لە پێشهاتێكی ئاڵۆزی گۆڕەپانی تەناهیی عێراق، زانیاریی نوێ لەبارەی بوونی بنكەی سەربازی نهێنی لە ناو خاكی عێراق، لە پەراوێزی ململانێی قووڵی نێوان ئەمەریكا و ئێران سەروەری ئەو وڵاتەی خستووەتە ژێر پرسیارەوە و مشتومڕێكی زۆری لە ناوەندەكانی عێراق دروست كردووە.
مەعن جبووری پسپۆری كاروباری تەناهی و ستراتیجی بۆ
سكای نیوز عەرەبی، شێوازی بەزاندنی سەروەری عێراق و سروشتی ژینگەی ئۆپراسیۆنەكان لە عێراق كە ڕێ بەو بەزاندنانە دەدەن، دەخاتە ڕوو و باس لە هاوسەنگی سیاسی و تەناهی دەكات كە بێ ئەوەی یەكلا بكرێتەوە مامەڵەی پێوە دەكرێت.
ئەو دەڵێ، ئەوەی ڕوو دەدات پێشێلكردنێكی تەناهیی ڕوونی سەروەری عێراقە و لێكەوتەكانی تەنیا لە شەرمەزاربوونی دەوڵەتی عێراق نییە، بگرە شەرمەزارییە بۆ دامەزراوە سەربازی و تەناهییەكانیشە كە ئەركیانە ڕێگری لەو پێشێلكارییانە بكەن و ڕووبەڕووی بوەستنەوە، قەبارەی پێشێلكارییەكان گەورەن و نیشانەن بۆ بوونی كەلێكی گەورە لە توانای چاودێری و كۆنترۆڵكردن لەلایەن دامەزراوەكانی عێراقەوە بە تایبەت لە ژینگەیەكی ئاڵۆزی وەك ناوچە بیابانەكان.
ئەو پێشێلكاری و جووڵانە لە كاتێكدا بووە كە ئەمەریكا و ئیسرائیل جەنگیان دژی ئێران ڕاگەیاندووە، ئەمەیش وایكردووە كە عێراق ببێتە شانۆی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكان، ئاسمانی عێراق ڕێڕەوێك بوو بۆ گەیشتنی مووشەك و فڕۆكەی جەنگی و درۆنی ئەمەریكا و ئیسرائیل و ئێران لە دژی یەكتر، ئەمەیش لە ئەنجامی شوێنی جیۆگرافی كە عێراق كەوتووەتە نێوان هەردوو بەرەی جەنگ و ململانێكەوە.
هۆكاری یەكلاكەرەوەی ڕوودانی ئەو پێشێلكارییانە، داپۆشین و پاراستنی ئاسمانی عێراقە لەلایەن ئەمەریكاوە، بەگوێرەی ئەو ڕێككەوتنانەی پێشتر بەغدا و واشنتن لە دوای 2003 و ڕووخانی ڕژێمی بەعس واژوویان كردووە، بەشێك لە جووڵەكانیش زۆر وردن و بەگوێرەی ڕێككەوتنەكانیش پێویست ناكات ئەمەریكا بۆ بەغدا بگەڕێتەوە بەر لە ئەنجامدانیان.
ئەمانە وایكردووە كە ئەمەریكا فڕۆكەی جەنگی و كەلوپەلە سەربازییەكانی لەسەر خاكی عێراق بەكار بهێنێت، ئەگەرچی هی وڵاتێكی تریش بن، بە رێككەوتیش ئەو پێشێلكارییانە ئاشكرا دەبن، وەك ئەوەی جووتیارێكی شارۆكەی نەخیب، دابەزینی هێزی ئاسمانی بیانی لە نزیك شارۆكەكە بە هێزەكانی تەناهی عێراق ڕاگەیاند.
جبووری بیانووی عێراق بەوەی كە ناوچەكە بیابانییە و ئەستەمە كۆنترۆڵ بكرێ، بە تەواوی ڕەت دەكاتەوە و دەڵێ، وڵاتانی تریش هەن كە ڕووبەری زۆر فراوانتریان بیابانە، بەڵام سەركەوتوو بوون لەوەی بە پارێزراوی بیهێڵنەوە، كێشەی ڕاستەقینە لە لاوازی توانا و كەلوپەلی پێشكەوتووی پێویستە، وەك ڕاداری پێشكەوتوو و مانگی دەستكرد و درۆن كە ئەمانە تواناكان لەسەر سنوورەكانی وڵات بەهێزتر و تۆكمەتر دەكەن.
ئەم لاوازییە وایكردووە كە ئەمەریكییەكان بە ویستی خۆیان جووڵە بكەن، بەهۆی ئەوەی خاوەنی كەلوپەلی پێشكەوتوو و زۆرن و دەتوانن بۆشایی لە ناو هێزی تەناهیی عێراق بەهۆی كەمی توانایانەوە بدۆزنەوە و ئەم بۆشاییانەیش بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەكار بهێنن.
بە بڕوای جبووری، ئەمە ڕەهەندی سیاسیشی هەیە و حكوومەتی پێشوو ویستی ئەوەی نەبوو كە دژی ئەمەریكا بوەستێتەوە و پشتیوانی سیاسەتی ناوخۆی وڵات بكات، بەڵكو ویستیان ئەوەبوو لە دەسەڵات بمێننەوە و خۆیان لە وەستانەوە دژی هەر هەنگاوێكی ئەمەریكی بدزنەوە، تا لە دیاریكردنی كاندیدی حكوومەتی نوێی عێراق واشنتن هاوشێوەی مالیكی ڤیتۆیان لە دژ بەكار نەهێنێت.
تەنانەت ئەوانەی كە زانیاریشیان لەسەر ئەو چالاكییانە هەبوو، بۆ ئەوەی لەگەڵ واشنتن بەریەكنەكەون، زانیارییەكانیان نەدركاندووە و بە بێدەنگی ماونەتەوە.
هاوكات ئێران بەهەمانشێوە و هەژموونی بەسەر عێراق ڕۆڵ دەگێڕێت، لە ڕێی هەژموونی ئاینییەوە بێ یان لە ڕێی گرووپە چەكدارەكانی سەر بە خۆی لە عێراق، بەڵام ئەو ڕۆڵە لە ژێر گوشاری چڕی ئەمەریكادایە، بۆیە ناكرێ بە هەمان ئاستی پێشووی هەژموونی ئێران بەسەر عێراق بەراورد بكرێت.
حكوومەتی عێراق هەوڵیدا هاوسەنگی لە نێوان بەرەی ئەمەریكا و ئێران ڕابگرێت، بە ئاستێك سەركەوتوو بوو لەو هەوڵە و بەشێوەی ڕاستەوخۆ نەگلێنرایە ناو جەنگەوە، بەڵام ئەو هاوسەنگییەی ڕایگرتبوو فشەڵ و لەرزۆك بوو، بەتایبەت بەهۆی ئەوەی بەشێك لە لایەنەكانی عێراق بەشێكن لە میحوەری ململانێكان و بە فەرمی بەشداربوون لە بۆردمانكردنی ئامانجەكانی ئەمەریكا و وڵاتانی كەنداو، لە بەرانبەر ئەوەیشدا ئەمەریكا بۆردمانی بنكە و بارەگاكانی كردن.
هەموو ئەوانە پرسیاری زۆریان لەبارەی توانا و هۆشیاری و ئاگاداری حكوومەت بەوەی ڕوو دەدەن دروست كردووە، بە دوور دەزانرێ ئەمە لەوەوە سەرچاوەی گرتبێ كە بەغدا ئاگاداری نییە، بە پێچەوانەوە ئەمە ڕەوانەكردنی تەنگژەیە بۆ دەرەوە، لەبری ئەوەی ڕووبەڕووی ببنەوە، بۆیە كاردانەوەی بەغدا شەرمنانە بوو، بەرانبەر بەو پێشێلكارییە گەورانەی كە لە سەروەری ئەو وڵاتە دەكرێت.
بوونی بنكەی سەربازیی نهێنی ناتوانرێ لە ماوەیەكی كاتی كەم دروست بكرێت، بەڵكو ئەوە لە ئەنجامی پلانی دوورمەودا و وردی پێشوەختە بووە، ئاشكراكردنیشیان لە ئەنجامی زانیاری هەواڵگری نەبووە، بگرە بە ڕێككەوت بووە.