واشنتن پۆست: بۆ پاراستنی ئیسرائیل ئەمەریکا زیاتر لە ئیسرائیل مووشەکی دژی ئێران بەکار هێناوە

:: PM:01:56:22/05/2026 ‌
ئەمڕۆ هەینی 22ی ئایاری 2026، ڕۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمەریکایی ئاشکرای کرد کە هەڵسەنگاندنێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا (پێنتاگۆن) دەریدەخات، سوپای ئەمەریکا لە کاتی گرژییەکان لەگەڵ ئێراندا، بۆ پاراستنی ئیسرائیل زۆر زیاتر لە سوپای ئیسرائیل مووشەکی بەرپەرچدانەوەی پێشکەوتووی بەکار هێناوە.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوە داوە کە سوپای ئەمەریکا بەشێکی زۆری یەدەگی مووشەکە پێشکەوتووەکانی بۆ بەرگریی مووشەکی بەکار هێناوە لەپێناو پاراستنی ئیسرائیلدا. بە گوتەی سێ بەرپرسی ئەمەریکایی، ئەم ناهاوسەنگییە دەریدەخات کە واشنتن تا چەند قورسایی ڕووبەڕووبوونەوەی مووشەکە بالیستییەکانی ئێرانی لە ئەستۆ گرتووە لە ماوەی ئۆپراسیۆنی (تووڕەییی داستانی)دا، ئەمەش پرسیار لەسەر ئامادەییی سوپای ئەمەریکا و پابەندبوونە تەناهییەکانی لە جیهاندا دروست دەکات.

بەپێی زانیاریی بەرپرسە ئەمەریکاییەکان، ئەمەریکا زیاتر لە 200 مووشەکی بەرپەرچدانەوەی جۆری (ساد - THAAD)ی بۆ پاراستنی ئیسرائیل هەڵداوە، کە دەکاتە نزیکەی نیوەی کۆی یەدەگی پێنتاگۆن، هەروەها زیاتر لە 100 مووشەکی (ستاندارد 3) و (ستاندارد 6) لە کەشتییە جەنگییەکانی ناو دەریای ناوەڕاستەوە هەڵدراون.

لە بەرانبەردا، ئیسرائیل کەمتر لە 100 مووشەکی جۆری (ئارۆ) و نزیکەی 90 مووشەکی (قۆچەقانیی داود)ی بەکار هێناوە، کە بەشێکیان دژی ئەو مووشەکە کەمتر پێشکەوتووانە بوون کە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی لبنان و یەمەنەوە هەڵدرابوون.

شرۆڤەکارە سەربازییەکان پێیان وایە ئەو داتایانەی دراونەتە ڕۆژنامەکە، پەنجەرەیەکی دەگمەنن بۆ تێگەیشتن لە چۆنیەتیی هاوئاهەنگیی نێوان ئەمەریکا و ئیسرائیل. کێلی گریگۆ، توێژەر لە سەنتەری ستیمسۆن دەڵێت، ژمارەکان سەرنجڕاکێشن، چونکە ئەمەریکا بەتەواوی ئەرکی بەرگریی مووشەکی لە ئەستۆ گرت، لە کاتێکدا ئیسرائیل یەدەگی مووشەکەکانی خۆی پاراست.

کێشەکە ئەوەیە کە ئەمەریکا تەنیا نزیکەی 200 مووشەکی تری سیستمی (ساد)ی ماوە، و هێڵی بەرهەمهێنانیش ناتوانێت لەگەڵ خواستی زۆردا بگونجێت. ئەم کەمبوونەوەیەش بووەتە هۆی نیگەرانیی هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا لە ئاسیا، بەتایبەتی ژاپۆن و کۆریای باشوور کە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆریای باکوور و چین پشت بە ئەمەریکا دەبەستن.

بەرپرسێکی ئیدارەی ئەمەریکا ڕای گەیاند، "بەگشتی، ئەمەریکا نزیکەی 120 مووشەکی بەرپەرچدانەوەی زیاتری لە ئیسرائیل هەڵداوە و دوو هێندەی ئەو مووشەکانەی ئێرانی خستووەتە خوارەوە کە ئیسرائیل خستوویەتی." ئاماژەی بەوەش دا کە ئەگەر لە چەند ڕۆژی داهاتوودا جەنگ دەست پێ بکاتەوە، ئەوا ئەمەریکا ناچارە مووشەکی زیاتر بەکار بهێنێت بەهۆی ئەوەی سوپای ئیسرائیل بڕیاری داوە بەشێک لە پاترییەکانی بەرگریی مووشەکی بۆ چاککردنەوە لە کار بخات.

لەلای خۆیەوە پێنتاگۆن بەرگریی لەو باڵانسە کرد کە لە بەکارهێنانی سەرچاوە سەربازییەکاندا لە نێوان هەردوو وڵات کراوە. شۆن پارنێل گوتەبێژی وەزارەتەکە ڕای گەیاند کە مووشەکەکان تەنیا بەشێکن لە تۆڕێکی فراوانی بەرگری و هەردوو وڵات بە یەکسانی ئەرکی بەرگریکردنیان لە ئەستۆ گرتووە بە بەکارهێنانی فڕۆکەی جەنگی و سیستمی دژەدرۆن. حكوومەتی ئیسرائیلیش بەرگریی لەم هەنگاوە کرد و باڵیۆزخانەکەی لە واشنتن ڕای گەیاند کە هاوئاهەنگییەکە بۆ بەرژەوەندیی هەردوو وڵات و هاوپەیمانەکانیانە.

شرۆڤەکاران پێیان وایە ئەم دۆخە پێچەوانەی دروشمی "ئەمەریکا لە پێشەوە"ی دۆناڵد ترەمپە، بەو پێیەی ئیسرائیل ئەولەوییەتەکانی خۆی پێشخستووە و یەدەگەکانی پاراستووە، لە کاتێکدا ئەمەریکا باجەکەی داوە.


وشە - پۆڵا مەحموود