ماوەی زیاتر لە مانگێكە ڕەسوول شاسواری، سەردانی بنكەیەكی بانكی "میلی" لە شاری جوانڕۆی ڕۆژئاوای ئێران دەكات و دەیەوێ چارەنووسی ئەو پارەیە بزانێت كە لەسەر هەژمارە بانكییەكەی بووە و دواتر لە ناكاو هیچی نەماوە، هەرچەند جاریش سەردانی بانكەكەی كردووە، یەك جۆر وەڵامی دەست كەوتووە، ئەویش بریتییە لەوەی هەژمارە بانكییەكەت هاككراوە و پارەكەت نەماوە.
رەسووڵ شاسواری جووتیارێكی خەڵكی ئێرانە و لەسەر هەژمارە بانكییەكەی 180 ملیۆن تمەنی ئێرانی كە دەكاتە نزیكەی هەزار دۆلاری ئەمەریكی هەبووە، بۆ "حوڕە" قسەی كردووه و دەڵێ، ئەمە تاكە داهاتی ئەمساڵی بوو كە لە ڕێگەی هەناردەكردنی بەروبوومی كشتوكاڵی زستانە و بەهارە ڕەوانەی عێراقی كردووە.
شاسواری تا ئێستەیش نازانێ لە سێی ئایار/مایۆ چی ڕووی دا، كاتێك هەوڵی كڕینی پێویستییە ڕۆژانەییەكانی خۆی بۆ ماڵەوە بووە، شكستی هێناوە لە پێدانی پارەی ئەو كەلوپەلانەی كڕیویەتی، لە ڕێی كارتە بانكییەكەیەوە، بۆیە دەسبەجێ پێوەندی بە بانك كردووە و سەرەتا پێیان ڕاگەیاندووە كە كێشەیەك لە هەژمارەكەی بوونی هەیە و دوای سەردانیكردنی بنكەی بانكی میلی پێیان ڕاگەیاندووە، سەرجەم پارەكانی سەر هەژمارەكەی دزراوە و ئەمەیش تەنیا ئەكاونتی ئەو نییە، بەڵكو ژمارەیەكی زۆری خەڵك تووشی ئەو گرفتە بوون، لە كاتێكدا زۆرینەی خەڵكی وڵاتەكە پشت بە پارەدان لە ڕێگەی كارتی بانكییەوە بۆ مامەڵەكانی ڕۆژانەیان دەبەستن.
دوو هەفتە بەر لە ئێستە ئاژانسی فەرمی هەواڵی
ئێران "ئێرنا" لە 20ی نیسان/ئەپریل لە زاری مەسعوود باشامچی جێگری سەرۆكی بەشی سیستمی پارەدانی ئەلیكترۆنی و تەكنەلۆجیای نوێ لە بانكی مەركەزی ئێران گوتی، بانكی سوپا و میلی ڕووبەڕووی هێرشی ئەلیكترۆنی و مادی لەلایەن دوژمنەوە بوونەتەوە و بەرپرسان توانیویانە بە خێرایی كێشەكە چارەسەر بكەن.
گێڕانەوەی ئەو چیرۆكە لەلایەن بانكەوە دڵنیایی بە رەسووڵ شاسواری و زیانبەركەوتووانی تر نەداوە، نەمانی پارەی لەسەر هەژماری بانكی كرێكار و جووتیاران لە وڵاتێك كە جەنگ وێرانی كردووە و سزاكان ئابوورییەكەی خنكاندووە و هەڵئاوسان لە بەرزبوونەوەدایە، مەترسی ئەوەی دروست كردووە كە ئەو گرفتە بۆ تەنگژەیەكی تەناهی و ئامرازێكی سزادانی دارایی ئێران بێت، یان پارەداركردنی حكوومەت بێ لە ژێر ناونیشانی هاككردن لەلایەن دوژمنەوە.
كامیار رەحمانی كارمەندی نانەواخانەیەكە لە شاری مەریوان دەڵێ، بەهەمانشێوە هەژماری بانكییەكەم لە بانكی میلی ڕووبەڕووی دزی بووەتەوە، نزیكەی 16 ملیۆن تمەن لەسەر هەژمارەكەم هەبوو كە دەكاتە نزیكەی 75 دۆلاری ئەمەریكی، كە ئەو بڕە ماوەیە بوو لە مووچەكەی تا كۆتایی مانگ پێی بژین، بەڵام بڕەكە لە ناكاو دیار نەما و چەندان جار سەردانی بانكم كردووە و پێیان ڕاگەیاندووم، بابەتەكە لە دەرەوەی ئیرادەی ئەوانە و هەژمارە دزراوەكان لەلایەن هاككەرە ئیسرائیلییەكانەوە براوە.
زیاتر گوتی، بانك پێی ڕاگەیاندوون كە هەژمارەكانیان ڕووبەڕووی هاككردن دەبێتەوە، بەهۆی ئەوەی وڵات لە دۆخی جەنگدایە، رەحمانی و خەڵكانی تریش گومانیان لەو چیرۆكە هەیە و لەو باوەڕەدان ئەمە بەشێكە لە تۆڕێكی گەندەڵیی ناڕاگەیەنراو كە لایەنی تەناهی لە پشتییەوەن و هەڵمەتی كۆكردنەوەی پشتیوانی داراییە بۆ سوپای پاسداران لە كاتی جەنگ.
تا ئێستە بەڵگەی ڕوون بەردەست نییە كە ئەو تۆمەت و گرفتە بسەلمێنێت هەڵمەتی هاككردنی ئەكاونتی بانكی لە دەرەوە دژی ئێران ئەنجام درابێت، بۆیە گومانەكان و بێ متمانەیی لە نێوان هاووڵاتییانی ئێران و حكوومەت زۆر زیاتر بووە، بەتایبەت لەگەڵ فراوانبوونی هەڵمەتی تەناهی و دادوەری بۆ دەستگرتن بەسەر سامان و موڵكی خەڵك، بە تۆمەتی هاریكاریكردن لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمەریكا یان لەگەڵ میدیا و ڕێكخراوی دوژمن.
چالاكان و بەرهەڵستكاران دەڵێن، دەسەڵاتدارانی ئێران لە دوای جەنگەوە دەستیان بە هەڵمەتێكی گەورەی سیاسی و تەناهی كردووە، ئەوانەی لە دەسەڵات نزیكن و پارە بە پاسداران و بەسیج دەبەخشن لە هەموو كێشەیەك بە دوورن، لە بەرانبەردا خەڵكانی تر بە تۆمەتی دژایەتیكردنی شۆڕشی ئیسلامی و خۆپێشاندەر و چالاك و ڕۆژنامەوان و بەرهەڵستكار دەگرن، ژمارەیەك تۆمەتی جیاجیایان بۆ هەڵدەبەستن و دەست بەسەر موڵك و سامانەكانیان دەگرن.
هێرش پالانی ئەندامی دەستەی دیپلۆماسی دەرەوە لە پارتی دیموكراتی كوردستانی ئێران دەڵێ، دەسەڵاتدارانی ڕژیم لە چەند هەفتەی ڕابردوودا سامان و موڵكی ژمارەیەكی زۆر خەڵكیان بە تۆمەتی هاریكاری لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمەریكا دەست بەسەردا گرتووە، ئەو ڕێوشوێنانە پسپۆرانی زانكۆ و وەرزشكاران و ڕۆژنامەوانان و كەسانی چاكسازیخوازی لە نەتەوە جیاجیاكانی ئێرانی خستووەتە گرتووخانەوە.
ئامانجی سەرەكی لەو هەڵمەتە، سووككردنی ئەو تەنگژە دارایییە قورسەیە كە ڕژێم ڕووبەڕووی بووەتەوە، سەرچاوەكان دووپات لەوە دەكەنەوە كە دەسەڵات پێویستی بە پارە و سامانە و ئەوەی لە بەردەستیەتی، بەس نییە بۆ دووبارە دروستكردنەوەی كارگەكانی دروستكردنی چەك و مووشەك و درۆن كە لە ئەنجامی بۆردمانەكان سەرجەمیان وێران كراون.
فەرزین كەرباسی شرۆڤەكاری سیاسیی كوردی خەڵكی ئێران دەڵێ، ماڵباتەكەی ماوەی زیاتر لە 47 ساڵە بە دەست سیاسەتی دەستگرتن بەسەر موڵك و سامانەكەیان لەلایەن ڕژێمەوە دەناڵێنن. هۆكاری ئەمەیش بۆ بەرهەڵستیكردنی ڕژێمە لەلایەن ماڵباتەكەی و بوونی چەند ئەندامێكی خێزانەكەمانە لە دەرەوەی ئێران.
ئەمە لە كاتێكدایە پێشتر ڕێكخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی سەركۆنەی هەڵمەتی ڕەشبگیریی بەرهەڵستكارانی لەلایەن ڕژێمەوە كرد و دژی دەستگرتن بەسەر موڵك و سامانی خەڵكی بە تۆمەتی هاریكاریكردنی "دوژمن" وەستایەوە. لە مانگی ئادار/مارسەوە ڕژێمی ئێران سیستمێكی ئەلیكترۆنی بە "سهام" داناوە كە موڵك و سامانی دەستبەسەردا گرتووی تێدا كۆ دەكرێتەوە، لەو كاتەیشەوە تا ئێستە 750 كەس بە تۆمەتی هاریكاریكردنی "دوژمن" گیراون و دەست بەسەر موڵك و سامانەكانیان گیراوە.