زەیدی دەست بە گۆڕانكاریی گەورە لە پۆستە باڵاكانی سوپا و هێزەكانی عێراق دەكات

:: AM:10:40:15/06/2026 ‌
سەرچاوە سەربازی و پەرلەمانییەكانی عێراق لە بەغدا دووپات لەوە دەكەنەوە، حكوومەتی عێراق دەستی بە پرۆسەی پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندن بۆ فەرماندە باڵاكانی هێزەكانی تەناهی و سەربازی لە وڵات كردووە، وەك ئامادەكارییەك بۆ ئەنجامدانی گۆڕانكاریی گەورە و گواستنەوەی فراوان لە ناو پۆستە جیاجیاكان كە هەریەك لە وەزارەتەكانی بەرگری و ناوخۆ، دەزگەی هەواڵگری و دژە تیرۆر، ئاسایشی نیشتمانی و فەرماندەیی حەشدی شەعبی دەگرێتەوە.

ئەو سەرچاوانە بۆ ڕۆژنامەی "العربی الجدید" ئاماژەیان داوە، گۆڕانكارییە چاوەڕوانكراوەكان بە یەك پاكێج نابێت، بەڵكو زنجیرەیەك ڕێوشوێنی حكوومی بەدوا دێت كە سەرۆك وەزیران خۆی سەرپەرشتی دەكات و بەگوێرەی دەستووریش ئەو فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراقە، پرۆسەكەیش سەرەتا بە هەڵسەنگاندن و وردبینی تایبەت بە ئەدای فەرماندە باڵاكانی هێزەكان لە كەرتە جیاجیاكان و پێكهاتە تەناهییە جیاجیاكان دەست پێ دەكات.

بەگوێرەی سەرچاوەكان، لە ڕۆژانی داهاتوودا پرۆسەی هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوە و وردبینیكردن لە ناو دامەزراوەكانی تەناهی و فەرماندە سەربازییەكان دەست پێ دەكات، لە ئێستەیشەوە بە گۆڕانكاری سنووردار لە نووسینگەی سەربازی تایبەت بە سەرۆك وەزیران ئەو گۆڕانكارییە لە چەند پۆستێك دەستیان پێ كردووە.

گۆڕانكاریی فراوان چاوەڕوانی دیاریكردنی وەزیری ناوخۆ و بەرگری دەكات، بەڵام تا ئێستە ئەو دوو وەزارەتە بە وەكالەت بەڕێوە دەبرێن، دوای ئەوەی زەیدی كابینە وەزارییەكەی بە 13 وەزارەت پێشكەش كرد و تا ئێستە نۆ وەزارەت ماون پەرلەمان دەنگیان لەسەر بدات، ئەمەیش بۆ مەرجەكانی ئەمەریكا دەگەڕێتەوە كە ڕەتی دەكاتەوە باڵی سیاسی گرووپە چەكدارەكانی سەربە ئێران هیچ پێگەیەكیان لە ناو حكوومەت هەبێت.

بەگوێرەی زانیارییەكان، ئەو گۆڕانكارییە فەرماندەیی حەشدی شەعبیش دەگرێتەوە و ڕوانینی حكوومەت جێبەجێ دەكرێت، لە دوورخستنەوەی ئەو فەرماندە و بەرپرسانەی كە كەسایەتی سیاسین و تێوەگلاون لە هێرشكردنە سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە پۆستەكانیان دوور دەخرێنەوە، بەگوێرەی یاساكانی عێراقیش، فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان لایەنی بەرپرسە لە ڕێكخستنی جووڵەی گرووپە چەكدارەكان و بڵاوەپێكردنیان.

یاسر وەتوت بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق بۆ ڕۆژنامەكە گوتی، پێویستییەكی زۆر هەیە تا بەبەردەوامی پرۆسەی هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوە بە ئەدای دامەزراوەكانی تەناهی هەبێت، لە پەراوێزی ئاڵنگارییە تەناهییەكان و گۆڕانكارییە خێراكان، پێویستە فەرماندە باڵاكانی هێزەكانی تەناهی توانایەكی زۆرباشیان لە بەڕێوەبردنی دۆسیە مەیدانییەكانی بواری ئاسایش و تەناهی وڵات هەبێت، ئەو هەنگاوانەی دەبینرێن، دووپات لە ڕوانینێكی حكوومەت دەكەنەوە بۆ بە ئامانجگرتنی هێزەكان و پیشەییكردنیان و پشتبەستن بە پێوەرەكانی دەسكەوت و لێهاتوویی لە بەڕێوەبردنی پۆستە باڵاكانی هێزەكانی سەربازی و تەناهی لە وڵات.

هێمای بۆ ئەوەیش كرد، ئەو گۆڕانكارییانە دوای دیاریكردنی وەزیری ناوخۆ و بەرگری ئەنجام دەدرێن، ئەمەیش بەشداری لە بنیاتنانی تیمێكی تەناهیی یەكگرتوو و بە توانا بۆ جێبەجێكردنی پلانەكانی حكوومەت و بوونی بەرزترین ئاستی هاوئاهەنگی لە ناو دامەزراوە تەناهییە جیاجیاكانی عێراق دەكات، لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمان پشتیوانی ئەو ڕێوشوێنانە دەكات، ئەمە لە بەرژەوەندی و پەرەپێدانی دامەزراوەكانی تەناهی و سەربازی و فراوانكردنی بنەمای لێهاتووی و توانای پیشەییبوون بەهێز دەكات.

وەتوت ئەوەیشی خستەڕوو، بەڕێوەبردنی دۆسیەی تەناهی پێویستی بە دیاریكردنی كەسانی گونجاوە بۆ شوێنی گونجاو، لەگەڵ ملكەچبوونی تەواوی فەرماندە باڵاكان بۆ پێوەرەكانی هەڵسەنگاندن و لێپرسینەوە، بێ هیچ جیاوازیكردنێك، بەتایبەت لە قۆناغی داهاتوو كە پێویستی بە ئامادەباشی تەواوی هێزەكان و بەرزكردنەوەی ئاستی توانای كەرتە جیاوازەكانی ئۆپراسیۆنەكان هەیە. پرۆسەی گۆڕانكارییەكان كەسایەتییەكان ناگرێتەوە، بگرە ئامانج لێی پەرەپێدانی كاری دامەزراوەیی و بەدیهێنانی باشترین ئەنجام لەسەر زەوی كە ئەمەیش دواجار خزمەت بە بەرژەوەندی ئاسایشی عێراق و جێگیرییەكەی دەكات.

چاودێران پرۆسەی گۆڕانكاری لە پۆستەكانی تەناهی و سەربازی بە ڕێوشوێنێكی سروشتی و ئاسایی لە چوارچێوەی بەڕێوەبردنی دامەزراوەكانی دەوڵەت دەبینن، بەتایبەت ئەگەر پێوەست بێت بە پرۆگرامی چاكسازی و پەرەپێدانی دامەزراوەیی و بەرزكردنەوەی ئاستی لێهاتوویی و ئامادەیی، هاوكات هەڵسەنگاندنی فەرماندەكانی مەیدانی و كارگێڕی، یەكێكە لە ئامرازە گرنگەكان بۆ دیاریكردنی هێز و لاوازی و پێویستییە تەناهییەكان، بەتایبەت كە ئێستە عێراق پێویستی زۆری بە ئارامی و ئاسایشی ناوخۆ هەیە.

ڕاوێژكاری سەربازی لیوا سەفا ئەعسەم لەوبارەیەوە گوتی، گۆڕانكاری خولی لە پۆستی فەرماندەكانی تەناهی و سەربازی یەكێكە لە گرنگترین ئامرازەكانی چاكسازی و پەرەپێدانی سیستمی دامەزراوەیی و پشتبەستن بە بنەمای هەڵسەنگاندنی بەردەوامی ئەدا و ڕێوشوێنەكانی گۆڕانكاریكردن، بەگوێرەی پێوەرە پیشەییە ڕوونەكان، ئەمە یارمەتی بەهێزكردنی لێهاتوویی تەناهی و سەربازی هێزەكان دەدات و تواناكانیان بەرز دەكاتەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەكان و گۆڕانكارییە خێراكان لە ناوچەكە.

ئەعسەم ئەوەیشی گوت، دامەزراوەی تەناهی و سەربازی سەركەوتوو لە تەواوی وڵاتانی دنیا پشت بە بنەمای پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندنی بەردەوامی فەرماندەكان دەبەستێت، بەهۆی ئەوەی كاری تەناهی پێویستی بە نوێكردنەوەی بەردەوام و بوونی روانین و پلان و میكانیزی نوێی بەڕێوەبردن هەیە، جیا لەوەی سوودبینین لە ئەزموون و لێهاتوویی كەسانی ناو دامەزراوەكانی تەناهی و پێدانی دەرفەت بۆ وەرگرتنی بەرپرسیاریەتی زۆر گرنگ و پێویستە.

هێمای بۆ ئەوەیش كرد، مانەوەی زۆری بەشێك لە فەرماندەكان لە پۆستەكانیان بێ پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندن، جۆرێك لە بەستەڵەكی كارگێڕی و پیشەیی لە نێو دامەزراوەكان دروست دەكات و كاریگەری لەسەر ئاستی ئەداكردن و داهێنان دەبێت، بەڵام گۆڕانكاری لێكۆڵینەوە لەسەر كرا و لە ئەنجامی هەڵسەنگاندن پشتیوانی كێبەركێی پیشەیی و بەرزكردنەوەی ئاستی داهێنان و دەسكەوت دەكات و توانایەكی گەورە بۆ دامەزراوەكان بۆ پێشكەوتن دەدات.

ئەو ڕاوێژكارە سەربازییە بە پلەی لیوا ئەوەیشی خستە ڕوو، هەنگاونان بە ئاراستەی هەڵسەنگاندنی ورد و فراوان بۆ ئەدای فەرماندەكانی هێزەكانی تەناهی و سەربازی لە سەرجەم كەرتە جیاجیاكانەوە، كارێكی گرنگ و دروستە، دەرفەت دەڕەخسێنێت كە خاڵی بەهێز و لاواز دیاری بكرێ و ڕێوشوێن و بڕیاری گونجاو لەبارەی بەردەوامی و شوێنگۆڕكێی فەرماندەكان بە گوێرەی پێوەرەكانی لێهاتوویی و دەسكەوت و توانای بەدیهێنانی ئامانجە دیاریكراوەكان زیاد دەكات.


وشە - باز ئه‌حمه‌د