ئەوەی پێویستە لەبارەی شۆڕشی گوڵان بیزانیت

:: PM:05:00:26/05/2026 ‌
شۆڕشی گوڵان لە 26ی گوڵانی 1976 ‌ لە لایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە بە سەرپەر‌شتی سەرۆك بارزانی دژی حكوومەتی بەعسی عێراق لە باشووری كوردستان هەڵگیرسا و تا ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی 1991 بەردەوام بوو.

شەشی ئاداری 1975، ڕێككەوتننامەی جەزائیری نێوان هەردوو دەوڵەتی پاشایەتی ئێران و حكوومەتی بەعسی عێراق، كۆتایی بە شۆڕشی ئەیلوول هێنا كە ساڵی 1961 لە لایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە لە باشووری كوردستان هەڵگیرسابوو، لە ئەنجامی ئەم ڕێككەوتننامەیە و وەستانی شۆڕش، بەشی هەرە زۆری سەركردایەتی شۆڕش و ئەندامانی پارتی دیموكراتی كوردستان بە خێزانەوە ئاوارەی ئێران و وڵاتانی دەوروبەر بوون، تەنیا ڕێكخستنەكانی ئەو حزبە لە ئەوروپا درێژە‌یان بە چالاكییەكانیان دەدا.

ڕێككەوتننامەی جەزائیر كە بووە هۆی نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول و ئاوارەبوونی زیاتر لە سەد و هەشتا هەزار تاكی كورد بۆ وڵاتی ئێران و هەستی سەركەوتنی یەكجارەكی بەسەر كوردی لای دەسەڵاتدارانی بەعسی عێراق و تەنانەت ڕژێمی پاشایەتی ئێران دروستكرد، ئەم بارودۆخە نالەبار و مەترسیدارە، خەباتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە باشووری كوردستانی خستبووە بەردەم مەترسی نەمان و نزیككردنەوە لە كۆتایی، بۆیە لەلایەن سەرۆك بارزانی و بە ڕاوێژ لەگەڵ ئیدریس بارزانی پێشنیاری دووبارە ڕێكخستنەوەی ئۆرگانەكانی پارتی و شۆڕش كرا، لە دووی نیسانی ساڵی 1975 لە كۆبوونەوەی فراوانی نەغەدە كە لەلایەن جەنەڕاڵ مستەفا بارزانییەوە بۆ دیدار لەگەڵ ئاوارەكان ڕێكخرابوو، پێشنیارەكە لەلایەن سەرۆك بارزانییەوە خرایە روو، هەر لە مانگی‌ نیسانی 1975 لەلایەن سەرۆك بارزانییەوە ئامادەكراییەكانی شۆڕش دەستیان پێ كرا.

لە15ی نیسانی 1975 یەكەم كۆبوونەوەی نهێنی لە سەر كانیاوێكی دەوروپشتی نەغەدە بە ناوی حەوت چەشمە ئەنجامدرا، هەریەك لە سەرۆك بارزانی، جەوهەر نامیق سالم، كەریم شنگالی، ئازاد بەرواری و محەمەد ڕەزا  ئامادەی كۆبوونەوەكەبوون، لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا هەریەك لە جەوهەر نامیق سالم، كەریم شنگالی، ئازاد بەرواری، عارف تەیفوور، د. كەمال كەركووكی  و شێركۆ عەلی بنێردرێنەوە باشووری كوردستان و سامی عەبدولڕەحمان و محەمەد ڕە‌زاش بنێردرێنە ئەوروپا، سەرپەرشتی كاری پەنابەرانیش بە ئیدریس بارزانی، عەلی عەبدوڵا، موحسین دزەیی، فەلەكەدین كاكەیی و فڕەنسۆ هەریری سپێردرا، هەروەها بڕیاردرا هەرچی زووە پێوەندی بە كادر و پێشمەرگانەوە بكرێتەوە كە لە عێراق و سوریا مابوونەوە، لە 16ی نیسانی 1975 لە ‌لایەن سەرۆك بارزانییەوە دوو نامە بۆ هەریەك لە محەمەد خالید بۆسەڵی و جەلال تاڵەبانی كە ئەوكات لە سووریا بوو نێردران.

لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی دووەمی 1975 لە كۆبوونەوەی نهێنی كەرەج بڕیار لەسەر دامەزراندنی سەركردایەتییەكی كاتی بۆ پارتی درا، بەو پێیەی كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان بەهۆی ئەو بارودۆخەی كە نسكۆ بەسەر شۆڕش و گەلی كوردی هێنابوو بەتایبەت پاش بەجێهێشتنی وڵات، ئاوارەبوونیان و تێكچوونی ڕێكخستنەكانی ناوەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان بە شێوەیەكی كردەیی هەڵوەشابووەوە.

بەگشتی مانگی ئایاری 1976 مانگی دەستپێكردنەوەی چالاكی پارتیزانی و چەكداری بوو دژی سوپای ڕژێم، سەرەتا لە ناوچەكانی ئامێدی و زاخۆ مەفرەزەیەكی پێشمەرگەی سەر بە سەركردایەتی كاتی لەگەڵ سوپای ڕژێم پێكیاندادا، لە ئەنجامی ئەم پێكدادانەدا ژمارەیەك سەربازی سوپای ڕژێم كوژران، هێزەكانی ڕژێم پاش ئەم پێكدادانە ناچار بە بەكارهێنانی هێزی ئاسمانی كران و ناوچەكانی نێروە و ڕێكانی لەسەر سنووری عێراق و توركیا بۆردومان كرد.

بەشێوەیەكی گشتی لە ماوەی نێوان ساڵانی (١٩٧٦-١٩٧٩) كە بە قۆناغی یەكەمی شۆڕشی گوڵان دادەنرێ و لە لایەن سەركردایەتی كاتییەوە سەرپەرشتی دەكرێ، سەرەڕای تەواوی سەختی و هەڵبەز و دابەزەكان، سەرەڕای دروستبوونی چەندین ڕێكخراوی سیاسی تری چەكدار لە باشووری كوردستان كە بەناوی هەڵگیرساندنی شۆڕش ڕوویان لە شاخەكانی كوردستان كرد و لەوێ دژایەتی پارتی دیموكراتی كوردستانیان پێش دژایەتی ڕژێمی بەعسی عێراقی خست و لە چەندان كات و شوێنی جیاواز پێشمەرگەكانی پارتیان خزاندە نێو شەڕی ناوخۆیەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بەپێی ڕاگەێنراوە سەربازییەكانی ئەوكاتی سەركردایەتی كاتی كە بەشێوەیەكی بەردەوام دەردەكران، شەڕ لەنێوان هێزی پێشمەرگەی شۆڕش و سوپای ڕژێم سەرەڕای ئەو زیانە گیانی و مادییە زۆرەی لە سوپا دەدرا هەر بەردەوام بوو.



وشە - وشه‌