لە ماوەی رابردوو سەرۆكی ئەمەریكا و سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل باسی ئەگەری دەستگرتنیان بەسەر یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران كرد وەك بژارەیەك ئەگەر ئێران خۆی بە رێككەوتن رادەستی ئەمەریكای نەكات، دوایین زانیارییەكان لەبارەی ئەمباری ئەتۆمیی ئێران، تاران خاوەنی 440 كیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراو بە رێژەی 60%یە، واتە زۆر پیتێنراوە و نزیكە لە ئاستی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی بۆمبی ئەتۆمی كە 90%یە، بەڵام مەترسییەكانی دەستگرتنی بەسەر ئەو بڕە یۆرانیۆمە بە زەبری هێز چییە؟
شارەزایان لە باسی بابەتی دەستگرتن بەسەر ئەو بڕە یۆرانیۆمە بە زەبری هێز ئاماژە دەكەن، پرۆسەكە ئەوەندە نییە كردەیەكی كورت و سنووردار و كتوپڕی سەربازی ئەنجام بدرێت، بەڵكو دەبێتە یەكێك لە ئاڵۆزترین و مەترسیدارترین ئۆپراسیۆنەكان لە مێژووی رووبەڕووبوونەوەی پێوەست بە دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران، راپۆرتێكی رۆژنامەی "ئەسیۆشێتید پرێس"، ئاماژە دەكات كە، هەر هەوڵێك بۆ دەستگرتن بەسەر یۆرانیۆمی ئێران بە زەبری هێز، پێویستی بە ئۆپراسیۆنێكی فرەوان بە چەند قۆناغێك هەیە، لە هەڵكوتانی سەر دامەزراوە زۆر پارێزراوەكان و دروستكردنی تونێل لەژێر زەوی و دابینكردنی پارێزراوی سەربازیی بازنەیەكی فرەوان لەو شوێنە، جیا لە بوونی تیمی پسپۆڕی مامەڵەكردن لەگەڵ مادە ئەتۆمی و مەترسیدارە كیمیایی و تیشكییەكان.
راپۆرتی تر باسی ئەوە دەكەن كە لە هەندێك لە سیناریۆكانی ئەمەریكا ئاماژە بۆ پشتبەستن بە فرقەی 82 و یەكەكانی "رێنجەرز" و ئامرازی هەڵكۆڵینی قورس و فڕۆكەی بارهەڵگری سەربازی بۆ دەتبەسەرداگرتن و گواستنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران دەكرێت، بەو شێوەش بەپێی بەرپرسانی ئەمەریكا تەنیا دامەزراوەی ئەتۆمیی ئەسفەهان پێویستی بە هەزار سەربازی هەیە، ئەوەش واتە هەڵمەتێكی تەواوی سەربازی، نەك تەنیا هێرشێكی ئاسمانی.
یەكێك لە مەترسییەكانی سیناریۆی دەستگرتن بەسەر یۆرانیۆمی ئێران بە زەبری هێز بریتییە لەوەی تەنیا پشتبەستن بە هێرشی ئاسمانی، رەنگە بەربەست بخاتە بەردەم پرۆسەی دەستگرتن بەسەر ئەمباری یۆرانیۆمەكە لە بری ئاسانكردنی، چونكە بەهۆی بۆردمانەكان یۆرانیۆمەكە لەناو تونێل و وێستگە پارێزراوەكان حەشار دەدرێت بێ ئەوەی لەناو ببرێن، بەو شێوە پرۆسەكە دەبێتە هەڵمەتێكی ئاڵۆزی سەربازی و پێویست بە هێرشی زەوینی و ئامێری هەڵكۆڵین و قورس و چەندان تیمی گەیشتن بە مادە ئەتۆمییەكان و دەرهێنانی لەژێر زەوی دەكات.
بەپێی شارەزایان كێشە سەربازییەكان هەر ئەوەندە نییە دەستت بە وێستگە ئەتۆمییەكان بگات، بەڵكو لە دابەشكردنی ئەمبارە ئەتۆمییەكانیشە، كە بەشێكی زۆری لە تونێلەكانی ئەسفەهانە و بەشێكی لە وێستگەی نەتنزە و بەشێكی لە فۆردۆیە و هەندێكی لە شوێنی تری شاراوە، ئەوەش مانای ئەوەیە هەر ئۆپراسیۆنێكی سەربازی ئاراستەی یەك ئامانج نابێت، بەڵكو پێویستی بە چەند هەڵمەت و هێرشێك لە شوێنی جیاجیا و هاوكات هەیە و ئەوەش ئەگەری شەڕێكی درێژخایەن و زیانی گەورەی گیانی زیاتر دەكات.
جیا لەوەی باس كرا لەو كاتەدا سوپای ئەمەریكا رووبەڕووی بۆسە و دژەهێرش و فێڵ و بۆمبە چێنراوەكانی ئێران دەبێتەوە، ئەوەش زیانەكانی ئەمەریكا زیاتر دەكات، هەورەها ئۆپراسیۆنەكە بە دەستگرتن بەسەر یۆرانیۆمەكە كۆتایی نایەت، بەڵكو دوای ئەوە قۆناغی چۆنیەتی دەرهێنانی لە ئێران دەست پێ دەكات، كە دەكرێ لە رێگەی فڕۆكەی بارهەڵگری سەربازییەوە بكرێت، بەڵام ئەوەش لە سایەی دۆخی شەڕ نیوچە ئەستەمە، بۆ ئەوە ئەمەریكا پێویستیی بە دابینكردنی رێڕەوی ئارام بۆ فڕۆكەكانی و یارمەتیدانی وڵاتانی ناوچەكە و هەوڵەكانی ئێران بۆ رێگرتن لە پرۆسەكە هەیە.
جیا لەوە رەنگە ئەو هەنگاوە ئەنجامێكی پێچەوانەی لەبارەی دۆسیەی رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی چەكی ئەتۆمی هەبێت، كاتێك ئێران بەرەو توندڕۆیی لە دۆسیەی ئەتۆمی هان دەدات و هاریكاری لەگەڵ ئاژانسی وزەی ئەتۆمیی نێودەوڵەتی كەم دەكاتەوە یان ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ 90% بەرز دەكاتەوە، كە پێویستە بۆ بەرهەمهێنانی بۆمبی ئەتۆمی، واتە پرۆسەكە كێشەیەكی تر دروست دەكات، بەوەی چیتر زانیاری لەبارەی ئەمباری ئەتۆمیی ئێران ناگاتە ئاژانسەكە و ناشزانرێت ئاخۆ ئێران بڕی زیاتری یۆرانیۆمی هەیە و شاردوویەتییەوە.
لە مەترسیداترین لایەنەكان هەر هێرشێكی سەربازی بۆ سەر یۆرانیۆمی ئێران، مەترسییە كیمیایی و تیشكییەكانە بەهۆی مامەڵكردن لەگەڵ مادەی "شەشەم فلۆریدی یۆرانیۆم"، ئەو مادەی یۆرانیۆمە زۆر پیتێنراوەكەی ئێرانی پێ ئەمبار كراوە، كە لە كاتی بەركەوتنی شێ و تێكچوونی مادەی ژەهراوی وەك فلۆریدی هایدرۆجین بەرهەم دێنێت، واتە هەر هەڵەیەك لە كاتی هەڵكوتانە سەر ئەمبارەكە و گواستنەوەی و دووبارە پاراستنەوەی، پیسبوونێكی مەترسیدار لە وێستگەكان و دەوروبەری دروست دەكات، بۆیە هێزە هێرشبەرەكان پێویستیان بە تیمی شارەزایە لە رووبەڕووبوونەوەی مەترسییە كیمیایی و تیشكییەكان، لەپاڵ ئامرازی پێشكەوتووی خۆپارێزی و رێوشوێنی ئاڵۆز بۆ دووبارە داپۆشینی یۆرانیۆمەكە و گواستنەوەی بە سەلامەتی.