جەنگی ئەمەریكا و ئێران ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستێكی نوێ دروست ده‌كاته‌وه‌

:: PM:12:27:20/05/2026 ‌
جەنگی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران تەنیا ڕووبەڕووبوونەوەیەكی سەربازی نییە كە بە ئاسانی بەسەر ناوچەكە تێپەڕ ببێت، سەرەڕای ئەوەی ئێستە ئاگربەستێكی لەرزۆك هەیە، بەڵام ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لە هەموو كاتێك نزیكتر كردووەتەوە، لەوەی دووبارە دابمەزرێتەوە و نوێ ببێتەوە، هاوشێوەی وێستگەكانی پێشووی ململانێكان لە دروستكردنی ئیسرائیل لە 1948 و شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە 1979 و جەنگی لەناوبردنی بەعس لە عێراق لە 2003، گۆڕانكاریی گەورە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست دەكات و دووبارە پێناسەی هاوسەنگییەكانی هێز و ڕۆڵی وڵاتان و سنوور و هەژموونی هەرێمی و نێودەوڵەتی دەكاتەوە.

هەرچەندە ئێستە توندوتیژترین گەڕی هێرشی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران كۆتایی هاتووە، بەڵام ناوچەكە چووەتە ناو قۆناغێكی نوێ كە بۆشایی گەورە و نامتمانەیی و نادڵنیایی پێوە دیارە، جەنگ نەیتوانی ڕژێمی ئێران بڕووخێنێت، بەڵام بە تەواوی لاوازی كردووە و هاوكات ڕێگەیش بە كشانەوەی ئەمەریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نادات، وەك ئەوەی پلانی بۆ دانرابوو و ئیسرائیلیشی خستووەتە بەردەم ئاڵنگاری سیاسی و تەناهیی زۆر، وڵاتانی كەنداویشی ناچار كردووە دووبارە بیر لە سیستمی تەناهی و هاوپەیمانییە ستراتیجییەكانیان بكەنەوە، ئەمانە دەرخەری سەرەتای دووبارە پێكهێنانەوەی قووڵی هاوسەنگییەكانین، كە شوێنەوار و لێكەوتی بۆ دەیان ساڵی داهاتوو دەمێنێتەوە.

ئەمیر ئەسمەر توێژەر ڕاپۆرتێكی لە ئەتلانتیك كونسوڵ بڵاو كردووەتەوە و دەڵێ، جەنگی 2026ی دژ بە ئێران یەكێك دەبێ لەو جەنگانەی كە كاریگەری و شوێنەوارەكانی بۆ ماوەیەكی زۆر درێژ دەمێنێتەوە، گۆڕانكاریی گەورە لە سروشتی جیۆپۆلەتیكی ڕۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاست دروست دەكات و دووبارە هاوسەنگییەكان دادەڕێژێتەوە.

یەكەم گۆڕانكاری بەهۆی ئەو جەنگەوە لە ئێران خۆی دروست بووە، چونكە ئێستە ڕژێمی ئێران زیانی زۆر و گەورەی پێگەیشتووە، ژێرخانی سەربازی و تەناهیی ئێران هەرەسی هێناوە و ڕژێم لە هەموو كات زیاتر لاواز بووە و نزیك بووە لە ڕووخانەوە. مانەوەی ئەو ڕژێمەیش مانای ئەوە نییە بە سەلامەتی لە جەنگ دەربچێت، ئێستە تاران زۆرترین سەرنجی لەسەر ناوخۆی وڵات و هەڕەشەكانی ناوخۆ و ململانێی سەركردەكانی ئێرانه، دوای ئەوەی تا ئاستێكی بەرز توانای سەربازی  و كەسایەتی و سەركردەی كاریگەریی ناو دامەزراوەكانی تەناهی و سەربازی لە دەست داوە، جیا لەوەی ئابووری ئێران لە ژێر گوشارێكی یەكجار قورسدایە بەهۆی جەنگ و ئەو سزایانەی كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا سەپاندوویەتییە سەر ئەم وڵاتە.

ئەو دۆخە ڕژێم ناچار دەكات بە مشتی پۆڵایینەوە لە ناوخۆی وڵات ئامادە بێ، چونكە ترسی لە سەرهەڵدانەوەی خۆپێشاندانەكان هەیە، بە تایبەت دوای ئەوەی لە چەند ساڵی ڕابردوو وڵاتەكە چەندان شەپۆلی خۆپێشاندان و ناڕەزایی بەخۆیەوە بینی كە بوونە هۆی شكاندنی ترس لە ڕژێم و لاوازكردنی، ئەمانە سەردەكێشن بۆ ململانێ و گرژی نەتەوەیی و ئیتنی و ناوچەگەریەتی، جیا لەوەی ترسی چالاكی گرووپە چەكدارە بەرهەڵستكارەكانی ڕژێمیش لە ناوخۆی ئێران هەمیشە بوونی هەیە و كۆتایی نایەت.

ئێران بۆ خۆدوورخستنەوە لە مەترسییەكان، گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی چاو بە ستراتیجی ناوكی خۆی بخشێنێتەوە، لەبری ئەوەی هەوڵی هێشتنەوەی سیاسەتی چەكی ئەتۆم بدات، ئێستە سەركردایەتیی ئێران لەو بڕوایەدایە هێشتنەوەی بەرنامەی ناوكی ئاشكرا و ددانپێدانراو بۆ بواری ئاشتی گەرەنتی ئەوە دەكات كە دووبارە لە داهاتوو هێرشی نەكرێتەوە سەر، هاوشێوەی كۆریای باكوریش وردە وردە لە چەكی ئەتۆم بە نهێنی خۆی نزیك بكاتەوە.

هاوتەریب لەو گۆڕانكارییانەی جەنگ لە ناوخۆی ئێران دروستی كردووە و دەیكات، ئەمەریكایش ناتوانێ بیرۆكەی كشانەوەی تەواوەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێبەجێ بكات، لە كاتێكدا حكوومەتەكانی پێشوو و ئێستەی ئەمەریكایش چەندان جار دووپاتیان لە پێویستی دووركەوتنەوە و كشانەوە لە دەستوەردانی سەربازی و سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كردووەتەوە. بەڵام لە جەنگی غەزە دەستوەردانیان كرد و ئێستەیش بە فراوانی لە جەنگی دژ بە ئێران بەشدارن و ئەمەیش سەلمێنەری ئەوەیە كە تا ئێستەیش واشنتن دەیەوێ وەك یاریكەرێكی سەرەكی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بمێنێتەوە، جا ئەمە بۆ پاراستنی ئیسرائیل بێ یان گەرەنتی پارێزراوی ڕێڕەوە ئاوییەكان كە نەوت و غازی زۆری دنیا لەو ڕێگەیەوە دەگەنە بازاڕەكان.

هاوئاهەنگی و هاریكاری سەربازی ئەمەریكا و ئیسرائیل لەو جەنگە زۆر بەهێزتر و باشتر بوو، هاوكات دووبارە سەرنجی خستەوە سەر گرنگی ستراتیجی گەرووی هورمز و دەریای سوور لە هاوكێشەكانی ئاسایشی دنیا و وزە بۆ وڵاتانی دنیا، لەگەڵ هەڕەشە بەردەوامەكانی ئێران لە گەرووی هورمز و ناوچه ئاوییەكان، ئەمەریكا ناچارە بوونی سەربازی و سیاسی خۆی بۆ ماوەیەكی درێژ لە ناوچەكە بهێڵێتەوە، یان دەیەوێ بارگرانییەكە بخاتە ئەستۆی هاوپەیمانە ئەوروپییەكان و وڵاتانی كەنداو.

هاوكات وڵاتانی كەنداو سەرەڕای زیادبوونی گومانەكانیان لەبارەی پابەندبوونی واشنتن بە پاراستنیان، تا ئێستەیش ئەمەریكا وەك گرنگترین هاوبەشی ئەمنی خۆیان دەبینن، ئەو هێرشانەیشی كرایە سەر دامەزراوەكانی نەوت و بنكە سەربازییەكان فشەڵی سیستمی تەناهیی وڵاتانی كەنداو و بێدەسەڵاتی ناوچەكەی لە دروستكردنی چوارچێوەیەكی بەرگری سەربەخۆ و بەهێز و هاوبەش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشە گەورەكانی بە ڕوونی دەرخست.

بەوهۆیەوە جەنگەكە وڵاتانی كەنداو هان دەدات كە هاوئاهەنگی تەناهی و سەربازی لە نێوانیان زیاتر بكەن و زیاتریش پشت بە چەتری پاراستنی ئەمەریكا ببەستن، بەڵام بەشێوەیەكی زۆر وریا و پراگماتیانە، بەڵام لە بەرانبەردا جەنگ شوێنەواری نەرێنی لەسەر پێوەندییەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل جێدەهێڵت، چونكە ئێستە لە ناوخۆی ئەمەریكا هەڵوێستەكان دژی ئیسرائیل زۆر بوون و بەشێكی زۆری ئەمەریكییەكان لەو باوەڕەدان، كە تەلەئبیب هانی واشنتنی داوە بچێتە ناو ئەو جەنگە پڕ تێچوو و ئامانج ناڕوونە، بە تایبەت لەگەڵ بەرزبوونەوەی تێچووی ئابووری و سیاسی لەسەر ئەمەریكا.

هاوكات وێنەی ئیسرائیل لەناوخۆی ئەمەریكا زیانی زۆری پێگەیشتووە، بە تایبەت لە دوای جەنگ لە غەزە و بەردەوامبوون لەسەر درێژەدان بە جەنگ دژی ئێران، دەنگ و هەڵوێستەكانی لە كۆنگرێس و ناوەندە سیاسییەكان بەرز كردووەتەوە و داوای چاوخشانەوە بە سروشتی پشتیوانی بێمەرجی ئەمەریكا لە ئیسرائیل دەكەن. سەرەڕای ئەوەی هاوپەیمانیی ئەمەریكا و ئیسرائیل ئامانجی سەرەكییە بۆ واشنتن، بەڵام جەنگی ئێستە دەرگە بە ڕوونی مشتومڕی فراوان لە ناوخۆی ئەمەریكا لە بارەی سنوور و ئاستی ئەو هاوپەیمانییە و بارگرانییەكانی لەسەر سیاسەت و ستراتیجی ئەمەریكا لێ دەكەوێتەوە.

لە ناو وڵاتانی عەرەبیش تووڕەیی خەڵكی ئەو وڵاتانە بەرانبەر بە ئیسرائیل زیاتر دەبێت، بە تایبەت بەهۆی ئەوەی بۆچوونێكی گشتی لە ناو وڵاتانی عەرەبی بڵاو بووەتەوە كە ئیسرائیل دەیەوێ بە زەبری هێز، هەژموونی خۆی بەسەر لبنان و سووریا و ئێران و فەلەستین و تەواوی ناوچەكە بسەپێنێت. دواجار ئەمە كاریگەری نەرێنی لەسەر وێنەی ئەمەریكایش لای خەڵكی وڵاتانی عەرەبی دروست دەكات، سەرەنجام ئەمەیش پرۆسەی ئاساییكردنەوەی پێوەندیی وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ ئیسرائیل تووشی زیان دەكات و جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی ئەبراهام قورستر دەكات.

وڵاتانی كەنداو بە تەواوی  پێویستە چاو بە سیستمی تەناهیی ناوچەكە بخشێننەوە، ئەنجوومەنی هاریكاری كەنداو بۆی ڕوون بووەوە كە هاوبەشایەتیی دووقۆڵی لەگەڵ ئەمەریكا ناتوانێ ڕێگر بێ لەوەی ڕووبەڕووی هێرش و هەڕەشە ببنەوە، بگرە دەبێتە هۆكارێكی ڕاستەوخۆ تا ببنە ئامانجی هێرشەكانی ئێران، لەبەرئەوە چاوەڕوان دەكرێ هاوئاهەنگی بەرگری و سەربازی لە نێوان وڵاتانی كەنداو زیاتر بێ و لەوانەیشە هاریكاریی تەناهییان لەگەڵ وڵاتانی تری وەك چین و ڕووسیا و پاكستان دروست بكەن، لە پەراوێزی گومانی زۆر لەبارەی جێگیری و پابەندی بەردەوامی ماوە درێژی ئەمەریكا بە پاراستنی ئاسایشی وڵاتانی كەنداو.

بە ڕوانین لەو گۆڕانكارییانەی سەرەوە ئەوە دەردەكەوێ، جەنگ دژی ئێران دووبارە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەڕێژێتەوە و ئێرانی دوای جەنگ زۆر بێهێز دەبێت، ئیسرائیل ڕووبەڕووی ژینگەیەكی تووڕە و دژ بەخۆی لە ناوچەكە دەبێتەوە و ئەمەریكایش دووبارە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گیر دەخواتەوە، وڵاتانی كەنداویش لە قۆناغی دووبارە پێداچوونەوە بە چەمكەكانی ئاسایش و هاوپەیمانی و پشتبەستن بە وڵاتانی دەرەكی بۆ پاراستنی سەلامەتی خۆیان دەكەنەوە.

لە نێوان ئاگربەستی لەرزۆك و كێبەركێی سەپاندنی هەژموون و هاوسەنگییە ناجێگیرەكان ئەوە دەردەكەوێ، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی داهاتوو تووشی لافاوی كێشەی سیاسی و تەناهی دەبێت و پرسیارەكەیش ئەوە نییە كە كێ جەنگ دەباتەوە، بەڵكو ئەو جەنگە نەخشەی هێز و ناوەندەكانی بڕیار و سنووری هەژموونسەپاندن لە ناوچەكە بە وردی نوێ دەكاتەوە و دایدەڕێژێتەوە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د