لە ناو تەمومژ و داخراوی دانوستانەكانی نێوان ئەمەریكا و ئێران، سەرچاوەكان دووپات لەوە دەكەنەوە، ئەحمەد وەحیدی یەكێك لە جەنەراڵە توندڕۆكانی ئێران كە دەستی لە هێرشی فراوان لە دژی ئامانجەكانی ئەمەریكا و ڕۆژئاوا هەبووە، یاریكەری سەرەكیی دانوستانەكان و ناوەندی بڕیاری دەسەڵاتە لە ئێران.
پسپۆران دەڵێن، عەمید ئەحمەد وەحیدی فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران، بووەتە یاریكەرێكی سەرەكی لە نووسین و داڕشتنی هەڵوێستی توندی ئێران و پەیامەكانی كۆتاهێنان بە جەنگ و گەیشتن بە ڕێككەوتن و ناردنیان بۆ ئەمەریكا لە ڕێی پاكستانەوە. ئەو بەشێكە لە بازنەیەكی بچووك كە پێوەندیی ڕاستەوخۆی بە موجتەبا خامنەیی ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامی ئێرانە، كە تا ئێستەیش دوای برینداربوونی خۆی شاردووەتەوە و دەرناكەوێت.
وەك چۆن لە سەرەتای جەنگ لە دژی ئێران ناڕوون بوو كە كێ بەسەر پرۆسەی دروستكردنی بڕیار لە ئێران زاڵ دەبێت، لەگەڵ بەردەوامیی كێبەركێ بەرپرسانی ڕژێمی ئیسلامیی ئێران لەسەر دەسەڵات كە بەدەستی دەهێنن یان بە خێرایی لە دەستی دەدەن، ئەحمەد وەحیدی لە هەشتی شوبات/فێبرایەرەوە دەرنەكەوتووە، واتە چەند هەفتەیەك بەر لە دەستپێكردنی جەنگ، بەڵام پێنجشەم میدیاكانی ئێران زانیارییان لەسەر دیداری ئەحمەد وەحیدی لەگەڵ وەزیری ناوخۆی پاكستان لە تاران بڵاو كردەوە، كە پەیامی ئەمەریكا دەگەیەنێتە دەست سەركردەكانی ئێران و چاوی بە ژمارەیەك لە بەرپرسە باڵاكانی تری ڕژێمی ئیسلامیی ئێران دەكەوێت.
وەحیدی كە كەسێكی هەڵكەوتووی ناو ڕژێمی دەسەڵاتە، بەشداریی لە داڕشتنی پشتیوانی ئێران لە گرووپە چەكدارەكانی سەر بەو وڵاتە لە وڵاتانی ناوچەكە كردووە، تۆمەتبارە بە تەقاندنەوەی ناوەندێكی جووەكان لە ئەرجەنتین لە 1994، فەرماندەی هێزی ئاسایشی ناوخۆ بووە لە هەڵمەتی ڕەشبگیری و كۆمەڵكوژی خۆپێشاندەران لە 2022.
دوای بەرزبوونەوەی پلەكەی و وەرگرتنی پۆستی فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران ئەمساڵ، لە ئەنجامی كوشتنی فەرماندەكەی پێش خۆی، بووەتە یەكێك لە بەهێزترین كەسایەتییەكان لە ئێران و خاوەنی جبەخانەیەكی گەورەی مووشەكی بالیستیك و كەشتیگەلی بەلەمە بچووك و تیژڕۆكانە، كە هەڕەشەی گەورەی لەسەر ئاوەكانی كەنداو و گەرووی هورمز دروست كردووە.
پەیمانگەی توێژینەوەكانی جەنگ لە واشنتن دووپات لەوە دەكاتەوە، ئەگەری زۆرە وەحیدی و بازنە بچووكەكەی دەوروبەری نەك تەنیا بەسەر هێزی سەربازی ئێران زاڵ بوون، بگرە بەسەر سیاسەتی ڕژێمی ئیسلامی و دانوستانەكانیش زاڵ بوون و كۆنترۆڵیان كردووە.
ستراتیجی سەربازی و جەنگی ئێران خۆی لە كۆنترۆڵكردن و خنكاندنی گەرووی هورمز دەبینێتەوە، بۆ ئەوەی ڕێگە لە هەناردەی نەوت و غاز بۆ وڵاتانی دنیا بگرێت و تەنگژەیەكی گەورەی وزە لە دنیا دروست بكات، لە تەك ئەوەیشدا هێرشی چڕ و فراوانیان كردە سەر دامەزراوەكانی نەوت و هۆتێل و ژێرخانی وڵاتانی كەنداو.
لە دانوستانەكاندا تا ئێستەیش ئێران بەرگریی بەرانبەر بە داوای ئەمەریكا بۆ ڕادەستكردنی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئەو وڵاتە دەكات، گرەو لە تواناكانی بۆ خۆڕاگری و نەچەمانەوە بەرانبەر بە گوشارەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دەكات، ئەمەیش لە كاتێكدایە كە دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكا دوودڵە لە دەستكردنەوە بە جەنگێكی فراوان دژی ئێران لە ترسی گەیشتنی زیانی گەورەتر بە هاوپەیمانەكانی ئەمەریكا لە كەنداو.
كینیس كاتزمان توێژەر لە گرووپی سۆڤان كە ناوەندێكی توێژینەوەیە لە نیویۆرك دەڵێ، ستراتیجی ئەو پیاوە لە عەقڵی شۆڕشێكی بەردەوام و موقاوەمەی بەردەوام خۆی دەبینێتەوە، وەحیدی لەو باوەڕەدایە كە پێویستە ئێران ڕووبەڕووی ئەمەریكا لە هەموو لایەك ببێتەوە. ئەو توێژەرە پسپۆری كاروباری ئێرانە و ماوەی 30 ساڵە ڕاوێژ لەسەر دۆسیەی ئێران بە كۆنگرێس دەدات.
لە كانوونی دووەم/یەنایەری ڕابردوو وەحیدی گوتی، توانای بەرگری و هێزەكانی ئێران زۆر پێشكەوتوون و دەتوانن ببن بە هەڕەشەیەكی مەترسیدار دژی هەر كردەیەكی سەربازی لەلایەن دوژمنەوە دژی ئێران.
وەحیدی ئێستە میحوەری سەرەكی دانوستانەكان كە لە نیسان/ئەپریلی ڕابردوو بە ناوەندگیری پاكستان لە نێوان تاران و واشنتن بەردەوامی هەیە، ئەمەیش دوای پاشەكشەی شاندی دانوستانكاری ئێران كە لەلایەن محەمەد باقر قالیبافی سەرۆكی پەرلەمانی ئێران و عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە سەرپەرشتی دەكران، لە گەڕی یەكەمی دانوستانەكان لەگەڵ جەی دی ڤانسی جێگری سەرۆكی ئەمەریكا كۆبوونەوە.
دوای گەڕانەوەی قالیباف و عێراقچی بۆ ئێران، ڕووبەڕووی ڕەخنەی زۆر بوونەوە، بەهۆی ئەوەی ئامادە بوون سازشی زۆر بۆ ئەمەریكا بكەن، دوای ئەوە قالیباف ناچار كرا ئەوە ڕابگەیەنێت، كە دانوستانەكان بە پشتیوانی ڕاستەوخۆی ڕێبەری شۆڕش ئەنجام دەدرێن.
لەوكاتەوە وەحیدی بووەتە كەناڵی سەرەكیی دانوستانەكانی ئێران لەگەڵ ئەمەریكا، بەرپرسێكی ناوچەكە و ئاگادار لە ناوەندگیرییەكانی پاكستان كە بەهۆی هەستیاریی دۆخەكە نەیویستووە ناوی ئاشكرا بكرێ، پشتڕاستی ئەو زانیارییانە دەكاتەوە.
هۆلی داگریس توێژەر لە پەیمانگەی واشنتن بۆ سیاسەتەكانی ڕۆژهەڵاتی نزیك دەڵێ، بە ئەگەری زۆرەوە وا دەردەكەوێ ڕێبەری نوێ، هاوڕابێ لەگەڵ پاسداران كە زۆر بە توندی لەگەڵ ئەمەریكا مامەڵە بكات، لە پەراوێزی كوشتنی باوكی و ماڵباتەكەی لەلایەن بۆردمانەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیلەوە.
ڕۆڵی وەحیدی لە دانوستانەكان بووەتە هۆی ئەوەی گەیشتنی هەردوولا بە ڕێككەوتن و نزیكبوونەوە لە یەكتر زۆر قورس بێت، بۆیە سەرەڕای ئاڵوگۆڕی پەیامی زۆر لە نێوان واشنتن و تاران، بەڵام تا ئێستە نزیكبوونەوە لە نێوان واشنتن و تاران بوونی نییە، ئەگەری زۆریشە كە دانوستانەكان بەمشێوەیە بەردەوامییان هەبێت یان دووبارە دەست بە جەنگ دژی ئێران بكرێتەوە.