34 ساڵ بەسەر دامەزراندنی پەرلەمان تێدەپەڕێت و هێشتا كێشەكان بەردەوامن

:: AM:09:08:19/05/2026 ‌
ئەمڕۆ 34 ساڵ بەسەر یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تێدەپەڕێت، بۆ یەكەمجار لە مێژوودا دوای 100 ساڵ خەبات و قوربانیدان، كورد توانی ببێتە خاوەنی قەوارەیەك تێیدا پەرلەمان و حكوومەتی خۆی هەبێت.

ئەگەرچی پەرلەمانی كوردستان لەم 34 ساڵەدا هەوراز و نشێوی زۆری بڕیوە و چەندان جار بەئێستەشەوە تووشی ئاستەنگ بووە، بەڵام هەموو لایەنەكان سوورن لەسەر ئەوەی ئەو دەسكەوتە بپارێزرێت.

رۆژی 19-5-1992 یەكەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بە بەشداریی 967,229 دەنگدەر بەڕێوەچوو.  بەربەستی 7% كە بەپێی سازان دانرابوو وایكرد، تەواوی لیست و هێزەكانی تر دەنگ نەهێنن و پارتی و یەكێتی ببنە براوەی هەڵبژاردن.

ئەگەرچی ئەنجامی هەڵبژاردنەكە بەسەركەوتنی پارتی بەرێژەیی 51% كۆتایی هات، بەڵام بەهۆی سازان لەگەڵ یەكێتی كە رێژەی 49% دەنگی هێنابوو حكوومەت پێكهێنرا.

ئەوكاتیش پارتی سوور بوو لەسەر ئەوەی ئەو دەسكەوتە بێتە پاراستن و شەڕ روو نەدا بەشداریی یەكێتی لە حكوومەت و پەرلەمان وەك پارتی بێت، تەنانەت پارتی سەرۆكی حكوومەتی دایە یەكێتی و یەكەمین سەرۆك وەزیرانی كوردستان د. فوئاد مەعسووم لە لیستی یەكێتی هاتە هەڵبژاردن.

بەگوێرەی ئامارە فەرمییەكان، كۆی دەنگە دروستەكان 971,953 دەنگ بووە و پارتی دیموكراتی كوردستان: 437,889 دەنگ 51%). یەكێتیی نیشتمانی و زەحمەتكێشان: 423,833 دەنگ (49.61%). لیستەكانی ئیسلامییەكان: 49,108 دەنگ (5.5%). لیستی یەكگرتن (سۆشیالیست و سەربەخۆیی): 24,882 دەنگ (2.56%). یەكێتی دیموكرات (شیوعی و بێلایەنەكان): 21,123 دەنگ (2.17%). پارتی گەلی دیموكراتی كوردستان: 9,903 دەنگ (1.02%). لیستی سەربەخۆی دیموكراتەكان: 501 دەنگ (0.05%)..

پارتی دیموكراتی كوردستان براوەی ھەڵبژاردنەكان بوو بەوەی توانی 51 كورسی بەدەست بھێنێت. لە بەرانبەردا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان توانی 49 كورسی بەدەست بھێنێت. بەڵام دواتر بە ڕێككەوتنێك پارتی دیموكراتی كوردستان كورسییەكی تری بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەخشی، بەمەش ھەردوو حزب بوون بە 50 كورسی. ھەردوو حزبەكە بەیەكەوە حوكمڕانیی ھەرێمیان كرد تا سەرھەڵدانی شەڕی براكوژی لە ئایاری 1994.

لە چواری حوزەیرانی 1992 جەوھەر نامیق سالم وەك سەرۆكی پەرلەمانی ھاتە هەڵبژاردن. 

خولی یەكەمی پەرلەمان تەمەنی بەهۆی ناكۆكی و شەڕی ناوخۆ گەیشتە 13 ساڵ و جەوهەر نامیق، ڕۆژ نووری شاوەیس و كەمال فوئاد سەرۆكایەتییان كردووە. لەم خولەدا 169 پەرلەمانتار ئەندام بوون و 172 یاسا و 118 بڕیاری یاسایی دەركران.

كۆتا هەڵبژاردنیش ڕۆژانی 18 و 20ـی تشرینی یەكەمی 2024 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە چوو كە لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكان سەرپەرشتی كرا.

 ھەڵبژاردنەكە بەشێوازی فرەبازنەیی ئەنجام درا و ھەرێمی كوردستان بەسەر چوار بازنەی ھەڵبژاردن دابەش كرا، تیایدا لایەنەكان و كەمینەكان پێشبڕكێیان بۆ بەدەستهێنانی 100 كورسی پەرلەمان دەكرد. لەم خولەی پەرلەمان ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان لە 111 ئەندامەوە كەم كرایەوە بۆ 100 ئەندامی ھەڵبژێردراو، بۆ یەكەم جاریشە كە دەنگدەران كارتی بایۆمەترییان بەكار هێناوە و دەنگەكانیان بەشێوەی ئەلیكترۆنی هەژمار كرا، ئەمەش كارئاسانییەكی زۆری بۆ ژماردنی دەنگەكان و خێراتر كردنی پرۆسەكە كرد.

پەرلەمانی كوردستان وەك تاكە دەزگای شەرعی و یاسایی كوردستان كە سیمبولی هەرێمی كوردستانە، لە دامەزراندنیەوە بەردەوام تووشی قەیران هاتووە و لایەنەكان بەتایبەت پارتی و یەكێتی بەهۆی ناكۆكییانەوە چەندان جار تەمەنی درێژ كراوەتەوە و یان سڕ كراوە، تا ئێستەش ئەو كێشەیە هەر ماوە و بووە كولتوور لە هەرێمی كوردستان، لایەنی براوە كە زۆرینەی بەدەست هێناوە، ناتوانێت حكوومەت پێكبێنێت، ناچارە لەگەڵ هێزەكانی تر بەتایبەت یەكێتی حوكمڕانی بكات.

ئێستە كە یادی 24 ساڵەی پەرلەمانی كوردستانە، هەمان كێشەكانی ئەو سەردەمە بەردەوامن و پارتی زۆرینەی هەیە و یەكێتی كەمتر، بەڵام هێشتا بەهۆی ئەوەی لێكترازانی هەرێمی كوردستان گەورەتر نەبێت، پارتی چاوەڕێیە یەكێتی بەشداری حكوومەت بكات و پەرلەمان كارا بكرێتەوە.

لە خولی چوارەمدا یەكەمجار هێزێكی ئۆپۆزسیۆن سەرۆكایەتیی پەلەمانی كەوتە دەست، پەرلەمان بووە پەرلەمانێكی پر لە وزە و كاریگەر و چاودێر بەسەر دەزگاكانی حكوومەتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەو دۆخە سەری بۆ كۆمەڵێك قەیران كێشا، پەرلەمان جارێكی تر تر سڕ كرایەوە.



وشە - سۆران عەزیز