دۆلار چی بەسەر دێت؟

:: PM:09:46:22/06/2026 ‌

نرخی دۆلار لە هەڵكشانە و چیتر رەتكردنەوەی بەرپرسانی حكوومەتی عێراق بۆ بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار بەرانبەر بە دینار ناتوانێت قەناعەت بە خەڵك بكات، دۆخەكە لە بەر لە راگەیاندنی فەرمیی كەمكردنەوەی نرخی دینار بەرانبەر بە دۆلار دەچێت، بەپێی ئاماژەكان بەهۆی ئەو گوشارە گەورە داراییەی رووبەڕووی حكوومەتی عێراق بووەتەوە و بۆ دابینكردنی سیولە بۆ دابینكردنی مووچە، حكوومەتی عێراق بە نیازە لە ماوەیەكی كەمی داهاتوو ئەو هەنگاوە بە فەرمی رابگەیەنێت. 

لەوكاتەی ئێستە نرخی دۆلار بە فەرمی 1320 دینارە بۆ دۆلارێك، ئەمڕۆ لە بازاڕەكان سنووری 1600 دیناری شكاند، بەپێی پێشبینییەكان ئەگەر حكوومەت نرخی فەرمی بگۆڕێت، نرخەكەی بۆ 1650 دینار و زیاتریش بەرز دەبێتەوە، رەنگە لە بازاڕەكان بگاتە ئاستی 1800 دینار بۆ دۆلارێك، ئەوەش دەبێتە هۆی پاشەكشەی بەهای دینار و داهاتی مانگانە و مووچەی فەرمانبەران بە رێژەی 30% و كەمبوونەوەی توانای كڕینیان.

ئەحمەد كنانی پەرلەمانتاری عێراق ئاماژە بۆ نیازی حكوومەت بۆ كەمكردنەوەی نرخی دینار بەرانبەر بە دۆلار دەكات لە 1320 دینارەوە بۆ 1600 و 1650 دینار و دەڵێت، پێشبینی دەكرێت ئەو هەنگاوە لە مانگی ئەیلوولی داهاتوو بێتە جێبەجێكردن، وەك هەنگاوێكی ناچاری بۆ دابینكردنی خەرجییەكانی بەكارخستن و لەپێشەوەیان مووچەی فەرمانبەران و تۆڕی چاودێریی كۆمەڵایەتی.

ئەو پەرلەمانتارە وریایی لە كاریگەری نەرێنی و راستەوخۆی هەنگاوەكەی لەسەر ژیان و بژێوی هاووڵاتییان دا، بەتایبەتی ئەوانەی داهاتیان كەم و سنووردارە، ئەو هەنگاوەش هاوكات دەبێت لەگەڵ سەپاندنی رسووماتی زیاتری گومرگی بە رێژەی 15% و باجی فرۆشتن بە رێژەی 3%، كە هەموو ئەوانەش بە نەرێنی كار لە توانای كڕینی هاووڵاتییان دەكەن، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخ لە بازاڕەكان.    

ئێستە لەبەر چەند هۆكارێك عێراق لە دۆخێكی خراپی ئابووری و داراییدایە، ئەوەش وای كردووە بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو تەنگژە و ئاڵنگارییانەی هەیە حكوومەت بیر لە چەند رێگەیەك بكاتەوە، بەلایەنی كەم پاراستنی ئابووریی وڵات لە داتەپین، سەرچاوەیەك باسی هەوڵەكانی حكوومەت بۆ زیادكردنی نرخی دۆلار بەرانبەر بە دینار دەكات بۆ رزگاركردنی ئابووریی وڵات لەو دۆخە سەختەی تێی كەوتووە.

سەرچاوەیەك لە حكوومەتی عێراق ئاشكرای دەكات كە گفتوگۆیەكی توند لەناو كایەكانی حكوومەتی عێراق هەیە بۆ چاوخشاندنەوە بە نرخی دۆلار بەرانبەر بە دینار، بۆ رووبەڕووبوونەوەی تەنگژەی كەمیی سیولە و دابینكردنی مووچەی مووچەخۆران، پێشنیاز كراوە بەهای دۆلارێك بۆ 1600 یان 1700 تا 2000 دینار بەرز بكرێتەوە، بەڵام عەلی عەلاق پارێزگاری پێشووی بانكی ناوەندی بە توندی پێشنیازەكەی رەت كردووەتەوە، كە هەفتەی رابردوو هاتە گۆڕان، لای خۆیانەوە شارەزایان وریایی لەوە دەدەن كە ئەو رێوشوێنە شەپۆلێكی گرانیی نرخ دروست دەكات و توانای كڕینی هاووڵاتی لەناو دەبات و ئاستەكانی بێكاری و هەژاری زیاد دەكات و رەگوڕیشەی راستەقینەی تەنگژەكەش چارەسەر ناكات.

بەپێی سەرچاوەكە، لەناو حكوومەتی عێراق گفتوگۆیەكی توند زیاتر لەبارەی چاپكردنی پارە هەیە، هاوكات بەم دواییە دۆخەكە گەیشتووەتە ئاستی پێشنیازی رژد پێوەست بە چاوخشاندنەوەی بە نرخی دۆلار بەرانبەر بە دینار بۆ چارەسەركردنی تەنگژەی دارایی و دابینكردنی داهاتی زیاتر بە دینار بۆ گەنجینەی دەوڵەت، یەكێك لە پێشنیازەكان باسی بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار بۆ 1600 دینار دەكات، یەكێكی تر بۆ 1700 دینار و هەیشە بۆ 2000 دینار، بەڵام تا ئێستە هیچ لەو پێشنیازانە وەرنەگیراون و مشتومڕیان لەسەرە، بەتایبەتی كە دەسەڵاتی دیاریكردنی نرخی دۆلار بۆ بانكی ناوەندی دەگەڕێتەوە، واتە پێویستی بە رێوشوێنی دارایی و نەختێنەیی ئاڵۆز هەیە.

ئەمڕۆ حەیدەر عەبوودی گوتەبێژی حكوومەتی عێراق لەوبارەوە لێدوانێكی نادیار و ناڕوونی دا، كە حكوومەت و بانكی ناوەندی خەریكی تاوتوێكردنی دۆخەكەن و بەپێی بەرژوەندیی نیشتمانی سەیری بابەتەكە دەكەن كە بەو شێوەیە بێت لەگەڵ پێویستییەكانی گەشەسەندنی ئابووریدا بگونجێت، ئەحمەد عید شارەزای ئابووری ئاماژە دەكات كە قسەكانی عەبوودی ئاماژە بۆ ئەگەری گۆڕینی نرخی دینار بەپێی گۆڕانكارییە ئابووری و داراییەكان دەكات، ئەو راشكاوانە باسی بابەتەكە ناكات، بەڵام دەرگەشی لەسەر دانەخست و گوتی مایەی پێداچوونەوەیە لە داهاتوودا، ئەوەش واتە حكوومەت و بانكی ناوەندی چاودێریی گۆڕانكاریی ئابووری و داراییەكان دەكەن و رەنگە دۆخەكە وا بخوازێت پەنا بۆ چەند هەنگاوێك ببەن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل