میدیاكانی ئەمەریكا و بەریتانیا دووپات لەوە دەكەنەوە، هێرشە مووشەكییەكان كە ئێران ئاراستەی ئیسرائیلی كرد لە وەڵامی بۆردمانكردنی بەیرووت لەلایەن ئیسرائیلەوە، هەڕەشەیەكی گەورەن بۆ دووبارە دەستپێكردنەوە بە
شەڕ لە نێوان هەردوولا، ئەمەیش لە كاتێكدایە لە هەشتی نیسان/ئەپریلی ڕابردوو ئاگری شەڕ دامركایەوە و تا ئێستە بەو ئاستە گرژییەكان بەرز نەبووەتەوە.
ڕۆژنامەی وۆل ستریت جۆرنالی ئەمەریكی بڵاوی كردووەتەوە، بۆردمانەكانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل شەوی ڕابردوو، یەكەمجارە كە ئێران لە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست ئیسرائیل بۆردمان دەكاتەوە، ئەو پێشهاتەیش ئاماژە و هەڕەشەیەكی ڕوونە بە دووبارە دروستبوونەوەی شەڕ و پێكدادان لە ناوچەكە.
لەلایەكی ترەوە ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمز نووسیویەتی، بۆردمانەكەی ئێران تارمایی گەڕانەوەی ململانێ و جەنگی كراوەی لە نێوان ئێران و ئیسرائیل گەڕاندووەتەوە، هەڕەشەیەكی ڕژدیشە بۆ سەر ڕێڕەوی دانوستانەكان و گەیشتن بە ڕێككەوتن لە نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و كۆماری ئیسلامیی ئێران.
بەڵام ڕۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمەریكی نووسیویەتی، هێرشەكەی ئێران هەنگاوێكە بۆ دروستكردنی كۆسپ و ئاڵۆزی زیاتر لە بەردەم گەیشتە ڕێككەوتنی ئاشتی و كۆتاهێنان بە جەنگ و ململانێكان لەگەڵ ئێران، كە ماوەی 100 ڕۆژە بەردەوامی هەیە و كاریگەریی گەورەی لەسەر تەواوی وڵاتانی دنیا داناوە.
ئاماژەی داوە، لە كاتێكدا زانیارییەكان دووپات لە نزیكبوونەوەی واشنتن و تاران بۆ گەیشتنە ڕێككەوتن دەكەنەوە، ئەو گرژییانە كاریگەریی گەورە و لێكەوتی سەربازی و سیاسییان بەسەر ناوچەكە دەبێت و پرۆسەی یەكلاكردنەوەی ناكۆكییەكان لە نێوان ئەمەریكا و ئێران زیاتر دوا دەخەن، گرژییەكانی ناوچەكەیش بەو ئاسانییە كۆتاییان نایەت.
كاردانەوەكانی ئەمەریكا بەرانبەر بۆردمانەكەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل زۆر ساردە و واشنتن نایەوێ دەرفەتی گەیشتنە ڕێككەوتن لە دەست بدات، بۆیە دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا وەك پێگەی ئەكسیۆس بڵاوی كردووەتەوە، پێوەندیی بە بنیامین نەتەنیاهۆی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل كردووە و پێی ڕاگەیاندووە، وەڵامی هێرشە مووشەكییەكەی ئێران نەدەنەوە و كاتی زیاتر بە دانوستانەكان بدەن، بەرپرسێكی ئەمەریكی و ئیسرائیلی دووپاتیان لەو زانیارییانە كردووەتەوە.
ترەمپ هەوڵی ڕێگرتنی لە وەڵامدانەوەی ئیسرائیل بەرانبەر بە هێرشە مووشەكییەكەی دا و حكوومەتەكەی دەیەوێ گرژییەكانی نێوان ئیسرائیل و ئێران كەم بكاتەوە، بۆ ئەوەی نەبنە كۆسپ و تەگەرە لە بەردەم دانوستان و گفتوگۆكانی گەیشتنە ڕێككەوتن لەگەڵ تاران، بەر لە پێوەندی تەلەفۆنیشی بۆ نەتەنیاهۆ، دۆناڵد ترەمپ ئاشكرای كرد، كە دەیەوێ ئیسرائیل وەڵامی هێرشە مووشەكییەكەی ئێران نەداوە، لە بەرانبەر ئەو بۆردمانانەی كە ئیسرائیل كردییە سەر بەیرووتی پایتەختی لبنان.
لە لێدوانی بۆ میدیاكان سەرۆكی ترەمپ دووپاتی لەو هەوڵدان بۆ ئارامكردنەوەی دۆخەكە كردەوە و بۆ فۆكس نیوزی ئەمەریكی گوتی، ئەوەی من بۆ ئێران پێشنیازی دەكەم، ئێوە مووشەكی خۆتان تەقاند و ئیتر بەسە و بگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستانەكان تا بگەین بە ڕێككەوتن.
لەلایەكی ترەوە سەرۆكی ئەمەریكا لە لێدوانی بۆ ڕۆژنامەی "فاینەنشاڵ تایمز"ی بەریتانی گوتی، ئەو خۆی مەرجەكانی جەنگ بۆ نەتەنیاهۆ دادەنێت و من خاوەن بڕیاری كۆتاییم نەك نەتەنیاهۆ. هێمای بۆ ئەوەیش كرد، بۆردمانەكانی ئەمدواییەی ئیسرائیل بۆ سەر بنكەكانی حزبوڵا لە لبنان، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەمەریكا نەبووە، سەرەڕای ئەوەی بەرپرسانی ئەمەریكا چەند هەفتەیەكە دووپات لەوە دەكەنەوە، ئەمەریكا بە ئیسرائیلی ڕاگەیاندووە كە مافی بەرگریكردن لە خۆی هەیە، دژی ئەو هێرشانەی كە بریكارەكانی ئێران لە ناوچەكە دەیكەنە سەر ئیسرائیل.
لە چاوپێكەوتنێكی تری لە تۆڕی ئێن بی سی نیوزدا دۆناڵد ترەمپ گوتی، پشتیوانیی گورزی ئازاربەخش و برینداركەر لە دژی حزبوڵای لبنانی دەكات، لەوكاتەی هەفتەی ڕابردوو نەتەنیاهۆی ئاگادار كردەوە كە قبووڵی هێرشی فراوان بۆ سەر بەیرووتی پایتەختی لبنان ناكات.
سەرەڕای ئەو دژیەكی و ناكۆكییانە لە هەڵوێست و بۆچوونەكانی سەرۆكی ئەمەریكا، بەڵام سەرچاوەكان دووپات لەوە دەكەنەوە، بۆردمان و وەڵامدانەوەی ئیسرائیل و ئێران، هەڵگیرسانەوەی شەڕی فراوان بەهێز دەكاتەوە و هەڕەشەیش لەسەر دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست دەكاتەوە، ناكۆكییەكان قووڵتر و ئەگەری گەیشتنە چارەسەر دواتر دەخات.