سەرچاوەی سیاسی و ئابووری عێراق ئاشكرایان كرد، سیاسەتوانان و سەرمایەدارانی عێراق پارەی كاشی زۆریان لە كاتی جەنگی ئەمەریكا و ئیسرائیل دژی ئێران داوەتە ڕژێمی ئیسلامیی ئەو وڵاتە، ئەمە تەنیا لە بەخشینی پارەی كاشیش نەماوەتەوە، بگرە گرێبەستی حكوومی گەورە بە ئێران لە ڕێگەی كەسانی ڕووكەشەوە بە ئێران دراوە، كە كار بۆ بەرژەوەندییەكانی ئێران دەكات و تۆڕێكی گەورەی بەیەكەوە گرێ دراون.
سەرچاوەكان بۆ پێگەی "
حوڕە" دووپات لەوە دەكەنەوە، دوو ڕێگەی هاوتەریب بۆ پشتیوانیكردنی ئێران لە كاتی جەنگ لە عێراق بوونی هەبووە، یەكەمیان ڕەوانەكردنی پارەی كاش بووە لە سنوورەكانەوە، دووەمیشیان پێدانی گرێبەستی گەورەی حكوومی بووە بەو كەسانەی كە وەك ڕووكەش بێ كێشە دەردەكەون، بەڵام بوونەتە ڕووی پێشەوەی كۆمپانیا گەورەكانی ئێران و پارە و دراوسی قورسیان بۆ ڕەوانە كردوون.
تا ئێستەیش ئێران بە دەرچەیەكی سەرەكی سیاسی و ئابووری ئێران بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سزاكانی ئەمەریكا وەسف دەكرێت، بەڵام ئەوەی سەرچاوەكان لە چەند مانگی ڕابردوو باسی لێوە دەكەن، كۆمەكی دارایی عێراق بۆ ئێران گەیشتووەتە بەرزترین ئاست، لە ڕێگەی ئاڵوگۆڕی كاشی دۆلار و گرێبەستەكانی كەرتی كارەبا و بنیاتنان و بانكەكان ئەنجام دراوە، سەرجەم ئەو مامەڵانەیش بە ناوی هاووڵاتییانی عێراقی بووە، تا سوودمەندی ڕاستەقینە كە ئێرانە لەو هەڵمەتانە بشارێتەوە.
سەرچاوەیەكی عێراقی نزیك لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی و سەربە ئێران گوتی، تەنیا سەرمایەدارێكی عێراقی بڕی 200 ملیۆن دۆلاری بەخشییە ئێران لە كاتی جەنگ لە ماوەی 12 ڕۆژدا، دواتر ئەو سەرمایەدارە بوو بە بەرپرس لە دەوڵەتی عێراق و ئەو پیاوە خاوەنی گرێبەستی گەورەیە لەگەڵ دەوڵەتی عێراق و لە چەندان ساڵی ڕابردوو زۆرترین پڕۆژەی گەورەی حكوومەتی پێ دراوە، بە پشتیوانی هێزەكانی عێراقی سەربە ئێرانەوە.
سەرچاوەكان دەڵێن، بەشێك لەو پارە زەبەلاحە بە ڕێگەی وشكایی لە سنوورەوە بۆ ئێران دەپەڕێنرێتەوە، بەتایبەت لەو ناوچانەی كە میلیشیاكان تێیدا باڵادەستن و كەوتوونەتە سەر سنووری ئێرانەوە. بەشێكی تری پارەكەیش لە ڕێگەی سەركردەكانی سوپای پاسدارانەوە كە لە عێراق بوون بۆ ئێران گەڕێنراوەتەوە.
تایبەتمەندیی ئەو كەسایەتییانەی پارە دەبەخشن بۆ ئێران، لە كەسایەتییە شیعەكانی سەربە ئێران پێكدێن، بەڵام سەرچاوەكان دووپات لەوە دەكەنەوە، سەرمایەدارێكی سوننەیش كە خاوەنی یەكێك لە دیارترین هۆتێلەكانی بەغدایە، لە پشتی ئەو كارەوەیە و بە سەتان ملیۆن دۆلاری ئەمەریكی بۆ ئێران ڕەوانە دەكات.
سەرچاوەیەكی ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی گوتی، پیتاك و كۆمەكەكان لە ڕێگەی تەنیا كەناڵێكەوە كۆ ناكرێنەوە، بەڵكو بەشێوەی تاكەكەسی ئەنجام دەدرێن، بێ ئەوەی كەسانی بەخشەری پارە بە ئێران یەكتر بناسن و بزانرێت. وڵاتێكی ڕۆژئاوایی ناوی بەخشەرانی كۆمەك و پیتاكی بە ئێران بە بەغدا داوە، باڵوێزی وڵاتێكی ئەوروپایش بەو سەركردەیەی شیعەكانی ڕاگەیاندووە.
سەرچاوەیەكی سیاسیی عێراقی لەبارەی پێدانی پارە لەلایەن سوننەكانەوە بە ئێران دەڵێ، ئەمە بە هۆی ئایدۆلۆجیا و نزیكی بیركردنەوەیان لە یەكتر نەبووە، بگرە بۆ دەسكەوتنی هەژموون بووە، چونكە سەرمایەدارە سوننەكان بە دوای پێگە و هەژموون لە ناو بازنەی بڕیاری شیعەی فەرمانڕەوای عێراق دەگەڕێن.
پشتیوانیكردنی ئێران تەنیا بە ناردنی كاش بۆ ئەو وڵاتە نەبووە، بگرە پێش دوا هەڵبژاردنی عێراق كە بووە هۆی سەركەوتنی هاوپەیمانی "ئیعمار و تەمنییە"، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆكی ئەوكاتی حكوومەت دوو گرێبەستی زەبەلاحی كارەبای واژوو كردووە و بە كەسانی سەربە ئێرانی داوە. هەرچەندە لە ڕووكەش گرێبەستەكان لەگەڵ سەركردەیەكی دیاری حەشدی شەعبی و سەرمایەدارێكی عێراقی ناسراو بە پڕۆژەكانی لە كەرتی كارەبا ناسراوە.
ئەو كۆمپانیا و كەسایەتییانەی ئەو دوو گرێبەستەیان پێ درا، ڕاستییەكەی هیچ نین جیا لە ڕووكەشی كۆمپانیا گەورەكانی ئێران، تا ئەو كۆمپانیایانەی ئێران لە سزا و گەمارۆكانی ئەمەریكا ڕزگاریان ببێت.
ئەندامێكی نووسینگەی سەرۆكی پێشووی حكوومەت گوتی، گرێبەستەكان بۆ كۆمپانیای ڕوون و ڕاشكاو و تۆماركراو بەشێوەیەكی یاسایی پێیان دراوە، ئەگەر كەسانی تر لە پشتی ئەمەوە سوودمەند دەبن، ئەوا كاری دەسەڵاتی چاودێرییە لێپرسینەوە لەمە بكات.
گرووپی مەبنای ئێرانی بەگوێرەی سەرچاوەكان، نموونەیەكە لە هاتنی كۆمپانیاكانی ئێران بۆ بازاڕی عێراق لە كەرتە جیاجیاكانەوە، لە ڕووكەش هاتنی ئەو كۆمپانیایانە بۆ وەبەرهێنانە لە عێراق، بەڵام ڕاستییەكەی ئەو كۆمپانیایە دەستی ئێران لە ژێرخانی عێراق جێگیر دەكەن و بۆ ماوەیەكی درێژ دەمێننەوە.