كەی كارتی گەرووی هورمز لە دەستی ئێران دەسووتێت؟

:: AM:10:02:19/05/2026 ‌
یاریی كارتەكان زۆر ئاڵۆزە كاتێك دەبیتە خاوەنیان، ترەمپ بە ڕوونی لەوە تێدەگات، چونكە دنیا وەك گازینۆیەك دەبینێت، بەڵام ئایا ئێران دەتوانێ هاوشێوەی ترەمپ لە یارییەكە بگات؟ ئێستە گەرووی هورمز كە یەكێكە لە گرنگترین ڕێرەوە ئاوییەكانی گەیاندنی وزە بۆ دنیا لە دەستی ئێراندایە و پرسیاری زۆر لەسەر ئەوە دروست بووە، تا كەی ئێران لە توانایدایە هورمز وەك كارتێگی گوشار لە ململانێی هەرێمی و نێودەوڵەتی بەكار بهێنێت، كەی ئەو كارتەیش لە دەستی ئێران دەسووتێت؟.

پۆل سۆندەرز پسپۆری ئەمەریكی لە سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی وزە و پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان و سەرۆكی ناوەندی ناشناڵ ئنتێرست لە گۆڤاری ناشناڵ ئنتێرست نووسیویەتی، لە پەراوێزی ئەو ڕاپۆرت و زانیارییانەی باس لەوە دەكەن، چین پلانی بۆ ناردنی كەشتیی پڕ لە چەك بۆ ئێران هەبووە، سەرۆكی ئەمەریكا پابەندبوونی لە هاوتا چینییەكەی شی جین پینگ دەسكەوت كە بە هیچ شێوەیەك دوژمنەكەی ئەمەریكا پڕ چەك نەكات، لە هەمان كاتدا ئەمەریكا و ئێران بەردەوامن لە ئاگربەستێكی فشەڵ و لەرزۆك و گفتوگۆ و دانوستانی لەرزۆك.

سەركردەكانی هەردوولا ئەوە دەبینن كە كات كێبەركێیان لەگەڵ دەكات و هاوپەیمانی بەهێزیانە، ئومێدی ئەوە دەخوازن كە كارتەكانی گوشار لەلای هەر یەكێكیان زیاتر و زۆرتر بێت، لەگەڵ ئەوەیش ئیرادەی سیاسی هەردوولا لە ژێر گوشاری ئابووری گەورەدایە. ترەمپ ئەو ژمارە زۆرە كارتەی بە دەستەوە نییە، بۆ ئەوەی سەركردەكانی ئێران ناچار بكات مەرجەكانی بۆ كۆتاهێنان بە جەنگ و دەستهەڵگرتن لە بەرنامە ناوكییەكەی قبووڵ بكات و بگەن بە ڕێككەوتن، ئەمەیش وایكردووە كە گەرووی هورمز بە داخراوی بمێنێتەوە و گەمارۆی بەندەرەكانی ئێرانیش لەلایەن ئەمەریكاوە بەردەوامی هەبێت.

دۆخەكە وەك گازینۆیەكی لێ هاتووە و هەردوولا یاریی كارتەكان دەكەن، شتێكی پێوەست بە یاریی كارتەكان ئەوەیە كە كاتێك یاریت بە كارتێك كرد، ناتوانی چیتر ببیتەوە بە خاوەنی، ڤلادیمێر پوتینی سەرۆكی ڕووسیا ئەو وانەیەی بە تێچوویەكی زۆر لەسەر ڕووسیا فێر بوو، كاتێك ویستی هەناردەی زەبەلاحی غازی وڵاتەكەی لە ڕێی بۆڕییەوە بۆ ئەوروپا وەك كارتێكی سیاسی بەكار بهێنێت، دوای ئەوەی ڕووسیا لە 2022 دەستی بە داگیركردنی ئۆكراینا كرد، بەڵام دوای گرتنەوەی غاز لەسەر ئەوروپا لەلایەن پوتینەوە، ئەوروپییەكان لەسەر پێی خۆیان بە وەستاوی ماونەتەوە و ئەو هەژموونە زۆرەی پێشتریش پوتین بەسەر ئەوروپا هەیبوو، بە تەواوی كۆتایی هات.

ئەو جووڵەیەی رووسیا سەرەتا بۆ ئەوروپا ئازاربەخش بوو، بەڵام ئەوروپای ناچار كرد، سیستمی نوێی وزە دروست بكات كە ئێستە بێ كێشە كار دەكات و ڕووسیایش گەورەترین بازاڕی غازی سروشتی خۆی لە دەست دا، ناتوانێ قەرەبووی زیانەكانی لەدەستچوونی كڕیارانی غاز لە ئەوروپا بكەن و ئەگەر كڕیاریش بدۆزێتەوە، ناتوانێ غاز بەو نرخەی بە ئەوروپای دەفرۆشت بە كڕیارانی تری بفرۆشێت.

ڕوون نییە كە دوای جەنگی ئۆكراینا ئەوروپییەكان بەهەمان بڕ و خواست غازی ڕووسیا هاوشێوەی 2021 دەكڕنەوە، یان بە تەواوی پشت بە سەرچاوەی نوێی وزە دەبەستن و وردە وردە هەنگاو بۆ سەربەخۆیی سەرچاوەی وزە دەهاوێژن، لەگەڵ ئەوەی ئەوان بەردەوام لە پارەداركردن و پڕچەككردنی ئۆكراینا دوای چوار ساڵ بەردەوامبوونی جەنگ لەو وڵاتە.

بە ڕوانین لەو نموونەیە، پێویستە لەسەر سەركردەكانی ئێران زۆر لێهاتووانە شەترەنجی دیپلۆماسیی نێودەوڵەتی بكەن و دووبارە بیر لە بەكارهێنانی كارتەكان بكەنەوە، نەوت و غاز دوو كاڵای جیاوازن و بازاڕەكانیشیان بە شێوازی جیاواز كار دەكات، نەوت زۆر ئاسانتر لە غاز دەگوازرێتەوە، سەرەڕای ئەوەی تایبەتمەندییەكان و پێویستی پاڵاوگەكان سنوور و كۆتوبەندی لەسەر دروست دەكات، بەڵام سیستمی وزەی دنیا توانای هەیە كە بەرگەی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی گەرووی هورمز بگرێت و خۆی لەگەڵی بگونجێنێت، بەڵام تا ئێستە نەیتوانیوە ئەو خۆگونجاندنە دروست بكات.

زۆربوون ئەوانەی بە كردەیی مشتومڕیان لەسەر ئەوە كرد كە لە بازاڕی ئەمەریكا و دنیا ڕوو دەدات، كاتێك میكانیزمی خۆگونجاندنی كاتی لە ڕێگەی بەكارهێنانی یەدەگی نەوتی بەكارخستن لە پاڵاوگەكان و كردنەوەی دەرگەی كۆگە ستراتیجییەكانی ئەمباركردنی نەوت بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی نەوت لە بازاڕی دنیا بەكار هێنرا، سەرەڕای ئەوە خەمڵاندنەكان جیاوازن، بەڵام هەمووان لەسەر ئەوە كۆكن كە نرخی نەوت بە ڕێژەیەكی بەرچاو بەرز دەبێتەوە و بەرهەمە نەوتییەكان بۆ بەكارهێنان لە چەند بوارێك بەردەست نابن، ئەمەیش كاریگەریی لەسەر بەنزین و گاز و كیرۆسین لەسەر وڵاتان دروست دەكات، هەروەها كارگەكانی دروستكردنی پلاستیك و ئەوانەی تریش كە پشت بە نەوت دەبەستن بۆ بەرهەمهێنانی كاڵاكانیان.

وا دەردەكەوێ سەركردەكانی ئێران لەو باوەڕەدان كە ترەمپ ترسی لە ڕوودانی ئەو سیناریۆیە و لێكەوتەكانی بەسەر سیاسەتی ناوخۆی ئەمەریكا هانی دەدا، ڕێككەوتنێك بەو جۆرە قبووڵ بكات كە ئێرانییەكان دەیانەوێت، ئەگەر كارتی گەرووی هورمز بەكار بهێنن،  واتە ئەگەر تەنگژەیەكی گەورەی كەمی نەوت لە دنیا دروست بكەن و نرخەكەی زۆر بەرز ببێتەوە، بەمشێوەیە دنیا ناچار دەكەن كە گوشار دروست بكەن، بەڵام دنیا خۆی لەگەڵ دۆخەكە دەگونجێنێت، وەك چۆن مۆسكۆ گوشاری كارتی غازی لە دەست دا و ئەوروپایش ئێستە كێشەی نییە، بەمشێوەیەیش ئێران كارتی گەرووی هورمزی لە دەست دەسووتێت، ئەمە قوماركردنێكی زۆر مەترسیدارە.

خراپتر لەوە بۆ ئێران ئەوەیە كە بەكارهێنانی ئەو كارتە لە بواری وزە بۆ هەمان دەرئەنجامی سیاسی لە ناوخۆی ئەمەریكا دەگۆڕێت، وەك ئەوەی ڕووسیا بەرانبەر ئەوروپا كردی، لەوانەیە هەڵوێستەكان توندتر بكات و سووربوون و یەكلاكردنەوەی زاڵبوون بەسەر ئێران زیاتر بكات، لەبری ئەوەی لە دانوستانەكان سازش بكرێت. جیاوازی نێوان ئەوروپا و ئەمەریكایش ئەوەیە كە ئەمەریكا یەك سەرۆكی هەیە نەك 27 سەرۆك وەزیران هاوشێوەی ئەوروپا و لە حاڵەتی جەنگدایە نەك تەنیا چاودێر و پشتیوانیكەر، ئەمەریكییەكان ئێستە جەنگ بە بژارەیەكی پێویست دەبینن، ئەگەر ئەو نەفرەتەی ئێران بەردەوامی هەبێت، تواناكانی سەربازی ئەمەریكا زۆر زیاترە لە تەواوی توانای سەربازی وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا و ئێرانیش زۆر لاوازترە بە بەراورد بە هێز و توانای ڕووسیا.

نابێ هیچ كەسێك خواستی ئەوەی هەبێت، بەربەستەكانی بەردەم تەنگژەی نەوت لە دنیا بەشێوەیەكی ڕاستەقینە بەردەوامیان هەبێت، تەنگژەیەكی ئەمجۆرە ڕاستە تێچووی زۆر دەخاتە سەر شانی ئەمەریكا و دنیا، بەڵام زۆر خراپترە بۆ ئێران و سەركردایەتی و گەلەكەی بە بەراورد بە هەر شوێنێكی تر، بە روانین لە دۆخی ئابووری قورسی ئێران،  ئەگەر سەرۆكی ئەمەریكا كەمتر لە ڕووی سیاسییەوە سنووردار بكرێ، وەك ئەوەی ئێستە هەیە، ئەو دۆخە دەبێتە هۆی دروستبوونی تەنگژەیەكی گەورەی نەوت لە دنیا و داوا لە وڵاتان دەكات كە كارێك بەیەكەوە بكەن، ئەمەریكا توانای هەژموونی بەسەر هەموو هەنگاوێك بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی گرژییەكان هەیە و ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی هەڕەشە جێبەجێنەكراوەكانی ترەمپ، ببن بە واقیعێك و وڵاتانی دنیا وردە وردە پشتیوانی ڕێوشوێنی یەكلاكەرەوە دەكەن و بەشداری لە هەوڵەكانی ئەمەریكا دەكەن.

داخستنی گەرووی هورمز بۆ ماوەیەكی درێژ كارتێكی گوشارە، بەڵام هەنگاوێكی یەكلاكەرەوە نییە بۆ كۆتاهێنان بە یارییەكە، ئەوە مانای ئەوەیش نییە كە حكوومەتی ئەمەریكا هەموو ئەوانەی لە تاران دەیەوێ بە دەستی بهێنێت، ئەگەر لە دانوستانەكان سەركەوتوو بن، ئەنجامەكان پێویستی بە یەكلاكردنەوە هەیە، ئەمەیش مانای ئەوەیە كە سەركردایەتی ئێران ڕووبەڕووی مەترسی زۆر گەورە دەبنەوە، ئەگەر لە گەیشتن بە ڕێككەوتن لەگەڵ واشنتن شكست بهێنن، بەر لەوەی زیانی زۆر و درێژ مەودا بە ئابووری ئەمەریكا و دنیا بگەیەنن.


وشە - باز ئه‌حمه‌د