بەنزین و غاز هەرزان دەبن و كارەبایش ئاسایی دەبێتەوە

:: AM:09:12:15/06/2026 ‌
 بەهۆی كۆتاهاتنی شەڕی ئێران و ئەمەریكا و دەستبەكاركردنەوەی كۆمپانیاكانی وەبەرهێنـانی نەوت لە هەرێمی كوردستان، چاوەڕێ دەكرێت بەمزووانە نرخی بەنزین دابەزێت. قایمقامی هەولێریش دەڵێت، حكوومەتی فیدراڵ هیچ بڕە بەنزینێك بۆ هەرێمی كوردستان نانێرێت.

بەهۆی شەڕی ئێران و ئەمەریكا كە مەترسی رژد لەسەر كۆمپانیاكانی نەوت لە هەرێمی كوردستان دروست بوو، پەلاماری گرووپەكانی سەربە ئێران بۆ سەر باشووری كوردستان، وایكرد كارەكانیان رابگرن.

راگرتنی كاری كۆمپانیاكان زیانی گەورەی بەهەرێمی كوردستان گەیاند، كارەبای بەتەواوی كەم كردەوە و بەنزینی گران كرد و غازیشی  گەیاندە كەمتر لە نیوە.

ئێستە كە شەڕ تەواو بووە و حكوومەتی فیدراڵ بەڵێنی پاراستنی كۆمپانیاكانی داوە، دوێنێ شاندێكی باڵای سەربازی لە بەغداوە هاتبوونە كوردستان و لەسەر ئەو بابەتە قسەی رژد كراوە، بڕِیارە بابەتی تەناهی بەتەواوی جێگیر بكرێت و كۆمپانیاكانی نەوت لە كوردستان وەبەرهێنانیان ئاسایی بكەنەوە، ئەمە وا دەكات لە رۆژانی داهاتوودا كارەبا و غاز و بەنزین بەتەواوی ئاسایی بن و نرخیان وەك پێش شەڕی لێ بێتەوە.

لەمبارەیەوە قایمقامی ناوەندیی هەولێر ڕای گەیاند، سەرەڕای نەناردنی هیچ بڕە سووتەمەنییەك لەلایەن حكوومەتی فیدراڵەوە بۆ هەرێمی كوردستان، بەڵام دابەشكردنی بەنزینی پاڵپشتیكراو بە نرخی 750 دینار لە بەنزینخانەكانی هەولێر بەردەوامە، حكوومەتی هەرێم بە نرخێكی زۆر گرانتر لەوەی دەیفرۆشێتەوە بەنزینەكە بۆ هاووڵاتییان دابین دەكات.

نەبەز عەبدولحەمید قایمقامی ناوەندیی هەولێر گوتی:  ئەو بەنزینەی ئێستە دابەش دەكرێت، بەنزینی پاڵپشتیكراوی حكوومەتە بە نرخی 750 دینار بۆ هەر لیترێك، كە پرۆسەی دابینكردنی لەسەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان زۆر گرانتر دەكەوێت بەراورد بەو نرخەی بە هاووڵاتییانی دەدات.

دەشڵێت: بەكارهێنانی كارتی زیرەك یارمەتیدەرێكی باش بووە لە كۆنترۆڵكردنی پرۆسەی دابەشكردنی گاز بەسەر هاووڵاتییاندا.

روونی كردەوە، "ئەگەر حكوومەتی فیدراڵ هاوكار بێت و بەنزین بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت، نرخەكان زیاتر دادەبەزن و دەتوانرێت ژمارەی ئەو بەنزینخانانەی سووتەمەنی پاڵپشتیكراو دابەش دەكەن زیاد بكرێت." ئێستەش فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە پەرلەمانی عێراق، لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە هەوڵەكانیاندا بەردەوامن لەگەڵ بەغدا بە ئامانجی دابینكردنی پشكی بەنزینی هەرێم.

گوتیشی، ئێستە رۆژانە بەنزینی پاڵپشتیكراویان پێدەدرێت؛ بە جۆرێك ئەمڕۆ نزیكەی 26 بەنزینخانە لە سنووری پارێزگای هەولێر بەنزینیان پێ دراوە، ئەم ژمارەیەش رۆژانە گۆڕانكاریی تێدا دەكرێت.

هاوكات ئاماژەی بەوەش كرد، نرخی غازی ماڵان بەراورد بە چەند مانگی رابردوو كەم بووەتەوە و پێشبینی دەكرێت لە رۆژانی داهاتوودا نرخی بەنزین و غاز دابەزن.



وشە - سۆران عەزیز