لە ماوەی چوار ڕۆژی پشووی جەژندا، پارێزگای كەركووك ئامارێكی بەرزی لەدایكبوونی منداڵانی تۆمار كرد، كە تێیدا 274 منداڵ لە نەخۆشخانە حكوومییە جیاوازەكانی سنووری پارێزگاكە لە دایك بوون، بەڵام لە هەولێردا 183 منداڵ لە دایك بوون.
بەگوێرەی ئامارێكی فەرمیی فەرمانگەی تەندروستیی كەركووك كە ئەمڕۆ سێشەم دووی حوزەیرانی 2026 بڵاو كراوەتەوە، نەخۆشخانەی حەویجە بەرزترین ڕێژەی لەدایكبوونی بەخۆیەوە بینیوە، بەشێكیشیان تا ئێستە بۆ لەدایكبوون ناچنە نەخۆشخانە و بەشێوەیەكی سروشتی لە ماڵەوە لە بەردەستی ماماندا منداڵیان دەبێت.
بەپێی ئامارەكان، هەموو شارەكانی عێراق كە عەرەبی سوننی و شیعەیان زۆرتر بێت رێژەی لەدایكبوونی منداڵیان گەلێك بەرزە.
داتاكانی كەركووكیش دەردەخەن كە لەو ناوچانەی عەرەبنشینن، رێژەی لەدایكبوونی منداڵ زۆرترە تا ناوچەكان كورد و توركماننشینەكان.
نەخۆشخانەی حەویجە: 83 منداڵ، نەخۆشخانەی ژنان و منداڵان: 81 منداڵ، نەخۆشخانەی فێركاریی ئازادی: 60 منداڵ، نەخۆشخانەی گشتیی كەركووك: 40 منداڵ، نەخۆشخانەی داقووق: 10 منداڵ.
فەرمانگەی تەندروستیی كەركووك دووپاتی كردووەتەوە كە لە ماوەی پشووەكانی جەژندا، سەرجەم نەخۆشخانە و سەنتەرە پزیشكییەكانی سنوورەكە لە حاڵەتی ئامادەباشیی تەواودا بوون، بەبێ پچڕان بەردەوام بوون لە چارەسەركردنی نەخۆشان و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە فریاگوزارییەكان.
ئەوە لە كاتێكدایە بۆ پشووەكانی رۆژانی جەژن، لە هەولێردا تەنیا 183 منداڵ لە دایك بوون، رۆژانی پشووەكانی هەولێریش زیاتر بوون لە كەركووك.
نەخۆشخانەی لەدایكبوونی هەولێر بڵاوی كردەوە، لە رۆژانی پشووی جەژندا تەنیا 183 منداڵ لە دایك بوون، كە رەنگە بەشێكیش لەو منداڵانەی هەولێر لە دایك بوون، هەر عەرەب بن.
ئەو ئامارە دەریدەخات عەرەب لە عێراق لە هەموو نەتەوەكانی تر زیاتر منداڵ دەخەنەوە، لە داهاتووی وڵاتەكەش رێژەیان لە هەموو نەتەوەكانی تر زۆر زیاتر دەبێت.
ئەمە لە كاتێكدایە بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ژمارەی دانیشتووانی هەولێر زۆر زیاترە لە كەركووك.