نیویۆرك تایمز: واشنتن و تەلئەبیب دەیانویست ئەحمەدینەژاد بێننە سەر دەسەڵات

:: AM:09:30:20/05/2026 ‌
ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمەریكی پەردەی لەسەر وردەكاریی پلانێكی نهێنیی ئەمەریكا و ئیسرائیل هەڵدایەوە، كە ئامانجی ڕووخاندنی ڕژیمی ئێستەی ئێران و دانانی مەحموود ئەحمەدینەژاد سەرۆك كۆماری پێشووی ئێران بوو، وەك سەركردەی دۆخی دوای جەنگ، لە ئەنجامی ئەو شەڕەی ئەمەریكا و ئیسرائیل دژی ئێران دەستیان پێ كرد.

پلانەكەی واشنتن و تەلئەبیب بەشێك بوو لە پڕۆژەیەكی گەورە و فراوان كە ئیسرائیل ئامادەی كردبوو، تا گۆڕانكاریی ڕیشەیی لە ڕژێمی ئیسلامیی ئێران دوای بۆردمانەكانی سەرەتا و بە ئامانجگرتنی سەركردەكانی ئەوكاتی ئێران و كوشتنی عەلی خامنەیی و گەورە بەرپرسانی تری ڕژێم، بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

نیویۆرك تایمز نووسیویەتی، سەرۆكی ترەمپ لە ڕۆژەكانی سەرەتای بۆردمانكردنی ئێران چەندان جار دووپاتی لەوە كردەوە، پێویستە كەسێك لە ناوخۆی ئەو وڵاتە دەسەڵاتی ئێران بگرێتە دەست،  بەگوێرەی قسەی بەرپرسانی ئاگاداری ئەمەریكا، ئەو كەسە مەحموود ئەحمەدینەژادی سەرۆك كۆماری پێشووی ئێران بووە كە لە ماوەی 2005 تا 2013 سەرۆكایەتیی كۆماری ئێرانی دەكرد.

بەرپرسەكان دووپاتیان لەوە كردووەتەوە، لە ڕۆژانی سەرەتا بۆردمانەكانی ماڵی ئەحمەدینەژادیان بە ئامانج گرت، نەك بۆ لەناوبردنی، بگرە بۆ ڕزگاركردنی، چونكە خرابووە ژێر مانەوە و نیشتەجێبوونی زۆرەملێ لە ناو ماڵەكەی خۆیدا. بەڵام زانیارییە سەرەتاییەكان دووپاتیان لەوە دەكردەوە كە لە ئەنجامی بۆردمانەكە نەژاد بریندار بووە.

بۆردمانەكەی ئیسرائیل نەبووە هۆی ئەوەی ماڵەكەی نەژاد بە تەواوی وێران ببێت، بگرە خاڵێكی هێزەكانی تەناهیی نزیك ماڵەكەی كردە ئامانج، كە چەكدارانی سوپای پاسدارانی لێ بوو و ئەركیان چاودێریكردن و ڕێگرتن بوو لە چوونە دەرەوەی مەحموود ئەحمەدینەژاند، ژمارەیەك لەو چەكدارانە كوژران، دوای ئەوە مەحموود ئەحمەدینەژاند ڕزگاری بووە و لەو كاتەوەیش بێسەروشوێنە و دەرنەكەوتووەتەوە، هیچ زانیارییەكان لەسەر شوێنی ئێستەی و دۆخی تەندروستی نازانرێت.

نیویۆرك تایمز لە زاری كەسانی نزیك لە ئەحمەدینەژاند دووپاتی كردەوە، سەرۆك كۆماری پێشووی ئێران ئاگاداری ئەو پلانەی ئیسرائیل و ئەمەریكا بوو و واشنتن ئەوی وەك كەسێكی بە توانا بۆ بەڕێوەبردنی دۆخی سیاسی و سەربازی و كۆمەڵایەتی لە قۆناغی ڕاگوزەری ئێران وێنا كردبوو. بەڵام پلانەكە بە خێرایی دوای یەكەم بۆردمان هەڵوەشاوەیە، دوای ئەوەی ئەحمەدینەژاد بێ ئومێد بوو لە گۆڕینی ڕژێمی ئێران، بەتایبەت دوای ئەوەی بە قورسی لە بۆردمانەكەی ئیسرائیل ڕزگاری بوو و ژیانی لەسەر دانەنا.

هەریەك لە ئەمەریكا و ئیسرائیل ناكۆكییە بەردەوامەكانی نێوان ئەحمەدینەژاند و ڕژێمی ئیسلامیی ئێران لە چەند ساڵی ڕابردوو، بە دەرفەتێكی گونجاو و بژارەیەكی باش زانی، تا رێبەرایەتی دەسەڵاتێكی كاتی و ڕاگوزەر لە ناوخۆی ئێران بكات و كۆتایی بە ڕژێم بهێنێت و لێكگەیشتنی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا هەبێت.

بەگوێرەی نیویۆرك تایمز، پلانەكەی ئیسرائیل فراوان بوو و دەیویست دوای بۆردمانەكان و كوشتنی ژمارەیەكی زۆری سەركردە باڵاكانی ئێران و دروستكردنی ئاڵۆزی و پشێوی لە ناوخۆ، گرووپە چەكدارە كوردییەكان ڕەوانەی ئێران بكاتەوە تا دژی ڕژێم بجەنگن،  دۆخەكە بەمشێوەیە درێژە بكێشێت، تا كۆتایی بە ڕژێم بێ و حكوومەتێكی جێگرەوە دەربكەوێت.

سەرجەمی ئەو قۆناغانە نەهاتنە دی، چونكە ڕژێمی ئیسلامیی ئێران، سەرەڕای زیانی گەورە و بێشوماری، بەڵام توانی بەرانبەر بەو زیانە گەورانەیش خۆڕاگر بێت. لە بەرانبەردا گرەوەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل سەرجەمیان شكستیان هێنا، بەتایبەت كە پێشبینیان دەكرد، ڕژێم بە خێراییەكی زۆر لەناو بچێ و كۆتایی پێ بێت.

بەشێك لە بەرپرسانی ئیسرائیل بۆ ڕۆژنامەكە دەڵێن، پڕۆژەی گۆڕینی ڕژێمی ئیسلامیی ئێران ئێستە دەتوانرێ جێبەجێ بكرێت، ئەگەر كاتی زیاتر بە خەڵك لە ناوخۆی ئێران بدرێت و بۆردمانی بە ئامانجگرتنی بەرپرسان فراوانتر بكرێن.

شكستی ئەو پلانەی ئەمەریكا و ئیسرائیل هەردوو وڵاتی دەستەوەستان هێشتەوە، چونكە پلانی جێگرەوەیان نەبوو و بەردەوامیش بوون لە بۆردمانكردنی ئێران، بەڵام بێ ئامانج بۆردمانكردنی ئەو وڵاتەیش سوودێكی ئەوتۆی نەبوو، بۆیە دوای نزیكەی 40 ڕۆژ لە بۆردمانكردنی كۆماری ئیسلامیی ئێران، دواجار لە حەوتی نیسان/ئەپریل بە ناوەندگیری پاكستان ئاگربەست لە نێوان هەردوولا ڕاگەیاند و تا ئێستەیش ئاگربەست بەردەوامی هەیە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د