گەورە
ڕۆژنامەكانی ئەمەریكا سەرنج و هەواڵ و ڕاپۆرتی وردیان لەسەر ڕێككەوتنی ئەمەریكا و ئێران بڵاو كردووەتەوە و دووپات لەوە دەكەنەوە، ئەوە یەكلاكردنەوەیەكی كاتییە و كۆمەڵێك دۆسیەی هەڵپەسێردراو لە نێوان هەردوولا ماونەتەوە، لە داهاتوو گفتوگۆی چڕیان لەسەر دەكرێت.
هەریەك لە ڕۆژنامەكانی نیویۆرك تایمز و واشنتن پۆست و وۆل ستریت جۆرنال و پێگەی ئەكسیۆس، زانیاری و ڕاپۆرتیان لەسەر ڕێككەوتنی ئەمەریكا و ئێران بڵاو كردووەتەوە و دووپات لەوە دەكەنەوە، ئەو ڕێككەوتنەی سەرۆكی ئەمەریكا ڕای گەیاندووە، یەكلاكردنەوەی كۆتایی ململانێكە نییە، بگرە هێوربوونەوەیەكی كاتییە و دەرفەت بۆ چارەسەركردنی دۆسیە ئاڵۆزەكان دەڕەخسێنێت كە تا ئێستە چارەسەر نەكراون، لە پێش هەموویانیشەوە بەرنامەی ناوكی ئێران و سزاكانی ئەمەریكا و داهاتووی گرژییەكان لە ناوچەكە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێكی نیویۆرك تایمز، ترەمپ هەوڵ دەدات ڕێككەوتنەكە وەك دەسكەوتێكی ستراتیجی و مێژوویی وێنا بكات، بۆ دووبارە ڕێكخستنەوەی هاوسەنگی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ بەرژەوەندیی ئەمەریكا و بانگەشەی ئەوە دەكات كە هورمز دووبارە و بۆ هەمیشە بێ وەرگرتنی هیچ باج و رسووماتێك دەكرێتەوە، بەڵام بەگوێرەی لێكگەیشتنی ڕێككەوتن لەسەر كراوە، ئەمە تەنیا بۆ ماوەی 60 ڕۆژە و لەو ماوەیە گفتوگۆی چڕ بەردەوامیان دەبێت، داهاتووی گەرووی هورمز و دۆسیەكانی تر لەگەڵ ئێران یەكلا دەكرێنەوە، كردنەوەی هورمز بە بێ باج وەرگرتنیش دەستكەوتێك نییە، چونكە پێش هەڵگیرسانی جەنگیش گەرووەكە بەمشێوەیە بوو و بێ باج كەشتییەكان هاتوچۆیان دەكرد، بەو پێیەیش ڕێككەوتنەكە دۆخی پێش جەنگ دەهێنێتەوە دی و شتێكی نوێی نەهێناوەتە بوون.
یەكێك لە كۆسپە سەرەكییەكانی بەردەم ڕێككەوتن لە نێوان هەردوو وڵات بەرنامەی ناوكی ئێران بوو، لە لێكگەیشتنەكەیش تا ئێستە هەردوولا نەگەیشتوون بە یەكلاكردنەوەی ئەو دۆسیەیە بەشێوەیەكی كۆتایی، لەبارەی پیتاندنی یۆرانیۆم و میكانیزمی چاودێری درێژمەودا و داهاتووی یۆرانیۆمی كۆگەكراو بە ئاستی بەرز لە ئێران، تا ئێستە بڕیاری یەكلاكەرەوە نەدراوە، ئەمەیش لە كاتێكدایە كە ترەمپ دووپات لەوە دەكاتەوە كە دانیشتنی هونەری ڕۆژی هەینی لە سویسرا دەست پێ دەكات و دەڵێ، ئێران ڕەزامەندیی داوە كە بۆ ماوەی 20 ساڵ پیتاندنی یۆرانیۆم بوەستێنێت، بەڵام ئەوەیش دەخاتە ڕوو كە ئەگەری زۆرە بە ماوەی كەمتر و 15 ساڵیش ئەمەریكا ڕازی ببێت.
سەرۆكی ئەمەریكا ئەوەیشی خستووەتە ڕوو، ئێران بۆ هەمیشە كۆتوبەند دەكرێت، بەوەی یۆرانیۆم تا ئاستی بەرز نەپیتێنێت و بە هیچ شێوەیەك بەرنامەی ناوكی بۆ بواری سەربازی بەكار نەهێنێت. بەڵام ئەو مەرجانەی ئەمەریكا بەسەر ئێران نوێ نین، بگرە لە ڕێككەوتنی 2015ی ئەمەریكا و ئێران كە لە سەردەمی سەرۆكایەتی باراك ئۆباما واژوو كرا، كۆتوبەندی هاوشێوە بوونیان هەیە، بەر لەوەی ترەمپ لە 2018 لە ڕێككەوتنەكە بێتە دەرەوە.
هێنانەدەرەوەی مادە ئەتۆمییە هەستیارەكان لە ئێرانیش یەكلا نەكراوەتەوە، وۆل ستریت جۆرنال لە زاری ترەمپ گواستوویەتیەوە كە دەڵێ، ئەمەریكا پەلە لە هێنانەدەرەوەی مادە ئەتۆمییەكان لە ئێران ناكات، لەگەڵ تۆزی ئەتۆمی دواتر مامەڵە دەكەین، كاتێك بە تەواوی ئامادە بین، واتە لە ماوەی مانگێك یان دوو مانگی داهاتوو و هیچ پەلەیەكمان نییە، ئەو پێكهاتە ئەتۆمییانەیش بە زیانبەخش ناو نابات، ئەمەیش پرسیاری زۆری لەسەر سووربوونی ئەمەریكا بۆ چارەسەركردنی مەترسیدارترین لایەنی بەرنامەی ناوكی ئێران دروست كردووە.
لەلایەكی ترەوە دۆسیەی سزاكانی ئەمەریكا و پارە بلۆككراوەكانی ئێران كێشە و ناكۆكیان لەسەرە و واشنتن پۆست نووسیویەتی، تاران چاوەڕوانی ئەوەیە لە 60 ڕۆژی دانوستانی نێوان هەردوولا تەواوی سزاكانی ئەمەریكای لەسەر هەڵبگیرێت. هاوكات پێگەی ئەكسیۆس نووسیویەتی، سووككردنی سزاكان و ئازادكردنی پارە بلۆككراوەكانی ئێران مەرجدار دەبێت، پێوەستە بە پابەندبوونی ئێران بە خاڵەكانی رێككەوتن و پێشڤەچوون لە دانوستانەكاندا.
سەرەڕای ئەوەیش تا ئێستە باس لە میكانیزم و چۆنیەتیی پشكنینی بەرنامەی ناوكی ئێران بۆ هەمیشە و بە وردی نەكراوە، لە كاتێكدا ترەمپ دووپات لەوە دەكاتەوە كە چاودێری و پشكنینەكە زۆر توند دەبێت، بەڵام هیچ وردەكارییەكی لەبارەی ئەو لایەنەی بەرپرسی چاودێر و پشكنینەكە دەبێت نەخستووەتە ڕوو و ئەو ئامرازانەیشی بۆ ئەو مەبەستە بەكار دەهێنرێن، بڵاو نەكردووەتەوە.
ئاڵۆزی و پێكدادانەكان لە نێوان ئیسرائیل و حزبوڵا لە لبنان یەكێكی ترە لە بابەتە گرنگ و هەستیارەكان و جێی ناكۆكی و هەڕەشەیە لەسەر ڕێككەوتنەكە، واشنتن پۆست لەوبارەیەوە نووسیویەتی، یەكلاكردنەوەكە پێوەستە بە لبنان، ئەمەیش پێویستی بە توانای واشنتنە بۆ گوشار خستنە سەر ئیسرائیل بۆ سنوورداركردنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكان، بەرانبەر بە هاریكاریی ئێران لە مامەڵەكردن لەگەڵ حزبوڵای لبنانی.
ترەمپ بۆ وۆل ستریت جۆرنال ڕەتی كردەوە ئامانجی ئەمەریكا گۆڕینی ڕژێمی ئیسلامیی ئێران بێت، لەگەڵ ئەوەیشدا بەرهەڵستكارانی ڕێككەوتن لەگەڵ ئێران لە ناوخۆی ئەمەریكا و لە ئیسرائیل ترسی ئەوەیان هەیە ئەو ئارامییەی ئێستە بۆ كۆتایی جەنگ بگۆڕێت، بێ ئەوەی بە ڕێككەوتنی كۆتایی و چارەسەری ڕیشەیی بەرنامەی ناوكی ئێران بكرێت.
ئەو دامەزراوە میدیاییانەی ئەمەریكا 60 ڕۆژی داهاتوو بە تاقیكردنەوەیەكی قورسی هەردوولا دادەنێن، بۆ چارەسەركردنی گرنگترین دۆسیە ئاڵۆز و دواخراوەكان، ئەمەیش داهاتووی لێكگەیشتن پێوەست دەكات بە توانای واشنتن و تاران بۆ تێپەڕاندنی ناكۆكییەكان لەبارەی هەستارترین دۆسیەكان.