لە دوای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە دنیا، زۆر لە كۆمپانیاكان و حكوومەتەكانی دنیا پەنایان بردە بەر كاركردن لە ماڵەوە یان لە دوورەوە، بۆ بەردەوامیدان لە كارەكان و پابەندبوون بە ڕێنوێنییەكانی كۆنەبوونەوە و بڵاونەكردنەوەی زیاتری پەتاكە، بەتایبەت لەو بوارانەی كە دەتوانرێ لە دوورەوە كار بكرێن، ئێستە چەند ساڵێكە كۆرۆنا تەواو بووە، بەڵام توێژینەوەكان دەریانخستووە كاركردن لە دوورەوە بەرهەم و ئەدای كارمەندان باشتر دەكات، جیا لەوەی كاریگەری لەسەر كەمبوونەوەی پیسكردنی ژینگە و كەشوهەوا لە ڕێگەی هاتوچۆی زۆری كارمەندان و دروستكردنی جەنجاڵی لەسەر شەقامەكان هەیە.
زۆرینەی دامەزراوە و كۆمپانیاكان و حكوومەتەكانی دنیا، ئێستە بەشێوەی 100% یان 25% دەرفەتی
كاركردن لە ماڵەوە یان لە دوورەوە بە كارمەندانیان دەبەخشن، دوای ئەوەی توێژینەوە و بەدواداچوونەكان دووپاتیان لەسەر زیادبوونی ئەدا و بەرهەمی زیاتری دامەزراوە و كۆمپانیا و حكوومەتەكان هەبووە. بەوهۆیەوە ئێستە لە دنیا بیركردنەوە و باوەڕێك دروست بووە كە مەرج نییە كار لە شوێنێك بكەیت و هەموو ڕۆژ لە شوێنی كارەكە ئامادە بیت، بە پێچەوانەی كاركردن لە دوورەوە كاریگەریی زۆر باشتری لەسەر تێپەڕاندنی ئەرك و كارەكان هەیە، لەبری ئەوەی لە شوێنی كارەكە ئامادە بیت.
بۆ كۆمپانیا و دامەزراوەكان كاركردن لە دوورەوە، تێچووی ڕۆژانە كەم دەكاتەوە، هەروەها كەلوپەلی ئۆفیس و شوێن و قەبارەی كۆمپانیا دەبێ گەورەتر و زۆرتر بێت، ئەمەیش تێچوو زیاتر دەكات، هاوكات تێچووی ئاو و بەكارهێنانی كارەبا بەهەمانشێوە زۆر زیاتر دەبێت، ئەگەر سەرجەم كارمەندان ڕۆژانە بچنە شوێنی كارەكەوە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی توانای بەرهەمهێنان و تێپەڕاندنی ئەركەكانی زۆر باشتر دەكات و سەرەنجام ئەوانەیش سەرجەمی لە بەرژەوەندیی دامەزراوە و كۆمپانیاكان دەشكێنەوە.
بەهەمانشێوە كاركردن سوودی زۆری بۆ كارمەندان هەیە، لەوانە نەمانی ئەو كاتەی كە بۆ هاتن و چوونەوە پێویستیانە، خەرجی بەنزین و گواستنەوەی گشتییان بۆ دەگەڕێتەوە، لە گفتوگۆ و جەنجاڵی شوێنی كار دوور دەكەونەوە و لە ماڵەوە لە كەشێكی ئارام كار دەكەن، ئەمەیش سەرنج و بیركردنەوەیان باشتر دەكات، هاوكات ژیانی كۆمەڵایەتی كارمەندانیش بە مانەوەی زیاتر لە ماڵ و لە ناو كەسوكارەكەی باشتر دەكات، سەرەڕای ئەوەیش كاتی چوونە سەر شوێنی كار و گەڕانەوە بۆ ماڵەوە، دەبێتە كاتی پشووی زیاتر و بەسەربردنی كات لەگەڵ ماڵباتەكەی، ئەوانە كاریگەری ئەرێنی لەسەر دەروونی كارمەندەكان دروست دەكەن و داهێنەرانە دێنەوە مەیدانی كار.
بەگوێرەی بەدواداچوونەكان، سەرەكیترین كێشەكانی وازهێنانی كارمەند لە كارەكەی، نەبوونی كاتی پێویستە بۆ ماڵەوە و پشوودان، نائاسوودەیی لە شوێنی كار و دەنگە دەنگ و گفتوگۆی بەردەوامی كارمەندەكانی ترە كە زۆر بەم گفتوگۆیە بەردەوامانە بە تەواوی بێزار دەبن، هەروەها تێچووی زۆری هاتن و چوونە، بەتایبەت ئەگەر شوێنی كار لە شوێنی نیشتەجێبوونی دوور بێت، بەڵام لە ڕێگەی كاركردن لە دوورەوە یان لەماڵەوە، سەرجەم ئەو گرفتانە كۆتاییان دێت.
جیا لەوە ئێستە لە دنیا ڕەوتی ژینگەدۆست و ژینگەپارێزان بە تەواوی پشتیوانی هەڵمەتی كاركردن لە دوورەوە و لە ماڵەوە دەكەن، چونكە ئەمە كاریگەریی زۆری لەسەر كەشوهوا و ژینگە هەیە، چوون و هاتنەوەی هەر كارمەندێك بە ئۆتۆمبێل بۆ شوێنی كارەكەی وا دەكات ڕۆژانە ئۆتۆمبێلەكەی بڕێك بەنزین خەرج بكات، ئەمەیش بڕێكی زۆر گازی دوانەئۆكسیدی كاربۆن دەردەدات و دەیخاتە هەواوە، ئەمە زیانی گەورە بە كەشوهەوا دەگەیەنێت، سەرەڕای ئەوەی پاڵاوگەكانی بەرهەمهێنانی بەنزین و سووتەمەنی كە گازی ژەهراوی دەخەنە هەواوە، دەبێ زیاتر كار بكەن، تا پێویستی ڕۆژانەی شارەكان بۆ بەنزین دەستەبەر بكەن.
هەروەها بوونی ئۆتۆمبێلی ژمارەیەكی بێشوماری كارمەندان لەسەر شەقام جەنجاڵی زۆر دروست دەكات، ئەمەیش بەهەمانشێوە پێویستی بە وەبەرهێنان و پڕۆژەی زیاتری حكوومەت لە كەرتی ڕێگەوبان دێنێتە ئاراوە، دروستكردنی شەقامی زیاتر و فراوانتر واتەی لەناوبردنی زیاتری خاك و سەوزایی دەدرێت، كە زیان بە ژینگە و بەرزبوونەوەی زیاتری پلەی گەرما دەگەیەنێت.
ئێستە دنیا ڕووبەڕووی هەڕەشەیەكی گەورەی گۆڕانی كەشوهەوا و بەرزبوونەوەی زیاتری پلەی گەرمی گۆی زەوی دەبێتەوە، وڵاتانی دۆستی ژینگە و كەشوهەوا یەكێك لە هۆكارەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو گۆڕانە مەترسیدارانە بە كاركردن لە دوورەوە دەبەستنەوە، بەتایبەت بۆ ئەو جۆرە پیشە و كارانەی كە دەتوانرێ لە ماڵەوە ئەنجام بدرێن و هیچ پێویستییەكی بە ئامادەیی كارمەند لە شوێنی كارەكەی نابێت.
كۆمپانیا و دامەزراوەكان لە ئەوروپا و ئەمەریكا و وڵاتانی پێشكەوتوو، ئێستە زۆر بە چڕی پشت بەو دیاردە نوێیەی كاركردن لە دوورەوە دەبەستن و ئەمەیش بە هۆكارێكی تری سەركەوتنی كار و پڕۆژەكانیان دادەنێن، بەڵام سەرەڕای ئەوەی عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆرترین كاریگەریی گۆڕانی كەشوهەوای گۆی زەویان بەسەرەوەیە، تا ئێستە هەنگاوی لەم چەشنە زۆر بە كەمی دەبینرێت و بەدی دەكرێت.