گفتوگۆی زۆر لەسەر وادەی واژووكردنی ڕێككەوتنی ئێران و ئەمەریكا دروست بووە، لەو كاتەی پێشتر بە فەرمی ڕاگەیەنرا كە ڕۆژی هەینی لە سویسرا ڕێوڕەسمی بۆ ئەنجام دەدرێ، بەڵام پێنجشەم بەشێوەی ئەلیكترۆنی و لە دوورەوە، دۆناڵد ترەمپ و مەسعوود پزیشكیان واژوویان لەسەر ڕێككەوتنەكە كرد.
لەبارەی هۆی پێشخستنی ئەو ڕێوڕەسمی واژووكردنە، شارەزایان دووپات لەوە دەكەنەوە كە سەرۆك دۆناڵد ترەمپ ویستوویەتی لە كەشێكی ئاهەنگێڕان واژوو لەسەر ڕێككەوتنەكە بكات، وەك لە گرتە ڤیدیۆییەكە ترەمپ لە كۆشكی ڤێرسای لە پاریس لە ئێوارەخوانێك، ڕێككەوتنەكە واژوو دەكات و ماكرۆن و ئامادەبووان چەپڵەی بۆ لێ دەدەن و وشەی "براڤۆ" دەڵێنەوە.
لە بەرانبەردا لە ئێران، مەسعوود پزیشكیانی سەرۆك كۆماری ئێران بە تەنیا دەردەكەوێت، بێ هیچ كەشێكی ئاهەنگێڕان واژوو لەسەر ڕێككەوتنەكە دەكات.
وادەی
واژووكردنی ڕێككەوتنەكە تەنیا مانۆڕێكی پرۆتۆكۆلی و ئامادەكاری نەبوو، بەڵكو ویستی هاوبەشی هەردوولا بوو، بۆ یەكلاكردنەوە و كۆتاهێنان بە جەنگ و كردنەوەی شادەماری وزەی دنیا كە گەرووی هورمزە، بۆیە بەر لەوەی چاوەڕوانی ڕۆژێكی تر بكەن و لە جنێڤ واژوو لەسەر یاداشتەكە بكرێت، ئەمڕۆ پێنجشەم بڕیاری لێ درا و واژوو لەسەر رێككەوتنەكە كرا.
لەگەڵ ئەوەیشدا نهێنییەكانی پشت پەردەی دواساتەكان ململانێیەكی سووكی دەرخست، وەك پێگەی ئەكسیۆسی ئەمەریكی بڵاوی كردەوە، كۆشكی سپی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە ژێر گوشارێكی زۆری سیاسی بوو، بۆ بڵاوكردنەوەی ناوەڕۆكی یاداشتی لێكگەیشتنەكە، لە بەرانبەردا ئێران مەرجی دانابوو كە تا واژووكردنی ڕێككەوتنەكە ناكرێ هیچ خاڵ و بەندێكی ئاشكرا بكرێت، ئەمەیش وایكرد بە خێرایی واژوو لەسەر ڕێككەوتنەكە بكرێت و كۆتایی بە حاڵەتی شاراوەیی بهێنرێت و ناوەڕۆكەكەی لە میدیاكان بڵاو بكرێتەوە.
بەرپرسان لەوبارەیەوە دەیانەوێ كە كۆد و نهێنی پشت واژووكردنەكە دەخەنە ڕوو و پرسیاری ئەوە دەكەن، كە ئایا ڕێككەوتنەكە دوو جار واژوو دەكرێت، یەكێك لەوانە نهێنی نێوان ترەمپ و ڤانس و قالیبافە و یەكێكی تر پێوەستە بە كەشی ئاهەنگێڕان لە كۆشكی ڤێرسای، ئەمە پرسیاری لەبارەی ئەو پەیامانە دروست كرد، كە هەردوولا دەیانەوێ بۆ ناوەوە و دەرەوەی وڵاتەكانیان بیگەیەنن.
بەرپرسانی ئەمەریكا و سەرچاوەكان لە وڵاتانی ناوەندگێڕ دەڵێن، هۆكارێكی تر ئەوە بووە جێگری سەرۆكی ئەمەریكا جەی دی ڤانس كە سەركردایەتیی تیمی دانوستانی ئەمەریكا دەكات، نەیتوانیوە بۆ ئەمەریكا بگەڕێتەوە، بەر لەوەی ترەمپ بۆ فڕەنسا بفڕێ و بەشداری دانیشتنەكانی لووتكەی جی حەوت بكات.
سەرەڕای ئەوەی ڕێككەوتنەكە واژوو كرا، بەڵام هەڕەشەیشی كەوتە ناوەوە، ترەمپ بە زمانێكی توندەوە گوتی، بۆردمانی چڕی ئێران دەكەم و دووبارە بۆمبەكان لەسەر سەریان بەردەدەینەوە و بەرپرسانی ئێران لەناو دەبەین، ئەگەر ڕژێم ڕێز لە ڕێككەوتنەكە نەگرێ و پێوەی پابەند نەبێت، بەمشێوەیە ترەمپ لە بەڵێنەكانی پێشوویشی پاشگەز بووەوە، كە دووپاتی لە وێرانكردنی تەواوەتی بەرنامەی مووشەكی بالیستیكی ئێران و پیشەسازی چەكسازی دەكرد و گوتی، نادادپەروەرییە كە تاران بەشێك لەو مووشەكانەی نەبێ و ئەوانەی تر هەیانبێت.
لە بەرانبەردا محەمەد باقر قالیباف سەرۆكی پەرلەمانی ئێران و سەرۆكی شاندی دانوستانكاری ئێران گوتی، وڵاتەكەی ئەوەی لە ڕێی دانوستان بەدەستی هێنا، چەندان جار زیاتر لەوەی بە ڕێی سەربازی هەوڵی بەدەستهێنانی دەدا، هەڵگرتنی گەمارۆكان و ئازادكردنی پارە بلۆككراوەكان زۆر بە سوودن بۆ ئێران.
سەرەڕای ئەوانەیش تا ئێستە ناڕوونی و ئاڵۆزی لە وردەكاری ڕێوڕەسمی سبەی ئێران و ئەمەریكا لە سویسرا هەیە، سەرچاوەكان دەڵێن، تا ئێستەیش زانیارییەكان بەمشێوەیەن كە ڤانس و قالیباف یەكتر دەبینن و دەست بە گفتوگۆكردن لەسەر بەرنامەی ناوكی ئێران دەكرێت، حكوومەتی سویسرایش پلانی وردی بڵاو كردەوە، كە لە كۆبوونەوەكە ئەمەریكا و ئێران و پاكستان و قەتەر و وڵاتی تریش بەشداری دانوستانەكان دەكەن.