ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمەریكی، ڕاپۆرتێكی بنكۆڵكاری لەبارەی بەكارهێنانی بۆمبی فۆسفۆری سپی لەلایەن ئیسرائیلەوە لە ناوچە چۆڵكراوەكانی باشووری لبنان بڵاو كردووەتەوە و دووپات لەوە دەكاتەوە، سەرجەم بەڵگەكان لە وێنە و ڤیدیۆكان ئەوە پشتڕاست دەكەنەوە و دەیسەلمێنن.
بەگوێرەی
لیكۆڵینەوەكە ئەو وێنانەی لە 30 ئایار/مایۆی لە شاری نەبتییە گیراون، تیێدا دووكەڵی لە ئاسمانی ئەو ناوچەیە بەرز دەبێتەوە و تایبەتمەندی دووكەڵەكە زۆر لە دووكەڵی پاش تەقینی بۆمبی فۆسفۆری سپی دەچێت، ئەمەیش دوای ئەوەی كە هێزەكانی ئیسرائیل دەستیان بەسەر ناوچەی قەڵای شەقیف لەو وڵاتەدا گرت.
نیویۆرك تایمز نووسیویەتی، گرتەی ڤیدیۆیی تر كە لە نزیك شاری "سور"ی كەناراوەكان و دەوروبەری شارەدێی قەلیعە و خیام و یوحەمر لە ماوەی مانگی ڕابردوو، لەگەڵ بەردەوامی پێكدادانەكانی ئیسرائیل و چەكدارانی حزبوڵا دووپات لەو زانیارییانە دەكەنەوە كە ئیسرائیل بۆمبی فۆسفۆری سپیی بەكار هێناوە.
فۆسفۆری سپی مادەیەكە خۆكارانە ئاگر دەگرێ لەو كاتەی لە هەوا بڵاو دەبێتەوە و كوژاندنەوەی ئاگرەكەیشی كارێكی قورسە، لە ڕووی سەربازییەوە بۆ دروستكردنی دووكەڵ و ئاگر بەر لە دەستپێكردنی ئۆپراسیۆنی وشكایی لەو ناوچانەی دوژمنی لێیە بەكار دەهێنرێت.
بەكارهێنانی فۆسفۆری سپی لە جەنگ بەگوێرەی یاسای نێودەوڵەتی بە ڕەهایی قەدەغەكراو نییە، بەڵام بەكارهێنانی بە ئەنقەست دژ بەو ناوچانەی خەڵكی سڤیلی لێیە، جۆرێكە لە سەرپێچكردنی یاسای جەنگ، هەرچەندە ئیسرائیل بەكارهێنانی ئەو مادەیە لە باشووری لبنان رەت دەكاتەوە و كارێكی لەمشێوەیەیش بە پێشێلكردنی یاسای نێودەوڵەتی ناو دەبات.
میدیاكانی ئەو وڵاتە ڕاگەیەنراوێكی سوپای ئیسرائیلیان بڵاو كردەوە كە ئاماژەی داوە، ڕێوشوێنە ناوخۆییەكان ئەوە دووپات دەكەنەوە كە نابێ بە هیچ شێوەیەك ئەمجۆرە بۆمبانە لەو ناوچانەی خەڵكی سڤیل تێیدا نیشتەجێن بەكار بهێنرێت، تەنیا لە حاڵەتی تایبەت و جیاواز نەبێت، ئەمەیش بەگوێرەی ڕێكارەكانە كە لە یاسای نێودەوڵەتیدا هاتووە.
ڕۆژنامەكە نووسیویەتی، ئیسرائیل تۆپهاوێژی ئەمەریكی جۆری ئێم 825 ئەی یەكی عەیار 155 ملیمەتر بەكار دەهێنێت، ئەو تۆپ و بۆمبانەی بەو تۆپهاوێژەیش دەیهاوێژێت، پارچەی زۆر هاوشێوەی فۆسفۆری سپییان لێ دەكەوێتەوە، كە تایبەت دروستكراوە تا دووكەڵێكی چڕ بۆ ماوەیەكی كاتی دروست بكات، ئەو بۆمبانە لە ئاسمان دەتەقنەوە و دووكەڵ لە ناوچەیەكی فراوان بڵاو دەكەنەوە.
بەگوێرەی هەڵسەنگاندنی پسپۆران، ئەو بۆمبانە لەلایەن میدیاكارانەوە هەستی پێ كراوە و لە میدیاكان و تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی بە چڕی باسی لێوە دەكرێت، ئەمەیش لە كاتێكدایە كە ئەزموون لەسەر بەكارهێنانی ئەو جۆرە بۆمبە لەلایەن ئیسرائیلەوە هەیە و پێشتریش لە غەزە و لبنان بەكاری هێناوە، ناڕەزایی توندی ڕێكخراوی هیومان ڕایتس وۆچی لێ كەوتووەتەوە.
ئەحمەد بەیزوون توێژەری سەربەخۆی لبنانی دەڵێ، زیاتر لە 200 حاڵەتی بەكارهێنانی فۆسفۆری سپی لەلایەن ئیسرائیلەوە لە لبنان لە ماوەی هێرشەكانی حەوتی تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەری 2023 تۆمار كردووە، لەو كاتە حكوومەتی لبنان چوار پەیامی ئاراستەی نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەسەر ئەو دۆسیەیە كردووە، نیگەرانیی زۆری بەكارهێنانی بۆمبی فۆسفۆری سپی لەلایەن ئیسرائیلەوە لە لبنان دەربڕیوە.
ڕێكخراوی تەندروستی دنیا لەوبارەیەوە ڕێنوێنی و هۆشداریی بڵاو ،كردووەتەوە و ئاماژەی داوە بەركەوتنی فۆسفۆری سپی بە پێستی مرۆڤ دەبێتە سووتانی خێرایی جەسته، هاوكات بڵاوبوونەوەی دووكەڵی ئەو مادەیە لە كەشوهەوا دەبێتە هۆی زیانی گەورە بە كۆئەندامی هەناسەدان و چاوەكان لەو كاتەی هەوای تێكەڵاو بە دووكەڵی ئەو مادەیە لەلایەن مرۆڤەوە هەڵبمژرێت.
بۆنی دوكیەرتی ڕاوێژكاری تایبەت بە چەك لە ڕێكخراوی هیومان رایتس وۆچ دەڵێ، بەركەوتنی دووكەڵی ئەو مادەیە زیانەكان لە جەستەی مرۆڤ تا سەر ئێسك قووڵ دەكات، پاشماوەكانی ئەو مادەیە لە جەستە دەمێننەوە تەنانەت دوای ئەوەی چارەسەری سووتاوی جەستەیش بەهۆی ئەو مادەیەوە دەكرێت.
ڕۆژی دووی ئادار/مارس دوو ڕۆژ دوای هێرشی ئهمهریكا و ئیسرائیل بۆ سهر ئێران و كوشتنی عهلی خامنهیی ڕێبهری پێشووی كۆماری ئیسلامی ئێران، حزبوڵای لبنان كه گرووپێكی چهكداری سهر به ئێران دهستی به هێرشكردنه سهر ئیسرائیل كرد، له بهرانبهردا ئیسرائیل به مووشهك و درۆن و بۆردمانی ئاسمانی و هێرشی زهمینی وهڵامی حزبوڵای دایهوه و هێزهكانی ڕهوانهی قووڵایی خاكی باشووری لبنان كرد. سهرهڕای ئهوهی چهندان جار شاندی حكوومهتی لبنان و ئیسرائیل به ناوهندگیری ئهمهریكا له واشنتن دانیشتوون و ئاگربهستیان ڕاگهیاندووه، بهڵام حزبوڵا پابهندی ئاگربهست نابێ و ئیسرائیلیش به ههموو توانای خۆیهوه ڕووبهڕووی ئهو گرووپه چهكداره دهبێتهوه، له ئهنجامی شهڕ و پێكدادانهكانیش تا ئێسته زیاتر له دوو ههزار كهس كوژراون و سهدان ههزار هاووڵاتی لبنانیش ئاوارهبوون و زێدی خۆیان جێهێشتووه.