئازادی و سەربەخۆیی سروشتی خۆی. دوایین لێدوانی هونەرمەندی ناودار مەم ئارارات كە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە سۆشیال میدیا بڵاوی كردووەتەوە، تەنیا گلەییەكی ئابووری نییە، بەڵكو هاواری هۆشیارییەكی ئازادە كە لە قۆرخكاری ڕێكخراوەیی پەكەكە و دەستبەسەرداگرتنی كار و ڕەنجە هونەرییەكانی سەریهەڵداوە.
ئەم لێدوانە پەنجە لەسەر برینێك دادەنێت كە ساڵانێكە لە ناو كۆمەڵگەی كوردیدا دەشارێتەوە، ئەویش بە سیاسیكردنی هونەر و پێشێلكردنی مافی هونەرمەندان لەلایەن دامەزراوەكانی سەربە پەكەكەوەیە.
دامەزراوەكانی وەك كۆم موزیك كە لە ژێر كۆنترۆڵ و چەتری پەكەكەدا كار دەكەن، ساڵانێكە وەك ناوەندی ڕۆشنبیری و نەتەوەیی پێشان دەدرێن، بەڵام كاتێك باس لە مافە ئابوورییەكان و ڕەنجی كەسی و سەربەخۆیی هونەرمەندان دەكرێت، ئەم دامەزراوانە دیكتاتۆریی سیاسی پێشان دەدەن.
ئارارات بە ئاشكرا دەپرسێت: 12 ساڵە بەبێ ئەوەی كە هیچ هەوڵێك بدەن، دەستیان بەسەر هەموو كارەكانمدا گرتووە، دیموكراسی لە كوێیە، مافەكانی مرۆڤ لە كوێن، ڕەنج و كار لە كوێن؟
ڤیدیۆكەی مەم دەنگدانەوەی لە هەر چوار پارچەی كوردستان هەبوو، لەمبارەیەوە هونەرمەندی دیاری باشوور "بڵند ئیبراهیم" رای گەیاند، بەتەواوی پاڵپشتی خۆم بۆ مەم دەردەبڕم و دژی هەر لایەن و دامەزراوەیەكم، بێڕێزی بەهونەرمەند بكات و مافەكانی پێشێل بكات.