مێژووی سیاسیی جیهان پڕیەتی لە نموونەی ئەو سەرکردە ساختانەی کە بە دروشمی بریقەدار و پۆپۆلیستی خۆیان دەکردە پاڵەوانی خەڵک، بەڵام هەرکە ڕووبەڕووی زیندان یان سزای یاسایی دەبوونەوە، دەستبەجێ ئۆپۆزسیۆنبوون و دەنگی خەڵکیان بە ئازادی و بەرژەوەندیی کەسیی خۆیان دەگۆڕییەوە. ڕایلە ئۆدینگا لە کینیا، یەکێکە لەو نموونە ئابڕووبەرانەی کە سەلماندی ڕێککەوتنی ژێربەژێر لەژێر سێبەری زینداندا، تەنیا خیانەتکردنە لە متمانەی خەڵک.
١. دروستکردنی وەهمی پاڵەوانایەتی:
ڕایلە ئۆدینگا بازرگانێکی سیاسی بوو کە زۆر بەباشی دەیزانی چۆن یاری بە هەستی خەڵکی هەژار و تووڕە بکات. بۆ چەندان ساڵ بە دروشمی دژایەتیکردنی دەسەڵات و بنبڕکردنی گەندەڵی، ملیۆنان کەسی لە دەوری خۆی کۆ کردەوە. لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٧دا، کاتێک ئەنجامەکانی دۆڕاند، خەڵکی هان دا بڕژێنە سەر شەقامەکان، بەهۆیەوە دەیان گەنج کوژران و سەدان کەسیش گیران، بەڵام ئەو باکی نەبوو، چونکە ئامانجی تەنیا گەیشتن بوو بە دەسەڵات.
٢. کاتێک مەترسیی زیندان یەخەی پێ گرت:
بۆ زیاتر ورووژاندنی سۆزی خەڵک، لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٨دا ئۆدینگا شانۆگەرییەکی ڕێک خست و لەبەردەم جەماوەردا خۆی وەک "سەرۆکی گەل" ناساند. لێرەدا دەسەڵات بڕیاری دا کۆتایی بە یارییەکە بهێنێت؛ ڕاستەوخۆ دەستیان بە گرتنی سەرکردەکانی پارتەکەی کرد و فەرمانی گرتنیان بۆ خودی ئۆدینگا دەرکرد بە تۆمەتی "خیانەتی گەورە"، کە سزاکەی زیندانی هەتاهەتایی یان لەسێدارەدان بوو. کاتێک ئۆدینگا بینی ئیتر کاتی قسەی شاشەکان نەماوە و دەرگەی زیندان چاوەڕێیەتی، "ئازایەتییەکەی" لەپڕ بوو بە بڵقی سەر ئاو.
٣. سەودای ناو ژوورە تاریکەکان لەبری زیندان:
لە کاتێکدا لایەنگرەکانی لەسەر شەقامەکان قوربانییان دەدا و بەشێکیان لە زیندانەکاندا بوون، ئۆدینگا بەبێ ئاگاداریی خەڵک و تەنانەت هاوڕێکانیشی، بە نهێنی چووە کۆشکی سەرۆکایەتی و ڕێککەوتنی ژێربەژێری لەگەڵ (ئۆهۆرۆ کێنیاتا)ی سەرۆکی وڵات و دوژمنە سەرسەختەکەی کرد. لە ٩ی ئاداری ٢٠١٨، لەبەردەم کامێراکاندا تەوقەیان کرد و ئۆدینگا ڕای گەیاند کە ئیتر خەباتی ئۆپۆزسیۆن کۆتایی هاتووە.
٤. فرۆشتنی دەنگدەران بەرانبەر بە چی؟
ئۆدینگا لەپێناو ئەوەی نەچێتە زیندان و سامانەکەی لێ نەستێنرێتەوە، هەموو ئۆپۆزسیۆنی فرۆشت بەم مەرجانە:
دادخستنی تەواوی کەیسە یاساییەکانی خۆی و ڕزگاربوون لە مەترسیی زیندانیکردن.
وەرگرتنی پۆستێکی باڵای نێودەوڵەتی بە مووچە و بودجەیەکی خەیاڵییەوە.
دابینکردنی ژیانێکی شاهانە، پاسەوانی تایبەت و ئیمتیازاتی وەک سەرۆکێک بۆ خۆی و خێزانەکەی.
پەیامی پشت ئەم ڕووداوە:
ئەم ڕووداوە مێژووییە ئەوە دەسەلمێنێت، هەرکاتێک سەرکردەیەکی ئۆپۆزسیۆن لە ترسی دادگا، یان لە ناو زیندانەوە ڕێککەوتن لەگەڵ دەسەڵات دەکات، ئەوە "سازشی نیشتمانی" نییە، بەڵکوو بازرگانیکردنە بەو دەنگانەی کە خەڵک پێی داوە. ئەو جۆرە سەرکردانە ئامادەن لە چرکەساتێکدا خەڵک، قوربانییەکان و مافی خوراوی هاووڵاتییان بکەنە قوربانی، تەنیا بۆ ئەوەی خۆیان لە سزا بپارێزن و بەرژەوەندییە دارایی و کەسییەکانیان لەدەست نەدەن.