سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دۆناڵد ترەمپ، هۆشداریی دا كە كات بە خێرایی دەڕوات و ئەگەر نەگەن بە ڕێككەوتن لەگەڵ ئێران، هیچ شتێك لە ئێران بوونی نامێنێت، كاتێك دانوستانەكان شكست دەهێنن، سەرەڕای ئەوەی بە فەرمی ئاگربەست كۆتایی نەهاتووە، بەڵام سیاسەتی قورسترین و زۆرترین گوشار لەلایەن ئەمەریكاوە، شكستی هێناوە بەرانبەر بە ئارامگرتن و سەبری ستراتیجی ئێران، بۆ خۆڕاگرتن بەرانبەر بە گەمارۆ و سزاكانی ئەمەریكا. ئەمەیش وایكردووە كە ناوچەكە بگاتە قۆناغێكی سیاسی و ستراتیجی مەترسیدار كە تەنیا جەنگ چارەی دەكات.
واشنتن لەو بڕوایەدا بوو كە زۆرترین سزا و گوشار لەسەر ئێران، ئەو وڵاتە ناچار بە سازشی گەورە دەكات، بەڵام تاران بە پێچەوانەوە تا ئێستە بە خۆڕاگری ماوەتەوە و بەرگەی سزا بەردەوامەكان و گەمارۆ قورسەكانی گرتووە و لە دانوستانەكانیش سازش و نەرمی نانوێنێت، ئەمەیش وایكردووە كە ترەمپ بە تەواوی بێ ئومێد بێت. بۆیە ئەگەری دەستكردنەوە بە بۆردمانكردنی ئێران زۆر ڕژد و بەهێزە.
لە پەراوێزی كاریگەرییە خراپەكانی داخراوی گەرووی هورمز لەسەر ئابووری دنیا و بەردەوامی شەڕ و پێكدادان لە نێوان حزبوڵا و سوپای ئیسرائیل، واشنتن تاران بەوە تۆمەتبار دەكات كە ئامادە نییە سازشی گەورە بكەن، دوای ئەوەی داوای لە تاران كرد، كە تەنیا یەك وێستگەی ناوكی بهێڵێتەوە و ئەوانەی تر هەڵبوەشێنێتەوە و یۆرانیۆمی پیتێنراو تا ئاستی بەرزیش ڕەوانەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بكات، لە بەرانبەر ئەمەدا ئەمەریكا پارە بلۆككراوەكانی ئێران ئازاد دەكات.
سەرەڕای ئەوەی بە فەرمی شەڕ دەستی پێ نەكردووەتەوە، بەڵام بۆردمانكردنی وێستگەی براكەی ناوكی لە ئیمارات و ناردنی درۆن بۆ سعوودیە، گرژییەكانی زیاتر كردووەتەوە، لە كاتێكدا پاكستان بەردەوامە لە هەوڵەكانی وەك ناوەندگیری سەرەكی لە نێوان واشنتن و تاران، تا هەردوولا بەردەوام بن لە گفتوگۆ و دانوستان.
ترەمپ لە میانەی سەردانەكەی بۆ چین، لەگەڵ سەرۆكی ئەو وڵاتە جەنگی دژ بە ئێران و كردنەوەی گەرووی هورمزی تاوتوێ كرد، بەڵام ئەمە هیچ هەڵوێستێكی نوێی پەكینی بە دوای خۆیدا نەهێنا، بۆیە دوای گەڕانەوەی لە پەكین سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بە زمانی هەڕەشەی ڕاستەوخۆ و توند و هۆشداری بەردەوام قسە لەبارەی مامەڵەكردن لەگەڵ ئێران دەكات، هەرچەندە سیاسەتی گورزی كورت و گوشاری زۆر بەرانبەر بە جەنگی بازرگانی دژ بە كەرتی غەزە و ئۆپراسیۆنی گرتنی سەرۆكی ڤەنزوێلا سەركەوتوو بوو، بەڵام ئێران توانی بەرگەی بۆردمانە چڕ و زۆرەكان و لەناوبردنی ژمارەیەكی زۆر لە سەركردەكانی و خۆڕاگری بەرانبەر بە سزا قورس و گەمارۆ بەهێزەكانی ئەمەریكا بگرێت.
ژێرخانی سیاسی و سەربازیی ئێران خۆراگری وەك بەشێك لە شەرعییەتی ناوخۆیی دەسەڵات دەبینن، بۆیە ئامادە نین هیچ سازشێك بۆ ئەمەریكا بكەن و بگرە بە زمانی توندیش وەڵامی هەڕەشە و هۆشدارییەكانی ترەمپ دەدەنەوە.
لە كاتێكدا ترەمپ سوورە لەسەر ئەوەی بە سەركەوتنی تەواوەتی ئەمەریكا لە
جەنگەكە دەربچێت، لە بەرانبەردا كۆماری ئیسلامیی ئێران تەنیا بە مانەوەی ڕژێم لە دەسەڵات و كۆتایی نەهێنان بە دەسەڵاتی ئەو ڕژێمە، بە شكستی گەورەی ئەمەریكا دەزانێت. تەنگژەكە و شێوازی ترەمپ بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتنێكی خێرا لە دۆسیەی ئێران بە پێچەوانەی ڕێڕەوی دانوستانەكانە كە لەسەر بنەمای قازانج و زیانی خێرا بەڕێوە ناڕوات، بەڵكو بە لۆجیكی هەناسەی درێژ و قووڵ و دووركەوتنەوە لە شكستی سیاسی گەورە لە نێوان هەردوولا هەنگاوی لەسەر دەنرێت.
لێدوانەكانی ترەمپ به سڕینەوەی شارستانی ئێران و وەسفكردنی سەركردەكانی بە شێت و بەڵتەچی، لە ناوخۆی ئێران وەك هەوڵێك بۆ خۆڕادەستكردنی ئێران هەژمار كرا، بەڵام ئەمە بە بڕوای شرۆڤەكارانی ئەمەریكا، پشتیوانی و شەرعییەت و هەژموونی باڵی توندڕۆی ناو دەسەڵاتی ئێرانی زۆر بەهێزتر كردووە، بەتایبەت كە واشنتن نایەوێ بگات بە ڕێككەوتنێكی یەكسان، بەڵكو ئامانجیەتی شكستێكی تەواوەتی لەلایەن كۆماری ئیسلامییەوە قبووڵ بكرێت.
ڕژێمی ئێران مێژوویەكی درێژی دانوستانەكانی هەیە و لە ڕێی سازشنەكردنی بەرانبەر بە داواكانی ئەمەریكا، سەرۆك ترەمپ ناچار دەكات كە زمانی قسە و هەڕەشەكانی نەرمتر بكاتەوە.
بەڕێوەچوونی گفتوگۆ و دانوستانەكان و ویستنی كاتی زیاتر بۆ گفتوگۆكان بە تەواوی لە بەرژەوەندیی سەركردەكانی كۆماری ئیسلامی ئێرانە، ئەوان دەزانن كە ترەمپ بەهۆی داخراوی گەرووی هورمز لە ژێر گوشارێكی زۆردایە، هاوكات لەو باوەڕەدان كە دەتوانن تا كۆتایی ویلایەتی سەرۆكی ئێستەی ئەمەریكا بەرانبەر بە سزا و گەمارۆكانی ئەمەریكا خۆڕاگر بن، بۆ ئەو ئامانجەیش شەش ڕێڕەوی بازرگانی وشكایی لە نێوان ئێران و پاكستان كراوەتەوە، سەرەڕای ئەوەی گواستنەوەی وشكایی كاتی زیاتر و تێچووی زیاترە، بەڵام ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی تاران بتوانێ بەردەوام بێ لە هەناسەدان و بمێنێتەوە و بەرگەی گوشار و سزا قورسەكانی ئەمەریكا بگرێت.
ئێستە ئێران تاوتوێی كەمكردنەوەی پشتبەستن بە بەندەرەكانی ئیمارات دەكات، كە سێگۆشەی هەناردەی بازرگانی ئێران بوو بۆ دەرەوە و ئەبوزەبی سێیەم گەورەترین ئاراستە بوو، كە ئێران ڕووی تێ دەكرد تا لەوێوە كاڵاكانی هەناردەی دەرەوە بكات، بەتایبەتی لە ناوچەی "جەبەل عەلی"، ئێستە دەیەوێ بەشێك لە بازرگانی دەریایی خۆی بۆ بەندەرەكانی جوادر و كراچی لە پاكستان بگوازێتەوە، ئەمەیش تێچووی گواستنەوەی بە ڕێژەیەكی زۆر كەمترە، بۆ ئەو مەبەستەیش شاندێكی ئێران سەردانی ناوچەی چابهاری ئازادیان لە پاكستان كرد، بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی هاریكاری و كاركردنی هاوبەش لە نێوان بەندەری جوادر و چابهاری ستراتیجی.
كردنەوەی ڕووی بەندەرەكان لەلایەن پاكستانەوە بە ڕووی كاڵای ئێرانی، هاوكاتە لەگەڵ جووڵەكانی بۆ ناوەندگیریكردن لە نێوان ئەمەریكا و ئێران، ئەمەیش پرسیار و گومانی لەبارەی ناوەندگیرییەكی بێلایەن لەسەر پاكستان دروست كردووە. كۆمارییەكان دووپات لەوە دەكەنەوە كە ئاسانكاریكردن بۆ دەرچوونی كاڵای ئێرانی بۆ دەرەوە لە ڕێگەی پاكستانەوە، زیانی گەورە بە ستراتیجی ترەمپ بە دروستكردنی قورسترین گوشار و زۆرترین سزا دەهێنێت.
سەرەڕای ئەوانە هەنگاوی بچووكن و ناتوانن قەرەبووی هەناردەی نەوتی ئێران لە ڕێگەی گەرووی هورمز بكەنەوە، بەڵام لە تەك ئەوەیشدا لە وەستان لە هەنگاونان و نەدۆزینەوەی چارەسەرێكی جێگرەوە باشترن. لە بەرانبەر ئەمەدا مانەوەی گەرووی هورمز بە داخراوی وەك سەرانی ئێران دووپاتی لێ دەكەنەوە، هاوشێوەی بۆمبێكی ئەتۆمییە و كاریگەرییەكانی لەسەر دنیا زۆر گەورەن، بۆیە ئەمە ڕێگرە لەوەی ئەمەریكا سەركەوتنی تەواوەتی بەسەر ئێران ڕابگەیەنێت، سەرەڕای ئەوەی توانا سەربازییەكانی بە تەواوی وێران كردووە.