بەشێك لە كارنامەی سەرۆك وەزیرەكانی عێراق لە ساڵی 2003 تا ئێستە بە گەلی عێراقیان داوە، بریتی بووە بە پێدانی زەوی بە هاووڵاتییان و فەرمانبەران، بەڵام تا ئێستە ئەو بەڵێنە جێبەجێ نەكراوە، بەڵام مەسروور بارزانی لە ساڵی 2024 بڕیاری دا راستەوخۆش جێبەجێی كرد.
ئەو بەڵێنەی لە 2003ـەوە هیچ سەرۆك حكوومەتێك لە عێراق جێبەجێی نەكردووە، مەسروور بارزانی بەكردار جێبەجێی كرد، لەگەڵ یەكەم خولی سەرۆك وەزیرانی ئیبراهیم جەعفەری رای گەیاند، زەوی بە فەرمانبەران و هاووڵاتییان دەدەین، بەڵام جێبەجێ نەكرا، دواتر نووری مالیكی لە خولی یەكەم و لە خولی دووەمیش هەمان بەڵێنی دا، بەڵام جێبەجێ نەكرا.
دوای ئەو حەیدەر عەبادی لە ساڵی 2014 لە كاتی وتاری دەستبەكاربوونی هەمان بەڵێنی بە خەڵكی عێراق و فەرمانبەران دا، تەنانەت رێنوێنی دابەشكردنەكەشی بڵاو كرایەوە، بەڵام ئەو دابەشكردنەی زەوی تا ئێستەیش تەنیا نووسراو بوو.
دواتر عادل عەبدولمەهدی و مستەفا كازمی كە دوو سەرۆك وەزیرانی عێراق بوون، هەمان بەڵێنیان دا هەرچەندە ماوی حوكمڕانییەكەیان كەم بوو، بەڵام ئەو بەڵێنەش لەلایەن ئەوانەوە جێبەجێ نەكرا.
محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە یەكەم كۆبوونەوەی هەفتەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، وەزارەتی شارەوانیی راسپارد كە زەوی لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵ دیاری بكەن بۆ فەرمانبەران، تا دوو ساڵی تر تەواوی فەرمانبەران زەوییان پێ بدرێت، بەڵام كابینەكەی كۆتایی هات و زەوییەكانیش دابەش نەكران، لە نوێترین بەڵێنیش عەلی زەیدی رای گەیاند، پارچە زەوی بەسەر تەواوی هاووڵاتییانی عێراق دابەش دەكرێت، نازانرێت ئەو بەڵێنەش تا چەند جێبەجێ دەكرێت.
كەرم قادر خاوەن نووسینگەیەكی شاری هەولێرە، بە گوتەی خۆی لە ساڵی 2000ەوە سەرقاڵی مامەڵەی كڕین و فرۆشتنی زەوییە دەڵێت، تا ئێستە بەخێرایی هێندە زەوی لە هەرێمی كوردستان بەسەر فەرمانبەران دابەش نەكراوە.
ئەو بۆ "وشە" دەڵێت، لە ساڵی 2003ـی تا ئەمڕۆ، هەر كەسێك لە بەغدا دەبێتە سەرۆك وەزیران، یەكێك لەو بەڵێنانەی كە بە خەڵكی عێراق، بە تایبەتیش بە فەرمانبەرانی دەدات، بابەتی دابەشكردنی زەوییە، كەچی تا ئەمڕۆ بەڵێنەكان جێبەجێ نەكراون، تەنیا میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بە هەڕەمەكی زەوییان داگیر كردووە و بە پارچە فرۆشتوویانەتەوە، ئەگەرنا هیچ فەرمانبەرێك لە عێراق زەویی پێ نەدراوە.
هەرچی شارەزایەكی ئابوورییە دەڵێت، بەهۆی ئەوەی بەڵێنەكە زۆرجار دراوە و جێبەجێ نەكراوە، ئەو فەرمانبەرانەی كاتی خۆی چاوەڕێی وەرگرتنی زەوی بوون، ئێستە پیر بوون و بە بیستنی ئەم بەڵێنە پێدەكەنن و بە كورتییەكەی فشەیان پێ دێت.
ئەحمەد باڵەكی مامۆستای زانكۆ و شارەزای ئابووری دەڵێت، لە ماوەی 23 ساڵی رابردوو ئەمە جگە لەوەی سەرجەم حكوومەتەكانی بەغدا بەڵێنی چارەسەركردنی كێشەی كارەبا و ئاو و دەیان كێشەی تریان بە خەڵكی عێراق داوە، كەچی هیچیان چارەسەر نەكردووە.
باس لەوەش دەكات، مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، تەنیا لە كابینەی نۆی حكوومەتدا بەڵێنی بە مووچەخۆرانی كوردستان دا كە زەوییان پێ بدات، ئەو كاتەیشی بەڵێنەكەی دا، زۆر لە حزبەكان بە خەڵكیان دەگوت ئەم بەڵێنە مەحاڵە جێبەجێ بكرێت، بەڵام ئەوەتا خۆشبەختانە پرۆسەی دابەشكردنی زەوی دەستی پێ كردووە و تا ئێستە سەرووی 220 هەزار فەرمانبەر زەوییان وەرگرتووە و پرۆسەكەش بەردەوامە، بە دڵنیاییەوە تا یەك فەرمانبەر مابێت كە ناوی هەبێت بۆ وەرگرتنی زەوی، پرۆسەكە ڕاناوەستێت.
27ی ئایاری ساڵی 2024 مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، بڕیاری دا زەوی بەسەر فەرمانبەرانی كوردستان دابەش بكرێت كە لە رابردوودا سوودمەند نەبوون، قۆناغی یەكەمی پرۆسەكە لە زاخۆ و گەرمیانەوە دەستی پێ كرد، دواتر هەولێر و سلێمانی گرتەوە كە هەر پارچە زەوییەك 200 مەترە.