سەنام ڤەكیل بەڕێوەبەری پرۆگرامی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقا لە پەیمانگەی چاتام هاوس، وتارێكی لە ڕۆژنامەی "
گاردیان" بڵاو كردووەتەوە و باس لەوە دەكات، چوار كۆسپی گەورە لە بەردەم گەیشتنە ڕێككەوتنی ئاشتی هەمیشەیی لە نێوان ئەمەریكا و ئێران هەن، خۆ دەرخستنی هەردوولایش بەوەی سەركەوتن دروست نییە و بگرە هەردوولا شكستیان خواردووە و ئاگربەستیش تەنیا هەوڵێكە بۆ ڕێگرتن لە ڕووبەڕووبوونەوەی سەرانسەری لە نێوان هەردوو وڵات.
لە وتارەكەدا هاتووە، دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە هەشتی نیسان/ئەپریلی ڕابردووەوە، ئەم هەفتەیە گرژیی نوێ لە نێوان هەردوولا دەستیان پێ كردەوە، ئەمەریكا و ئێران جارێكی تر بۆردمانی یەكتر دەكەن و تاران ڕۆژانە مووشەك و درۆن ئاراستەی كوێت و بەحرێن دەكات، لە تەك ئەمەیشدا ئیسرائیل هێرش و بۆردمانەكانی بۆ سەر حزبوڵا لە لبنان چڕ كردووەتەوە.
زیادبوونی گرژییەكان كە لە مانگی ڕابردوو ڕوویان دا، بە خێرایی توانرا كپ بكرێتەوە و هەردوولا هەوڵ دەدەن كە هاوسەنگی لە نێوان ڕووبەڕووبوونەوەی سەرانسەری و نەگەیشتن بە ڕێككەوتنی ئاشتی بپارێزن، بەڵام لەگەڵ بەردەوامبوونی ئاگربەست و هێرشی پچڕپچڕ بۆ سەر یەكتر، ئەمە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو كارەساتێكی گەورە ئاراستە دەكات و لێكەوتی ئابووری و سیاسی گەورەی لێ دەكەوێتەوە.
لە بەشێكی تری وتارەكەی ڤەكیلدا باسی كۆسپە سەرەكییەكانی بەردەم گەیشتنە ڕێككەوتنی ئاشتی لە نێوان هەردوولا كردووە، یەكەم و گرنگترین كۆسپ بە نەبوونی متمانە بە یەكتر ناو دەبات، ئێران بە هیچ شێوەیەك متمانەی بە توانای ترەمپ لە گەیشتنە ڕێككەوتن و پابەندبوون بە ڕێككەوتنەكە نییە، ئەمەیش تەنیا ترس نییە لەوەی واشنتن دووبارە لە ڕێككەوتن بكشێتەوە، بەڵام ترس لە گۆڕانی مەرجەكانی گەیشتنە ڕێككەوتن، ئەمەریكا دەیەوێ كۆتوبەند بسەپێنێتە سەر بەرنامەی ناوكی و مووشەكی و سیاسەتی ئێران لە ناوچەكە، ئێرانیش دەیەوێ سازشی سیاسی ڕانەگەیەنراو و گەرەنتی پاراستنی ئاسایشی وڵاتەكەی بكات.
بەربەست و كۆسپی دووەم بریتییە لە نەبوونی پێوەندی و گفتوگۆی چالاك، لە دوای دانیشتنی ڕاستەوخۆی شاندی هەردوو وڵات لە ئیسلام ئاباد لە نیسان/ئەپریلی ڕابردوو، بە سەرۆكایەتی جەی دی ڤانسی جێگری سەرۆكی ئەمەریكا و محەمەد باقر قالیباف سەرۆكی پەرلەمانی ئێران، هەردوولا نەیانتوانی كەناڵی پێوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ یەكتر بكەنەوە و بتوانن پێوەندییە ڕاستەوخۆكان بۆ پێشڤەچوونی سیاسی و گەیشتنە چارەسەری مامناوەند بگۆڕنەوە، ئێستە لەبری ئەوە دانوستانەكان بە پەیامگۆڕینەوە لە رێگەی وڵاتانی ناوەندگیرەوە ئەنجام دەدرێت.
سێیەم كۆسپ بریتییە لە بوونی بۆشایی لە پێویستییەكانی هەردوولا، لەلایەكەوە ئێران وردەكاری و پابەندبوونی بە ڕێككەوتنەكان دەوێ، بۆ نموونە دیاریكردنی سزاكان و هەڵگرتنی لەسەر ئێران و وادەی ئازادكردنی پارە بلۆككراوەكان و میكانیزم و گەرەنتی پابەندبوون بە ڕیككەوتنەكە و پەشیمان نەبوونەوەی ئەمەریكا لێی.
لە بەرانبەردا ترەمپ دەیەوێ یاداشتێكی لێكگەیشتن بۆ گەیشتنە ڕێككەوتن بە خێرایی و بە كەمترین سازش بۆ ئێرانی دەست بكەوێت، بە فەرمی ڕای بگەیەنێت و وەك دەسكەوتێكی مێژوویی ناوی ببات، واتە لەلایەكەوە ئێران بە دوای گەرەنتییەوەیە و لایەنی دووەمیش كە ئەمەریكایە بە دوای سەركەوتنی میدیاییە بەسەر ئێران.
كۆسپی چوارەم بریتییە لە سیاسەتی ناوخۆ، هەر ڕێككەوتنێك لە نێوان ئێران و ئەمەریكا بۆ هەردوو وڵات كارەساتبارە، هەر ڕێككەوتنێك كە لە ڕێككەوتنی پێشوو باشتر نەبێت، لە ناوخۆی ئەمەریكا ناڕەزایی گەورە و بەرهەڵستی كۆمارییەكان و دیموكراتەكان بە دوای خۆیدا دەهێنێت و سەرئێشەیەكی گەورە بۆ حكوومەتی دۆنالد ترەمپ دروست دەكات، لەلایەن تارانیشەوە هەر سازشكردنێك بێ گەرەنتی ڕژد و هەڵگرتنی سزاكان، بۆ نەوەی نوێی سەركردەكانی ڕژێمی ئێران جۆرێك لە خۆڕادەستكردنە. كێشەی ڕاستەقینەیش ئەوەیە كە هەردوولا خواستی سەركەوتنیان هەیە و وا هەست دەكەن كات لە بەرژەوەندیاندایە.
ئێران لەو باوەڕەدایە كە سەركەوتوو بووە لە گوشاری هاوبەشی ئەمەریكا و ئیسرائیل و سەركردایەتیی ئێران هەست بە بوێری دەكات، چونكە دەوڵەت هەرەسی نەهێنا و ڕژێم پەیكەری سەركردایەتیكردنی ماوەتەوە و هەژموونی تەواوەتیشی بەسەر گەرووی هورمزدا سەپاندووە، تاران وای دەبینێت كە واشنتن پێویستی زۆری بە كەمكردنەوەی گرژییەكانە، چونكە زیادبوونی گرژییەكان نرخی بەنزین لە ئەمەریكا زیاد دەكات و هەڵئاوسان لە دنیا بەرزتر دەكاتەوە، ئەمەیش لەگەڵ نزیكبوونەوە لە هەڵبژاردنی نیوەیی ئەمەریكا گرفتێكی گەورە بۆ ترەمپ دروست دەكات.
ئەمەریكا بە جۆرێكی تر لە دۆخەكە دەڕوانێت و لەو باوەڕەدایە كە هێزی سەربازی باڵادەستی خۆی نمایش كردووە، گرووپە بریكارەكانی ئێران لە وڵاتانی ناوچەكە پاشەكشەیان كردووە و توانای كۆماری ئیسلامیی ئێرانیش لە وەڵامدانەوە بە تەواوی هەرەسی هێناوە و ئابوورییەكەی لە ژێر گوشارێكی زۆر قورسدایە، واشنتن گریمانەی ئەوە دەكات كە دواجار تاران دەیەوێ بگاتە ڕێككەوتن، چونكە جێگرەوەی ڕێككەوتن گۆشەگیریی زیاتر و سزا و گەمارۆی زۆرتر و هەرەسی ئابووری و لاوازبوونی زیاترە لە ڕووی سەربازییەوە.
راستییەكەی هەردوولا شكستخواردوون، ئەمەریكا رووبەڕووی شكستێكی ستراتیجی و سیاسی و ئابووری گەورە بووە، هەر ڕێككەوتنێكی ئاگربەست بە دووبارە دەستكردنەوە بە توندوتیژی كۆتایی دێت، بازاڕی وزە و هاوبەشانی ئەمەریكا لە ترس و دڵەڕاوكێدان، بۆ ئێرانیش مانەوە سەركەوتن نییە، لە ناوخۆ ئابوورییەكی زۆر لاواز و سەركردایەتییەكی ناڕێكخراو بوونی هەیە، ڕێژەی هەڵئاوسان گەیشتووەتە 77% و نرخی تمەنی ئێرانیش بەرانبەر بە دۆلار بەردەوام ڕووی لە هەرەسدایە.