جەنگی دژ بە ئێران چۆن كاریگەریی لەسەر گیرفانی هاووڵاتییانی ئەمەریكا داناوە؟

:: AM:11:27:08/06/2026 ‌

دوای تێپەڕینی 100 ڕۆژ بەسەر هەڵگیرسانی جەنگی ئەمەریكا و ئیسرائیل دژی ئێران، لێكەوتە ئابوورییەكانی ئەو جەنگە لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا فراوانتر بوون و ئەمەریكییەكان ڕووبەڕووی بەرزبوونەوەی خێرای تێچووی ژیان و گوزەرانكردن دەبنەوە، چونكە نرخی سووتەمەنی و كەلوپەلی خواردەمەنی و نیشتەجێبوون ڕۆژ دوای ڕۆژ لەو وڵاتە بەرزتر دەبێتەوە.

جەنگ بووەتە بەرگرانییەكی سیاسی و ئابووری بەسەر خەڵكی ئەمەریكا و بەگوێرەی ڕاپرسییەكانیش، زۆرینەی هاووڵاتییانی ئەمەریكا دژی حكوومەتی ترەمپ و كۆشكی سپین لە چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ململانێكان، لە بەرانبەردا زۆر لە ئەمەریكییەكان دژی دەستوەردانی سەربازی ئەمەریكان لە بەرانبەر ئێران و ئەمە بە هەڵەیەكی گەورە و كوشندە دەزانن.

كاریگەرییە نەرێتییە ئابوورییەكانی جەنگ بەشێوەیەكی ڕوون لەسەر ژیانی بەكاربەران دروست بووە، بە گوێرەی شیكارێكی دامەزراوەی مۆدیز ئەنالایتیكس، ناوەندی  تێچووی هەر خێزانێكی ئەمەریكی بەهۆی جەنگ نزیكەی 750 دۆلار لە مانگێك بەرز بووەتەوە، بەشی زۆری ئەو پارەیەش بۆ كڕینی وزە بە نرخێكی بەرز  دەگەڕێتەوە كە هەر خێزانێك لە ئەمەریكا 447 دۆلار مانگانە زیاتر بە وزە دەدات.

مارك زاندی گەورە ئابووریناسی ئەو دامەزراوە دەڵێ، ئەوەی روو دەدات گورزێكی ئابووری گەورەیە بەسەر ئەو خێزانانەی كە داهاتیان مامناوەنده و كەمە و زۆرینەی داهاتەكەیشیان لە كڕینی پێویستە بنەڕەتییەكان خەرج دەكەن، هاوكات مایكل كلاین پسپۆری ئابووری نێودەوڵەتی لە كۆلێژی فلیچەر لە زانكۆی تافتس دەڵێ، ئەو توێژانە زۆرینەی هەرە زۆری داهاتیان لە كڕینی خۆراك و كرێی خانوو خەرج دەكەن، ئەو دوو سێكتەرەیش زۆرترین بەرزبوونەوەی نرخیان لە مانگەكانی ڕابردوو لێ تۆمار كراوە.

نرخی بەنزین لە ڕیزی پێشەوە بوو كاتێك نرخەكان بەرز بوونەوە، بە گوێرەی داتاكانی كۆمەڵەی ئەمەریكییەكان بۆ ئۆتۆمبێل، نرخی گاڵۆنێك بەنزین لە ئەمەریكا پێش كۆتایی مانگی شوبات/فێبرایەر كەمتر لە سێ دۆلاری ئەمەریكی بوو، بەڵام لە ناوەڕاستی حوزەیران/یۆنیۆ بۆ چوار دۆلار و 20 سەنت بەرز بووەتەوە.

ئەو كورتهێنانە زۆرەی كە بازاڕی وزەی دنیای دوای هێرشەكانی ئەمەریكا و ئێران دژی یەكتر بەخۆوەی بینیوە، گرژییەكان و مانەوەی گەرووی هورمز بە داخراوی كە بەشێكی گەورەی هەناردەی نەوت و غازی سروشتی لەو ڕێگەیەوە دەگاتە بازارەكانی دنیا، بەشێوەی ڕاستەوخۆ كاریگەریی لەسەر نرخی بەرهەمە نەوتییەكان دروست كرد و ڕێژەی هەڵئاوسانی لە ئابووری وڵاتانی دنیا بەرز كردەوە، ئاماژەكانی تێچووی بەكاربردنی كەسی كە یەكێك لە گرنگترین ئاماژەكان بوو بانكی فیدراڵی ئەمەریكا پشتی پێ دەبەست، زیادبوونێكی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، دوای بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، ئەمەیش لە كاتێكدایە كە ڕێژەی هەڵئاوسان ئەمسال 3.8% بەرز بووەتەوە و ئەمەیش بەرزترین ڕێژەیە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا.

لە ژێر گوشاری زۆری تێچووی بەنزین، زۆر لە ئەمەریكییەكان خەریكن شێوازی ژیانی ڕۆژانەیان دەگۆڕن و ڕاپرسییەكان ئاماژە بەوە دەكەن، ژمارەی ئەو كارمەندانەی كە خواستی كاركردنیان لە ماڵەوە و بەشێوەی ئۆنلاین هەیە زۆر زیادی كردووە، ئەمە یارمەتیدەریان دەبێت تا كەمتر ئۆتۆمبێلەكانیان بەكار بهێنن و ئەو تێچووە زۆرەی بەنزین لە داهاتەكانیان خەرج نەكەن.

متمانەی بەكاربەر لە ئەمەریكا ڕوو لە پاشەكشەیە و لە لێكۆڵینەوەیەكی زانكۆی میشیگاندا دەركەوتووە، متمانەی بەكاربەر و كڕیار لە ئەمەریكا بەرانبەر بە بازاڕ بۆ نزمترین ئاست دابەزیوە، توێژینەوەی تر دووپات لەوە دەكەنەوە كە سێیەكی ئەمەریكییەكان داهاتی خۆیان بەهۆی بەرزی نرخی بەنزین و زۆری مەترسییەكانی لەسەر ئابووری، كەمتر خەرج دەكەن و دەستیان كردووە بە سیاسەتی دەستپێوەگرتن.

لێكەوتەكان گەیشتووەتە كەرتی فڕۆكەوانی كە بەشێوەیەكی سەرەكی پشت بە سووتەمەنی دەبەستێت، ڕاپۆرتەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە كۆمپانیای سبیریت ئێرلاینز دوای سێ دەیە لە فڕاندنی فڕۆكە و گەشتە ئاسمانییەكانی، بەهۆی بەرزی نرخی سووتەمەنی سەرجەم گەشتە ئاسمانییەكانی وەستاندووە و ڕووبەڕووی گرفتی گەورەی دارایی بووەتەوە، بەڵگەنامەكانی دادگە دووپات لەوە دەكەنەوە كە ئەو تەنگژەیەی تووشی ئەو كۆمپانیایە بووە، هۆكاری سەرەكی بۆ بەرزی نرخی سووتەمەنی دەگەڕێتەوە، لە بەرانبەردا كۆمپانیاكانی تری فڕۆكەوانی نرخی تكتی گەشتە ئاسمانییەكانیان زۆر زیاد كردووە تا قەرەبووی زیادبوونی نرخی سووتەمەنی فڕۆكە بكەن.

نرخی كەلوپەلی خواردەمەنی بەهەمانشێوە لە كۆتایی 2022ەوە تا ئێستە لە ئەمەریكا بەمشێوەیە بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە نەبینیوە، شارەزایانیش هۆشداریی لە زیادبوونی زۆر زیاتری نرخی خواردەمەنی دەدەن، بەهۆی كەمی گەیشتنی پەینی كشتوكاڵی بە وڵاتانی دنیا كە وڵاتانی كەنداو هەناردەكاری سەرەكی بوون.

جۆناسان ئێرنست پسپۆری ئابووری دەڵێ، جووتیارانی ئەمەریكا ڕووبەڕووی گورزی دووسەرە دەبنەوە، لەلایەكەوە نرخی بەنزین زیاتر بووە و لەلایەكی تریشەوە پەینی كشتوكاڵی بۆ پێگەیاندنی بەرهەمە كشتوكاڵییەكانیان دەست ناكەوێت، ئەمەیش وایكردووە نرخی كەلوپەلی خواردەمەنی لە چەند مانگی ڕابردوو زۆر زیاتر ببێت، لەو كاتەی كە بەروبوومی نوێی كشتوكاڵی پێگەیشتووە و دەخرێتە بازاڕەوە.

كەرتی نیشتەجێبوون بە هەمانشێوە سووی قەرزی خانووبەرە بەهۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵئاوسان زیادی كردووە و ئابووریناسان دەڵێن، وەبەرهێنەران دەیانەوەی قەرەبووی نەمانی هێزی كڕین لە داهاتوو ببنەوە، ئەمەیش وایكردووە نرخ و تێچووی قەرزكردن لە بانكەكان لەلایەن خێزانەكانی ئەمەریكا و كۆمپانیاكان زۆر زیاتر ببێت.

ئەمەیش لە كاتێكدایە بەردەوامی جەنگ و ململانێ داهات و پارەی حكوومەتی ئەمەریكا زیاتر خەرج دەكات، بە گوێرەی زانیارییەكان وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا لە ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانی دژ بە ئێران، ڕۆژانە ملیارێك دۆلاری خەرج كردووە، هاوكات داوای ڕەزامەندی كۆنگرێس لەسەر چەندان ملیار دۆلاری تریش بۆ پارەداركردنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكان دەكات.

بەو هۆیەوە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی داهاتوو زیادبوونی بەرچاوی لە تێچووەكانی بەرگریی تێدایە، كەمبوونەوەی زۆریشی لە ڕێژەی پرۆگرامە مەدەنی و ئابوورییەكان لێ دروست بووە.

دوای تێپەڕینی 100 ڕۆژ بەسەر جەنگ و ململانێ دژی ئێران، داتاكانی سەرەوە دەیسەلمێنن ئەمە تەنیا ڕووبەڕووبوونەوەیەكی سەربازی دەرەكی نییە كە ئەمەریكا تێوەی گلاوە، بەڵكو هۆكارێكی سەرەكی پاشەكشەی ئابووری ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكایە، چونكە نرخی گوزەران و ژیانكردنی بەرز كردووەتەوە و  پاشەكشە لە هێزی بەكاربەر و كڕیار دروست بووە و گوشارەكانی لەسەر سیاسەتی نەختینە و دارایی لە ئەمەریكا زۆر زیاتر بوون.


وشە - باز ئه‌حمه‌د