ترەمپ و ئێران.. كاتێك واشنتن هەڵەی جەنگەكانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دووبارە دەكاتەوە

:: AM:10:20:26/05/2026 ‌
جیرار بەیكەر نووسەر لە ڕۆژنامەی وۆل ستریت جۆرنال لە وتارێكدا نووسیویەتی، سەرۆكی ئەمەریكا دۆناڵد ترەمپ هەمان هەڵەی سەرۆكەكانی پێش خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دووبارە كردەوە، سەرەڕای ئەوەی پێشوەختە دركی بە بارگرانییەكی جەنگی درێژمەودا كردبوو، دووپاتیش لەوە دەكاتەوە كە ئەو ڕێككەوتنەی ئێستە لەگەڵ ئێران هەوڵی بۆ دەدرێ، سەركەوتنی ئەمەریكا نییە، بگرە هەوڵی ئەمەریكایە بۆ دەرچوون لە هەرەسێكی ستراتیجی پڕ لە تێچوو.

بیكەر دەڵێ، حكوومەتی ترەمپ بژارەی باشی لە بەردەست نییە لەو كاتەوەی جەنگی لە دژی ئێران ڕاگەیاندووە، باشترین شت كە ئێستە بتوانی بەدی بهێنێت، گەڕانەوەی دۆخی ناوچەكەیە بۆ پێش هەڵگیرسانی جەنگ، كردنەوەی گەرووی هورمز و بەردەوامبوون لە دانوستانەكان لەسەر بەرنامەی ناوكی ئێران، بەڵام لەگەڵ ڕژێمی ئێستەی ئێران كە بەشێوەیەكی تاكتیكی لاواز بووە و لە ڕووی ستراتیجیشەوە بەهێز.

پلانی واشنتن ئەوەبوو كاتێك ڕووبەڕووبوونەوەكان و گوشاری سەربازی و گەمارۆ و سزاكان لەسەر ئێران دەسەپێنن، چەند هەفتەیە ئێران بێ هیچ مەرجێك خۆی ڕادەست دەكات، بەڵام خەمڵاندنەكانی ئەمەریكا هەڵە دەرچوون، لە تێگەیشتن لە تواناكانی بەرگریی ئێران و ئامادەیی بۆ بەرگەگرتنی زیانی زۆر لە پێناوی مانەوەی ڕژێمی ئیسلامیی ئێران لەسەر حوكم.

ئەو شێوازە لە سیاسەتی ئەمەریكا نوێ نییە و بگرە چەند دەیەیەكە لە جەنگەكانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەمان هەڵە دووبارە دەكاتەوە و زێدەڕۆیی لە خەمڵاندنی هێزی سەربازی و توانای یەكلاكردنەوەی ململانێكان بە خێرایی دەكات، لە بەرانبەریشدا توانای دوژمنەكەی لە خۆڕاگرتن و بەرگریكردن بە كەم سەیر دەكات.

گەڕانەوە بۆ كردەی سەربازی بژارەیەكی واقیعی نییە، چونكە هەر هەوڵێك بۆ یەكلاكردنەوەی ململانێكە بە زەبری هێز، جەنگێكی فراوانی دەوێت كە ئۆپراسیۆنی دەریایی ماوەدرێژ لە كەنداو و دابەزینی سەربازان لەسەر خاكی ئێران، بڵاوەپێكردنی ڕێژەیەكی زۆر لە هێزەكانی ئەمەریكا بۆ تێكشكاندنی ژێرخانی ناوكی ئێران لەخۆ بگرێت.

هاوكات جیرار بەیكەر بە نیگەرانییەوە دەڵێ، هەر ڕەخنەیەك لە ناوخۆی ئەمەریكا لەسەر جەنگ دژی ئێران بە خیانەت هەژمار دەكرا، بەڵام دووپات لەوە دەكاتەوە رەخنەگرتن لە سیاسەتی ئەمەریكا مانای پشتیوانیكردنی ئێران نایەت.

یەكێك لە گرنگترین ڕەگەزەكانی هێزی ئەمەریكا توانای ئەو وڵاتەیە لە دووبارە پێداچوونەوە بە هەڵەكانی بە ئاشكرا و گفتوگۆكردنی سیاسەتە بێ ئەوەی تۆمەتی خیانەتت بۆ هەڵببەسترێت، وریاییش لە دووبارەبوونەوەی چەقۆلێدان لە پشتەوە دا، كە ئەمە بووە هۆی هەرەسی زۆر وڵاتی گەورە لە مێژوودا.

خولەكانی پاشەكشەی ئەمەریكا لە دوای جەنگی كەنداو لە 1991 لە زێدەڕۆیی سەربازی و وریایی لە ڕادەبەردە لەلایەن سەرۆكی ئەوكاتی ئەمەریكا بێڵ كلینتن دەستی پێ كرد، دوای ئەوەی بە لاوازی مامەڵەی لەگەڵ هێرشەكانی ڕێكخراوی تیرۆریستی قاعیدە كرد، لە كاتێكدا جۆرج بۆشی كوڕ لە جەنگی عێراق بە متمانەیەكی لە ڕادەبەدەرەوە هاتە پێش، دواتر باراك ئۆباما بە سیاسەتێكی دوودڵ بەرانبەر بە سووریا و بە پاشەكشەی ئاڵۆزی ئەمەریكا لە ئەفغانستان لە سەردەمی جۆ بایدن كۆتایی هات.

دۆناڵد ترەمپ لە سەرەتا وا دەردەكەوت كە پەند و وانەی لە سەرۆكەكانی پێش خۆی وەرگرتووە و خۆی لە جەنگی كراوە بە دوور دەگرێ، بەڵام دواجار كەوتە ناو هەمان هەڵەی ستراتیجییەوە، بۆیە ئێستە پرسیاری ئەوە دەكرێ كە چۆن دەكرێ سەرۆك پەند لە مێژوو وەربگرێ و هەڵەكان دووبارە نەكاتەوە؟.


وشە - باز ئه‌حمه‌د