شارەزایەک: بێمتمانەیی گەورەترین ئاستەنگە لە بەردەم ڕێککەوتنی ئەمەریکا و ئێران

:: PM:10:35:01/06/2026 ‌
ئەمڕۆ دووشەم یەکی حوزەیرانی 2026، ئەحمەد ئەعرەجی شارەزای کاروباری هەرێمی و پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان دووپاتی کردەوە، سەرەڕای ئاماژە ئەرێنییەکانی گەڕەکانی دوایی دانوستانەکان و ئەو ڕاپۆرتانەی باس لە لێکنزیکبوونەوەی هەردوولا دەکەن، دۆخی بێمتمانەیی نێوان ئەمەریکا و ئێران هێشتا وەک گەورەترین ئاستەنگ لە بەردەم هەر ڕێککەوتنێکی کۆتاییدا دەمێنێتەوە.

ئەعرەجی لە لێدوانێکدا ڕای گەیاند، پێوەندییەکانی نێوان واشنتن و تاران هێشتا بەدەست مێژوویەکی درێژ لە قەیران و ئەزموونەکانی پێشووەوە دەناڵێنێت، لە سەرووی هەموویانەوە دۆسیەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی و کشانەوەی ئەمەریکا لێی لە ساڵی 2018، کە ئەمەش گومانی ئێرانی لەبارەی بەردەوامیی پێگیرییە ئاییندەیییەکانی ئەمەریکا زیاتر کردووە.

ڕوونی کردەوە کە ئەمەریکاش لای خۆیەوە هێشتا بە نیگەرانییەوە دەڕوانێتە سیاسەتە هەرێمییەکان و بەرنامە سەربازییەکانی ئێران، ئەمەش وا دەکات هەر پێشکەوتنێک لە دانوستانەکاندا بەسترابێتەوە بە حیساباتی ئاڵۆزی ستراتیجی کە لە سنووری ئەو دۆسیانە تێدەپەڕێت کە خراونەتە سەر مێزی گفتوگۆ. ئاماژەی بەوەش دا کە باسکردن لە لێکنزیکبوونەوەی نێوان هەردوولا و گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی سەرەتایی، ئاماژەیەکی ئەرێنییە بۆ بوونی خواستێکی هاوبەش بۆ دوورکەوتنەوە لە هەڵکشان، بەڵام ئەمە بەو مانایە نایەت کە قەیرانەکە چووەتە قۆناغی کۆتاییەوە، بەتایبەتی کە چەندان دۆسیەی ناکۆکیی سەرەکی هێشتا یەکلا نەکراونەتەوە.

ئەعرەجی زیاتر گوتی، ئەم لێکتێگەیشتنانەی ئێستە لەوانەیە بەشێک بن لە هەنگاوی قۆناغ بە قۆناغ بۆ دروستکردنی متمانە و ڕەخساندنی کەشی سیاسی، نەک ڕێککەوتنێکی گشتگیری کۆتایی کە کۆتایی بە ساڵەها لە گرژی و ناکۆکی بهێنێت. باسی لەوەش کرد کە قبووڵکردنی چەند پێشنیازێکی ئێران لەلایەن واشنتنەوە، دەکرێت وەک هەوڵێک بۆ کۆنترۆڵکردنی گرژییەکان لە ناوچەی کەنداو و دوورکەوتنەوە لە سەرهەڵدانی قەیرانی نوێ لێک بدرێتەوە، ئەمەش لە پاڵ درککردنی ئەمەریکا بەوەی کە هەر ڕێککەوتنێکی بەردەوام پێویستی بە نەرمیینوواندنی سیاسی و سازشی هاوبەش هەیە.

دووپاتیشی کردەوە کە ئەو دۆسیانەی هێشتا ماون، لەوانە ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم، میکانیزمەکانی چاودێری و گەرەنتییە تەناهییەکانی پێوەست بە ئازادیی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز، ناکرێت تەنیا وەک پرسی تەکنیکی مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، چونکە ڕاستەوخۆ پێوەندییان بە چەمکەکانی ئاسایشی نەتەوەیی، بەرپەرچدانەوە و هەژموونی هەرێمیی هەردوولاوە هەیە.

لە کۆتاییدا ئەعرەجی دووپاتی کردەوە کە سەرکەوتنی دانوستانەکان پشت بە توانای هەردوولا دەبەستێت بۆ دۆزینەوەی هاوسەنگی لە نێوان داواکارییە سیاسی و تەناهییەکانیان، هەروەها دابینکردنی گەرەنتیی ڕاستەقینە بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی قەیرانەکانی ڕابردوو و دامەزراندنی لێکتێگەیشتنێکی سەقامگیرتر بۆ داهاتوو. ئەمەش لە کاتێکدایە پێوەندییەکانی ئەمەریکا و ئێران بۆ ماوەی زیاتر لە چوار دەیە گرژیی بەخۆوە بینیوە، سەرەڕای ڕێککەوتنی 2015، بەڵام کشانەوەی ئەمەریکا لە ساڵی 2018 متمانەی نێوانیانی لاواز کرد و قەیرانەکەی گەڕاندەوە خاڵی سفر.


وشە - پۆڵا مەحموود