بڕیاربەدەست لە بەغدایە.. قۆناغێكی تر

:: PM:02:48:23/05/2026 ‌
لەبەر ئەوەی بەردەوام لە خەمی هاووڵاتییانی كوردستاندایە و لە پێشینەی كارەكانی چارەسەری كێشەكانی نێوان كوردستان و عێراقە، ئەمڕۆ مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان بە سەرۆكایەتیی شاندێك گەیشتە بەغدا. 

قۆناغێكی نوێ‌
مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، ئامانجی ئەوەیە كە لەگەڵ حكوومەتی نوێی عێراق قۆناغێكی نوێ‌ دەست پێ بكات، بەتایبەت كە پارتی دیموكراتی كوردستان پشتیوانی لە حكوومەتی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق كردووە. 

بە بڕوای شارەزایان چوونی مەسروور بارزانی بۆ بەغدا، جیاوازە لە سیاسی و بەرپرسانی تری كوردستان، چونكە ئەو وەك كەسی یەكەمی بڕیاربەدەست لە كوردستان مامەڵە دەكات، مامەڵەكەیشی لەگەڵ حكوومەتی عێراق لەسەر بنەمای مامەڵەیەكی حوكمڕانییە نەك كەسی. 

عەلی زەیدی كە ئێستە سەرۆك وەزیرانی عێراقە لە ماوەی راسپاردنیدا بۆ ئەو پۆستە، سەردانی كوردستانی كرد و دووپاتی لە پتەوكردنی پێوەندییەكان لەگەڵ كوردستان كردەوە. 

فایلەكانی مەسروور بارزانی 
سەرۆك وەزیرانی كوردستان لە سەردانی ئەم جارەیدا بە كۆمەڵێك پرسی ترەوە چووەتە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا، كە سەرجەمیان بۆ چارەسەری كێشەكان و رێكخستنەوەی دارایی و بودجە و بابەتی خەڵكن. 

سەرۆك وەزیران رای گەیاند، بە سەردانێك كە دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت گەیشتینە بەغدا بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی چارەسەركردنی كێشەكان، پەرەپێدانی هاریكاری و هاوئاهەنگیی بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگەكان.

"لە كۆبوونەوەم لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی فیدراڵ عەلی فالح زەیدی، دووپاتمان لە گرنگیی چارەسەركردنی كێشەكان لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە دەستوور و قەوارەی فیدراڵیی هەرێمی كوردستان كردەوە"، سەرۆك وەزیرانی كوردستان وای گوت.

یەكێك لەو هەنگاوانەی كە مەسروور بارزانی هەوڵی رژی لەگەڵ دەدات، جێبەجێكردنی دەستوورە وەكخۆی لە پێوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقدا، كە پێشتر پارتی دووپاتی لەسەر جێگیركردنی لەناو كارنامەی حكوومەتی نوێی عێراق كردبووەوە. 

د. شاخەوان عەبدوڵا سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، پێشتر رای گەیاندبوو، تەواوی تێبینییەكانی پارتی و بەرنامەكانی كە بە عەلی زەیدی داوە، لەناو كارنامەی حكوومەتدا جێگیر كراون. 

بڕیاربەدەست
لە دەوڵەتی دامەزراوەدا و لە سیستمی حوكمڕانیی باشدا كە یەكێك لە ئامانجەكانی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستانە، ئەوەیە كە گفتوگۆكان لەسەر ئاستی حكوومیدا دەبن، دروستكردنی قۆناغێكی نوێ‌ لەگەڵ عێراق پێویستە لەسەر بنەمای حوكمڕانی بێت نەك لەسەر بنەمای كەسی كە پێشتر هەندێك كەس و لایەن هەوڵی زۆریان بۆ ئەوە داوە. 

ئێستە مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، وەك بڕیاربەدەست لە بەغدایە كە دەیەوێ‌ ئەو ڕێڕەوە راست بكاتەوە، حكوومەت لەگەڵ حكوومەت، نەك كەسی حزبی بچن و رۆڵی كوردستان لەوێ‌ بگێڕن و دواتر دەستبەتاڵ بگەڕێنەوە. 

چیمەن بارزانی ئەندامی پەرلەمانی عێراق، بە "وشە"ی گوت، سەردانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان هەنگاوێكی رژد و گرنگە بۆ پێوەندییەكانی هەردوو حكوومەت. 

ڕوونیشی كردەوە كە ئەوە دەتوانێ‌ قۆناغێكی نوێ‌ لە پێوەندی نێوان هەردوولادا دروست بكات جیاواز لەوەی لە رابردوودا هەبووە. 

كێ‌ سوودمەندە؟ 
لەو سەردانەی بڕیاربەدەستی كوردستان مەسروور بارزانی بۆ بەغدا، خەڵكی كوردستان سوودمەندی یەكەم و كۆتایین، چونكە لە كۆتاییدا تەواوی ئەو پرسانەی ئەو دەیباتە كۆبوونەوەكان، لە خزمەتی خەڵكی كوردستان دەبێت. 

خاڵێكی تریش ئەوەیە كە عێراق بە سەقامگیر و پێوەندیی تۆكمە لەگەڵ كوردستان گەشە دەكات، بەدروستكردنی هەر بۆشاییەك ئەوە نامێنێتەوە كە ئێستە بوونی هەیە و دەكەونەوە دووڕیانێكی مەترسیدار. 

تەنانەت سوودی ئەمجارەی سەردانەكەی مەسروور بارزانی، جیاوازە لە سەردانی كەس و حزبی تر بۆ بەغدا، چونكە ئەوان چەندان ساڵە دێن و دەڕۆن، هیچیان لێ‌ شین نەبوو. 
 




وشە - وشه‌