داخستنی گەرووی هورمز كەلێنێكی گەورەی ستراتیجی و مەترسیداری لە پلانی سەربازی ئەمەریكا دروست كردووە، ئەمەریكا سەرەڕای ئەوەی خاوەنی بەهێزترین هێزی دەریایییە لە دنیادا، بەڵام بێدەسەڵاتە بەرانبەر دووبارە كردنەوەی گەرووی هورمز، پێویستی بە هاریكاری گەورەی هاوپەیمانە ئەوروپییەكانیەتی لە هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی "ناتۆ".
لە ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەی
تەلەگرافی بەریتانیدا هاتووە، ئێران دوای دوو هەفتە لە دەستپێكردنی جەنگ، مینی دەریایی زۆر و پێشكەوتووی لە گەرووی هورمز چاندووە، بەو هۆیەشەوە یەكێك لە گرنگترین ڕێڕەوە دەریاییەكانی دنیا بۆ گواستنەوەی وزە، بووەتە ناوچەیەكی پڕ لە مەترسی و هەڕەشەی گەورەی لەسەر وڵاتانی دنیا بەهۆی كەمی گەیشتنی سووتەمەنی دروست كردووە و دنیا لە تەنگژەیەكی ئابووری نزیك دەكاتەوە.
ڕاپۆرتە ئاماژە بەوە دەكات، واشنتن بە فەرمی ژمارەی ئەو مینە چێنراوانە و شوێنی چاندنیانی بڵاو نەكردووەتەوە، بەڵام بەرپرسانی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا، كۆنگرێسیان لە دانیشتنێكی داخراو ئاگادار كردووەتەوە كە هەڵگرتنەوەی مینە چێنراوەكان ماوەی نزیكەی شەش مانگی پێویستە، بەگوێرەی قسەی ئەفسەری خانەنشینكراوی ئەمەریكی كیڤن ئایر، پاككردنەوەی 200 میل چوارگۆشە لە ئاوەكانی كەنداو، ئۆپراسیۆنێكی سەبر دەبێ و زۆریش ئاڵۆزە.
ڕۆژنامەكە نووسیویەتی، كێشەكە بۆ فەرامۆشكردنی چەندان دەیەی ئەمەریكا دەگەڕێتەوە، لە پەرەپێدانی كەشتییەكانی هەڵگرتنەوەی مینی دەریایی و لە دوای جەنگی ساردەوە، واشنتن سەرنجی خۆی خستە سەر پەرەپێدانی كەشتی فڕۆكەهەڵگر و ژێردەریایی ئەتۆمی و كەشتی وێرانكەری هەڵگری مووشەك، لە بەرانبەردا وڵاتانی ئەوروپا وەبەرهێنانی زۆریان لە پەرەپێدانی كەشتی هەڵگرتنەوەی مین كرد، بەهۆی ترسیان لە هەڕەشەی بەردەوامی هێزی دەریایی ڕووسیا لە دەریای بەڵتیك و دەریای باكور.
وڵاتانی ئەوروپای ئەندام لە هاوپەیمانی ناتۆ، ئێستە خاوەنی هێزی گەورەی هەڵگرتنی مینی چێنراوی ناو دەریان و ئەزموونی زۆریان لەو بوارە هەیە بە بەراورد لەگەڵ تواناكانی ئەمەریكا. بەرپرسێكی سەربازیی هاوپەیمانی ناتۆیش لەوبارەیەوە دەڵێ، ئەوروپییەكان خاوەنی گەورەترین پشكن لە تواناكانی هەڵگرتنەوەی مینی دەریایی لە ناو هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی "ناتۆ".
سەرەڕای ئەوەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكا و پیت هێگسەسی وەزیری بەرگری بەردەوامن لە گاڵتەكردن بە سوپای وڵاتانی ئەوروپا، زیاتر گرنگی بە پاراستنی ئەمەریكا دەدەن، وەك ئەوەی ترەمپ هێرشی كردە سەر هێزی دەریایی بەریتانیا و كەشتیی فڕۆكەهەڵگری ئەو وڵاتە و بە یاریی منداڵان ناوی برد، كەشتییە جەنگییەكانی ئەو وڵاتەیشی بە كۆن پێناسە كرد.
بەڵام لەگەڵ ئەوانەدا تەنگژەی ئێستە ئەوەی دەرخست كە واشنتن ناچار پشت بە توانای ئەوروپییەكان بۆ دووبارە كردنەوەی گەرووی هورمز ببەستێت، چونكە ئێستە هەریەك لە بەریتانیا و ئەڵمانیا و فڕەنسا و ئیتاڵیا و هۆڵەندا و فینلاند، خاوەنی كەشتی بەهێز و پێشكەوتووی هەڵگرتنەوەی مینن، لە بەرانبەردا تواناكانی ئەمەریكا لەو بوارە ڕوو لە پاشەكشەیە.
ئەمەریكا خاوەنی كەشتی ئاڤنگەری تایبەت بە هەڵگرتنەوەی مینی دەریاییە، بەڵام ئەو كەشتییە كۆن و فشەڵە و زۆر پێشكەوتوو نییە، نزیك بووە لەوەی خانەنشین بكرێ بەر لەوەی دووبارە بخرێتەوە خزمەتەوە. كەشتییە جەنگییە نوێكانی ئەمەریكایش كە بە فڕۆكە و درۆنی ژێردەریایی پڕچەك كراون تا ئێستە لە دۆخی ڕاستەقینەی جەنگ تاقی نەكراونەتەوە.
تەنگژەكە زیاتر قووڵ بووەوە كاتێك ئەمەریكا لە 2025 هەلیكۆپتەرەكانی جۆری "سی دراگۆن"ی تایبەت بە هەڵگرتنەوەی مینی لە بەحرێن كشاندەوە، بەم شێوەیەیش یەكێك لە خێراترین ئامرازەكانی هەڵگرتنەوەی مینی لە ئاوەكانی كەنداو لە دەست دا، لەگەڵ بەردەوامی داخراوی گەرووی هورمز، وڵاتانی ناتۆ دەستیان بە ناردنی توانا و هێزەكانیان بۆ ناوچەكە كرد، فڕەنسا كەشتیی فڕۆكەهەڵگری شارل دیگۆل و بەریتانیا كەشتی وێرانكەر و كەشتیی خۆدكاری هەڵگرتنەوەی مین و ئیتاڵیا مینهەڵگرەوە و ئەڵمانیا كەشتیی فۆلدای، بۆ بەشداربوون لە ئۆپراسیۆنی كردنەوەی گەرووی هورمز ڕەوانەی ناوچەكە كرد.
تەنگژەی هورمز خراپ خوێندنەوەی سراتیجی قووڵی ئەمەریكای بە تەواوی دەرخست، كاتێك واشنتن بە كەم سەیری تواناكانی ئێرانی لە داخستنی گەرووی هورمز كرد، لە هەمان كاتدا زێدەڕۆیی لە خێراكردنەوەی گەرووەكە بێ هاوكاری و یارمەتی هاوپەیمانە ئەوروپییەكانی كرد.
لە 28ی شوبات/فێبرایەری ڕابردوودا، ئێران لە بەرانبەر بۆردمانی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەكەی، گەرووی هورمزی بە رووی كەشتییە نەوتهەڵگر و بازرگانییەكان داخست، ئەمەیش لە كاتێكدایە 20%ی نەوتی دنیا بەو ڕێڕەوە ئاوییە دەگەنە بازاڕی وزە لە دنیا، بەمشێوەیە كورتهێنانی زۆر لە سووتەمەنی لە وڵاتانی دنیا دروست بوو، ئێستە تەنگژەی كەمیی سووتەمەنی، سەرەنجام قورسكردنی ژیانی هاووڵاتییان و گواستنەوەی كەلوپەلی بازرگانی دروست كردووە و ئەگەر تا ماوەیەكی درێژتر گەرووی هورمز بە داخراوی بمێنێتەوە، ئەوا دنیا ڕووبەڕووی تەنگژەیەكی ئابووری گەورە دەكاتەوە.
هەرچەند لە بەرانبەر ئەو كارەی ئێران، ئەمەریكا بۆ ماوەی ڕۆژێك ئۆپراسیۆنی ئازادی كەشتیوانی لە گەرووی هورمز ڕاگەیاند، بەڵام دواتر ترەمپ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنەكەی وەستاند، هاوكات ئەمەریكا گەمارۆی دەریایی خستووەتە سەر بەندەرەكانی ئێران و ڕێگە لە هاتن و چوونی كەشتی نەوتهەڵگر و بازرگانی بۆ بەندەرەكانی ئێران دەگرێت. بەڵام ئەو گوشارانە نەیانتوانیوە ئێران ناچار بكەن كە گەرووی هورمز بكاتەوە و بە مەرجەكانی ئەمەریكا بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن ڕازی ببێت.