سبەی شاسوار عەبدولواحید مەرگی خۆی و نەوەی نوێ رادەگەیەنێت

:: AM:09:23:23/06/2026 ‌
چاوەڕێ دەكرێت سبەی یەكێتی و نەوەی نوێ هاوپەیمانییەكەیان رابگەیەنن و بەمەش دۆخی سیاسیی هەرێمی كوردستان بەتەواوی بگەیەننە بنبەست، شارەزایەك لە مێژووی پارتە سیاسییەكان رای دەگەیەنێت، ئەو دوو حزبە كارەكەیان لە شوێنی ترەوە پێدەكرێت.

دوای تێپەڕبوونی 20 مانگ بەسەر هەڵبژاردنەكاندا، پارتی هەوڵی داوە حكوومەتێكی یەكڕیزیی نیشتمانی پێكبهێنرێت، وەك هێمن هەورامی رای گەیاندووە، رێزیان لە هەڵوێستی ئۆپۆزسیۆنی هەندێك لایەن گرتووە و لەگەڵ یەكێتیشدا بە پشوودرێژییەوە رێككەوتنی سیاسییان واژوو  كردووە.

بەبڕوای هەورامی لەم قۆناغەدا دەبێت پەرلەمانی كوردستان بەزووترین كات كارا بكرێتەوە، ئەمەش بۆ رزگاركردنی پرۆسەی سیاسی لە چەقبەستوویی پێویستە ئەو كارە وەك هەنگاوی یەكەم بكرێت.

یەكێتی هەر لە سەرەتاوە گوتارێكی روونی هەبوو كە پرۆسەی سیاسی لە كوردستان دەشێوێنێت و ئەمەشی ناو نابوو گەڕانەوەی پارسەنگی هێز، بەڵام هەڵبژاردنەكان دەریخست پارسەنگی هێز ناگەڕێتەوە و پارتی هێزی یەكەمە.

لەمبارەیەوە زمناكۆ جەمال كە ماستەری لە مێژووی حزبە كوردییەكان هەیە، بۆ"وشە" گوتی، هێزە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بەتایبەت ئەوانەی ئەم 15 ساڵە بەناوی ئۆپۆزسیۆن دروست بوون، بەشی زۆریان لە بەغداوە ئاراستە كراون، بۆیە هەمیشە گوتاریان دژی ناوخۆ بووە و لە بەغداش لەگەڵ دەسەڵات بوون.

زمناكۆ باسی لەوە كرد كە پرۆسەی سیاسی كوردستان بەتەواوی گەشتووەتە بنبەست، ئەمەش ئەو شتەیە كە وڵاتانی دەوروبەر بەبەغداشەوە كاریان بۆ دەكرد و خەونیان پێوە دەبینی، ئێستە ئەوان بۆ ئەمە ئامادەی هەموو یارمەتییەكن.

ئەو شارەزایە زیاتر لەبارەی ململانێ ناوخۆییەكانی هەرێمی كوردستان گوتی، یەكێتی بەهۆی نزیكی لە گرووپە شیعییەكان و ئێرانەوە زۆر دەوری خراپ لە تێكدان و نەمانی هەرێمی كوردستان دەبینێت، یەكێتی بووە بەحزبێكی عێراقی و كەمتر باسی كوردستان دەكات، ئەمەش وای لێ كردووە و هەموو جووڵەكانی دژی دەسكەوتەكانی هەرێم بێت.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" هاوپەیمانی گرتووخانە كە لەگەڵ نەوەی نوێ كراوە، سبەی رادەگەیەنرێت و شاسوار و نەوەی نوێ چیتر وەك ئۆپۆزسیۆن نامێنن، دەبنە بەشێك لە یەكێتی و زیاتریش ئەم كارەیان مەبەست لێدانە لە پارتی.

رێككەوتنەكەی ئەو دوو حزبە كە زیاتر ئامانجیان لێدانە لە پارتی و بۆ شاسوار دەسكەوتی مادیی زۆری تێدایە، چونكە ئەو لە كاتی گرتنیدا هەموو سامانەكەی لە دەست دا، بەڵام بۆیە دەگەڕێتەوە، ئەوەش ئامانجی شاسوارە لە رێككەوتنەكە كە وەك بازرگان و سەرمایەدارێكی گەورە لە گۆڕەپانەكە بمێنێتەوە، چونكە دەزانێت كۆتایی بە سەردەمی نەوەی نوێ وەك ئۆپۆزسیۆن و وەك هێزێكی سیاسی  هاتووە، بڕیارە سبەی چوارشەم مەرگی نەوەی نوێ و خۆیشی وەك سیاسییەك رابگەیەنێت.





وشە - سۆران عەزیز