دوای نەمانی ستارمەر.. دیارترین كاندیدەكانی سەرۆك وەزیرانی نوێی بەریتانیا

:: AM:11:42:23/06/2026 ‌
كەمتر لە دوو ساڵ كیەر ستارمەر سەرۆكایەتیی حكوومەتی بەریتانیای كرد و دوێنێ دووشەم دەست لەكاركێشانەوەی بە فەرمی ڕاگەیاند، ئەمەیش سەرنجی میدیاكانی خستە سەر ئەو وڵاتە و میدیاكانی بەریتانیا و ئەمەریكا، باس لە دەست لەكاركێشانەوەی و پێشبینییەكان بۆ شوێنگەرەوەی ستارمەر و دەرفەتی سەركەوتن و ئاڵنگارییەكان كە ڕووبەڕووی سەرۆكی حكوومەتی داهاتووی ئەو وڵاتە دەبنەوه، بە وردی بڵاو دەكەنەوە.

رۆبەرت شرمسلی لە وتارێكی لە ڕۆژنامەی فاینەنشاڵ تایمزدا نووسیویەتی، دەست لەكاركێشانەوەی ستارمەر چەند مانگێكە یەكلایی بووەتەوە، كاتی دەرچوونی پێشوەختە كاردانەوەی تەنگژەی قووڵی ناو پارتی كرێكارانی بەریتانیا، بەهۆی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكانی ناوخۆی ئەو حزبە، جیا لەوەیش بەرزبوونەوەی ئاستی جەماوەری زۆری پارتی چاكسازی بە سەركردایەتیی نەیجل فاراج، حاڵەتێكی پەشۆكاوی لە ناو پەرلەمانتارانی پارتی كرێكاران دروست كردووە، ئەوان پارتی چاكسازی وەك هەڕەشەیەكی تایبەت دەبینن كە ناتوانرێ پەراوێز بخرێت.

ستارمەر زۆر پشتی بە ڕێكخستنی حزبی بەست، بەڵام شكۆمەندی خۆی لە دەست دا كاتێك دەركەوت ئامادەیە لە ژێر گوشار پاشەكشە بكات، جیا لەوەیش ئەو سەركەوتوو نەبوو لەوەی ئیلهام بە دەنگدەران بدات، كە روانینی سیاسی سەرنجڕاكێشی هەیە و دەیەوێ خزمەتی وڵاتەكەی بكات، لەبەرئەوە متمانەی حزبەكەی لە دەست دا.

دیارترین كاندید بۆ شوێنگرتنەوەی ستارمەر و پێكهێنانی حكوومەتی نوێی بەریتانیا كە زۆرترین چانسی هەیە، ئاندی بێرنهامە، لە پەراوێزی پاشەكشەی دەرفەتی كێبەركێی ناوخۆی لە ناو پارتی كرێكاران، پێشبینی دەكرێ بێرنهام سەركردایەتیی حزبەكە بكات و زیاتر بەرەو ڕەوتی چەپەكان ئاراستەی بكات، لە رێگەی زیادكردنی ڕۆڵی دەوڵەت و سەپاندنی باجی زیاتر و فراوانكردنی و توندكردنی ڕێككارەكان. ئەو گۆڕانكارییانەیش وا دەكات كە دەنگدەری پارتی چەپەكان بەلای خۆیەوە ڕابكێشێت، بەڵام حكوومەت دەخاتە بەردەم ئاڵنگاریی ئابووری قورس. بەتایبەت بەهۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی قەرزەكان و نەبوونی كاڵای پێویست.

گۆڕینی سەركردەكان واتەی چارەسەری كێشە ڕیشەییەكان نییە، بۆیە سەركەوتنی بێرنهام لە وەرگرتنی پۆستەكە توانای ئەو لە سەركەوتنی لە نێوان خواستە سیاسییەكان و واقیعی ئابووری ئەو وڵاتە تاقی دەكاتەوە.

جیا لە ئاندی بێرنهام، هەریەك لە ویسلی ستریتینگ وەزیری تەندروستی لە حكوومەتی ستارمەر و یەكێك لە دیارترین سەركردەكانی پارتی كرێكاران، كە بەر لە مانگێك دەستی لە پۆستەكەی كێشایەوە و پشتیوانی پەرلەمانتارانی پارتەكەی هەیە، دەیانەوێ سەركردایەتییەكی كەمتر چەپڕ لە بێرنهام حكوومەت بەڕێوە ببات.

هەروەها راشیل ریڤز وەزیری دارایی لە حكوومەتی ستارمەر و باڵی ئابووری پارێزخوازانی ناو پارتی كرێكاران كە متمانەی بازاڕ و دامەزراوە داراییەكانی لە پشتە، بەڵام كاندیدێكی خاوەن پێگەی جەماوەری بەهێز نییە، بە بەراورد لەگەڵ بێرنهام. جیا لەو ئەنگێلا راینەر جێگری سەرۆكی حزب كە نوێنەرایەتی باڵی كرێكارانی كۆنەخواز دەكات، زۆرترین پێوەندی بە سەندیكاكان و بنكەی جەماوەرییەوە هەیە، جەماوەرێكی زۆری لە ناو حزب هەیە، بەڵام هاتنە پێشەوەی ئەگەری دابەشبوون لە ناو پارتی كرێكاران بەهێز دەكات.

یەكێكی تر لە كاندیدەكان شبانە مەحموودە كە خاوەنی كەسایەتییەكی میانڕۆ و ئارامە، هەندێك جار وەك كاندیدی یەكلاكەرەوە لە ناو باڵ و ڕەوتەكانی پارتی كرێكاران ناوی دەهێنرێت، چونكە لەسەر هیچ لایەك خۆی یەكلا نەكردووەتەوە و میانڕۆیانە هەنگاو لە ژیانی سیاسیی خۆی دەنێت.

سەرەڕای بوونی ئەو ناوانە وەك كاندیدی پێكهێنانی حكوومەت، بەڵام دواجار بێرنهام لە ڕیزبەندی هەرە پێشەوە دێت، چونكە جەماوەرێكی زۆری هەیە و پێشتر وەك پارێزگاری شاری مانچستەر كاری كردووە، توانای پێوەندیكردنی بە دەنگدەران لە باكوری ئینگلتەرا هەیە كە ئەو ناوچەیەیش یەكلاكەرەوەیە بۆ هەڵبژاردنی وەك سەرۆك وەزیرانی نوێی بەریتانیا.

ستیڤن كاسلی نووسەر لە وتارێكدا كە لە ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمەریكی بڵاوی كردووەتەوە، ئاماژەی داوە دوای بردنەوە یەكلاكەرەوەكەی لە هەڵبژاردنی لاوەكی پەرلەمان لە بازنەی میكەرفێلد، چانسی بوونی بە سەرۆكی حكوومەت لە هەموو كات نزیكترە، دوای ئەوەی پێشتر دووجار هەوڵی دا و بەشكستخواردوویی لێی هاتە دەرەوە، بەڵام ئێستە یەكێك لەو هەوڵەكانی سەركەوتوو بووە، گرتنە دەستی سەركردایەتیی پارتی كرێكارانە و ماوەتەوە بچێتە داونینگ ستریت و سەرۆكایەتیی حكوومەتی وڵاتەكەی وەربگرێت.

بێرنهام كەسایەتیی جیاواز لە ستارمەری هەیە و سیاسەتییەكی خاوەن كاریزمایە، توانای پێوەندیكردنی بە جەماوەر هەیە و زۆر گەرموگوڕ و گەشبینە، ئەو سیفەتانەیش وایكردووە كە ڕێژەی جەماوەری لە ماوەی چەند ساڵێك زۆر بەرز ببێتەوە. وێنەیەكی سیاسیی خۆی بە نزیك لە خەڵك و بەرگریكار لە مافەكانیان لە ناوچەكانی باكوری ئینگلتەرا دروست كردووە، كە ماوەیەكی زۆر خەڵكی ئەو ناوچەیە بە دەست پەراوێزخستنیان لەلایەن لەندەنەوە دەناڵێنن.

ئاندی بێرنهام لە دایكبووی 1970ی شاری لیڤەرپوولە و لە باكوری ڕۆژئاوای ئینگلتەرا لە ماڵباتێكی چینی ناوەڕاست گەورە بووە، لە زانكۆی كامبریدج ئەدەبی ئینگلیزی خوێندووە و ژیانی سیاسی بە یاریدەدەری ژمارەیەك پەرلەمانتار و وەزیری پارتی كرێكاران دەستی پێ كردووە، لە 2001دا وەك پەرلەمانتار هەڵبژێردراوە و چەندان پۆستی حكوومی لە حكوومەتەكانی تۆنی بلێر و گۆردۆن بڕاون لە بوارەكانی ئابووری و كولتووری و تەندروستی هەبووە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د